محەممەد سەلیم چوروککایا لەبەرچی و چۆناوچۆن لە پەکەکە جودا بوویەوە؟ ـ 10

محەممەد سەلیم چوروککایا لەبەرچی و چۆناوچۆن لە پەکەکە جودا بوویەوە؟ ـ

ئۆجەلان: بیرۆکەکانی پەکەکە، بیرۆکەی منن، کۆیلەکان ناتوانن بیرۆکەی حیزبەکە فڕێ بدەنە لایەک و ڕای خۆیان دەرببڕن. هەموویان وازیان لە بیرکردنەوە هێناوە و دوای بێ فکری، دەستیان کردووە بە دووبارەکردنەوەی بیرۆکەکانی من، واتا؛ من بیر دەکەمەوە و دەریدەبڕم، بەندەکانم بە بێ هیچ بیرکردنەوەیەک تەنها ئەوەی من دەیڵێم جێبەجێی دەکەن.

محەممەد سەلیم چوروککایا، یەکێک لە دامەزرێنەرانی پەکەکەیە. چوروککایا رۆژنامەنووس، سیاسەتوان و نووسەرە و لەسەر نیشتمانپەروەری و هزری کوردایەتی، ماوەی 11 ساڵ لە زیندانە جیاجیاکانی تورکیە لە دۆخێکی هەرە دژواردا بەرگریی کرد و قەد تەسلیم نەبوو. کاتێک کە لە زیندان ئازاد بوو روو دەکاتە چیا و پەیوەندیی بە عەبدوڵڵا ئۆجەلانەوە دەکات. کاتێک کە لە زیندان ئازاد کرا و گەڕایەوە ناو پەکەکە، بینی کە لەناو پەکەکەدا زۆر شت بوونەتە یاسا و ئەمیش ناڕازی بوو. بەڵام نەیدەتوانی ناڕەزایەتیی خۆی بە ئاشکرا دەرببڕێت. چوونکە ئاشکرا کردنی ناڕەزایەتیەکانی بە واتای دژایەتی کردنی ئۆجەلان دەهات و بێگومان ئەوەش دەرئەنجامەکەی بۆ چوروککایا دەبووە ئەوە کە تۆمەتی خیانەتکار بوونی دەدرایە پاڵ و دواتریش تەسفیە دەکرا. بەو هۆیەوە چوروککایا بڕیاری هەڵاتنی لە پەکەکە دا و وازی لەو حیزبە هێنا و بە نووسینی کتێبێک لەژێر ناوی “ئایەتەکانی ئاپۆ”، هەوڵیدا راستییەکانی ئۆجەلان و پەکەکە بۆ گەلی کوردستان و جیهان ئاشکرا بکات.

لەو کتێبەدا دەردەکەوێت کە پاش ئەوەی لە پەکەکە هەڵدێت، بۆ ئەوەی بتوانێ خۆی بگەیەنێت بە ئورووپا تووشی زۆر تەنگ و چەڵەمە دەبێتەوە، لە لوبنان بە بێ پارە و پاسپۆرت ناچار دەبێت لە شەقام و کۆڵانەکانی بەیرووتدا بمێنێتەوە. زۆرجاران لە خەیاڵی خۆیدا، کۆمەڵێک پرسیاری گرینگ دەخوڵقینێت کە مرۆڤ پێیوایە ئەگەر بەڕاستی لەلایەن پەکەکەوە بگیرابایە، عەبدولڵا ئۆجەلان هەمان ئەو پرسیارانەی لێی دەپرسی. ئێمە هەوڵ دەدەین لە چەند نووسینێکدا باسی هێندێ لە هۆکارەکانی جیابوونەوەی چوروککایا لە پەکەکە و هەڵوێست و بریارەکانی ئۆجەلان بکەیەن کە نووسەر لە کتێبی “ئایەتەکانی ئاپۆ”دا ئاماژەی پێداون.

محەممەد سەلیم چوروککایا بەمشێوەیە باس لە کۆیلەکردنی کادیرانی پەکەکە لە لایەن ئۆجەلانەوە دەکات و

ئەو دۆخە لە زاری ئۆجەلانەوە بەیان دەکات:

 

ئۆجەلان: “ئامانجی دادگاکانمان ئەوەیە کە هەمووان بهێنێتە سەر ڕێگای ڕاستی من، ئامانجی کوشتنەکانیش هەر ئەوەیە و دواتر ئامانجی زیندانیکردنەکانیش هەر ئەوەیە، ئەشکەنجەدان و نازانم چی و چی تریش هەر ئەوە ئامانجیەتی. بەو شێوەیە هەمووان دێنە سەر ڕێگای ڕاستی من و ئەوەی من دەیڵێم بە بێ شەرت و مەرج پشتڕاستی دەکەنەوە. وەک بیرکردنەوەی من بیر دەکەنەوە، ئەو وشانە دووبارە دەکەنەوە کە من بەکاریان دەهێنم. واز لە بیرکردنەوە و دۆزینەوەی بیرۆکە دەهێنن و ئەو بیرۆکانەی کە من بە ئامادەکراوی دەیخەمە بەردەمیان ئەوان لایەنگریی لێدەکەن. هەموو لەیەک دەچن لە سەریان بدە، نانیان لەدەست دەربهێنە، زۆر بەستەزمانن، مەڕی قوربانیین لە بەرانبەر سوپای تورکیادا، هەر لەبەر ئەوەی مەڕن ناتوانن بیر بکەنەوە. هەردەم پێیان دەڵێم: “ئێوە مەڕی قوربانیین”. ئەوانیش دەڵێن: “بەڵێ سەرۆک”.

زۆر بێ هێزن، چونکە من هێزی ئەوانم بردووە. ناتوانن هیچ قسە بکەن، چونکە هەردەم من قسە دەکەم. ئەوان زۆر بچووک و بێ کەسایەتی و سووکن، چونکە من زۆر شایستە و ئاست بەرزم. ناتوانن بیربکەنەوە، چوونکە بەس تەنها من بیر دەکەمەوە. هیچ داهێنانێکیان نیە، چونکە داهێنەر منم. هیچ یەکێکیان ناتوانن تیۆرێک دابڕێژێت، چوونکە من دایان دەڕێژم. ناتوانن دوو وشە بخەنە سەر یەک، فەرماندە هەرە لێهاتووەکانیشمان لەبەرانبەر مندا دەڵێن ڕابەرایەتی ڕاست دەڵێت، ڕاستە، بەڵێ سەرۆک، وایە سەرۆک، تەواوە سەرۆک، لەوە زیاتر وشەیەک ناڵێت، ئێستا منم کە دەڵێم قسە مەکەن؟ نەخێر! من پیاوێکی بێ دەنگ کار نیم، من وادەکەم قسە بکەن، کێیە وادەکا ملیۆنەها کەس قسە بکات؟ کاتێک وا دەڵێم، کەری کوڕی کەرەکان، یەکسەر باوەڕ بە دیموکراسی بوونم دەکەن. خۆی لەخۆیدا ڕاستییی کارەکە وا نیە، ئەوانەی ڕامکێشاونەتە سەر ڕێچکەی ڕابەرایەتی، یانێ ئەوانەی بە خستنە ژێر کۆنترۆڵمەوە، بەکویلەم کردوون ناتوانن بیر بکەنەوە، تەنها ئایەتەکانی من دووبارە دەکەنەوە. لەوە بەدەر ناتوانێت بیرۆکە دابڕێژێت، وشە بدرکێنێت. پیاوەکانم هێناوەتە ئەو دۆخە. بێگومان پێم قبووڵ کردوون کە بیرکردنەوەی من، بیرکردنەوەی حیزبەکە [پەکەکە]یە، ئایەتەکانم واتە ڕوانگەی حیزبەکە، کۆیلەکان ناتوانن بیرۆکەی حیزبەکە فڕێ بدەنە لایەک و ڕای خۆیان دەرببڕن. بیرۆکەکانی پەکەکە، بیرۆکەی منن.

بەڵام من وام بڕوا پێ هێناون کە ئەوانە رای گشتیین. چۆن بڕوام پێهێنان؟ بە هەمووانم گوتووە کە بیرکردنەوەی ڕاست بیرۆکەکانی منە، بیرۆکەکانی ئێوە بیرۆکەی کەماڵیزم و فاشیزم و نازانم چی و چین. هەموویان وازیان لە بیرکردنەوە هێناوە و دوای بێ فکری، دەستیان کردووە بە دووبارەکردنەوەی بیرۆکەکانی من. کاتێک وا دەبێت من بەرزبوومەتەوە بۆ ڕابەرایەتی ستراتیژی و بەندەکانم دابەزیون بۆ ڕابەرایەتی تاکتیکی، ئەوە واتا: من بیر دەکەمەوە و دەریدەبڕم، بەندەکانم بە بێ هیچ بیرکردنەوەیەک ئەوەی من دەیڵێم جێبەجێی دەکەن، گشتگیریی ڕاستەقینە ئەوەیە. ئەگەر لە پارتێکی دیکەدا بێت، کەسانێکی زۆر کۆ دەبنەوە، بیرۆکە، ڕوانین و پێشنیازی جیاواز دەخرێتەڕوو، گفتوگۆی لەسەر دەکرێت، قسەی لەبارەوە دەکرێت، لە ئەنجامدا بیرۆکە یانخود بڕیاری هاوبەش دێتەکایەوە، بەڵام لای ئێمە ئەوە بوونی نیە. لای ئێمە هەموو وەکوو من بیر دەکەنەوە، یانخود هەمان شت کە من بیری لێدەکەمەوە ئەوانیش بیری لێدەکەنەوە. کە میشکەکان ئاوا قاڵبی وەرگرتبێت، من چی بکەم؟

پوستێن ھەمان بەش