Skip to content
ئەمە شەڕی کێیە؟

دەسکەوتە نەتەوەییەکانی باشووری کوردستان بوونەتە هیوایەک بۆ سەربەخۆیی کوردستان و ڕوودانی ئەم شەڕەش لە باشوور، تەنها هەوڵێکە بۆ ڕێگریکردن لە بەدەوڵەتبوونی کورد.
گەریلاکانی پەکەکە هێرشیان کردە سەر بنکەیەکی ئەرتەشی تورکیا لە باشووری کوردستان و لە ئەنجامدا شەڕ و پێکدادان لە نێوان هێزەکانی تورکیا و پەکەکەدا ڕوویدا. تورکیا بەبیانووی ئەو هێرشەوە، بەشیوەیەکی چڕتر باشوور و ڕۆژئاوای کوردستانی بوردومان کرد. بەپێی زانیارییەکان، لەو شەڕەدا 12 چەکداری تورک کوژراون و 19 گەریلای پەکەکەش گیانیان لەدەستداوە.
ئەوە کە لەم شەڕەدا زیانە گیانیەکانی کەملا چەندە بوون، زۆر گرنگ نییە و هەروەها بەڵگەی سەرکەوتنیش نییە. بەر لە هەر شتێک پێویستە مرۆڤ ئەم پرسیارانە بێنێتە ئاراوە کە؛ ئەمە شەڕی چیە؟ ئەمە شەڕی کێیە؟ هەرکەسێک بتوانێ بە وردی وەڵامی ئەم دوو پرسیارە بداتەوە، ئەوە ڕاستی و ئامانجی ئەم شەڕەی بەباشی بۆدەردەکەوێت.
لە تورکیادا پارتە سیاسیەکان، پرسەی چەکدارە کوژراوەکانی تورک دەکەن بە بابەتی پڕوپاگەندای سیاسی و میدیای تورکیا بە چەندین ڕۆژ ڕاوەستەی لەسەر دەکات و هەموو سەرنجیان لەسەر ڕووداوەکە دەبێت. میدیای تورکیا بەرنامەی تایبەت دادەنێن و هەستی ڕەگەزپەرستی بڵاودەکەنەوە و هەوڵ دەدەن کە هزری دوژمنایەتی کردنی کورد، لە مێشکی هەموو تاکێکی تورکدا زیاتر بچەسپێنن و پەرەی پێبدەن. لە ڕاستیدا ئەگەر سوودێک لەم شەڕەدا هەبێت ئەوا تورکەکانیش سوودی لێ وەردەگرن و کوردیش خەسارێکی گەورەی بەردەکەوێت.
پرسیارێکی تر هەیە: بۆچی پەکەکە لە باشووری کوردستان دژی دەوڵەتی (!) تورک شەڕ دەکات و لە باکووری کوردستان شەڕ ناکات؟ ڕەنگە ئەمە گەورەترین نهێنی بێت کە بۆ تێگەیشتن لە مانای ئەم شەڕەدا شاردراوەتەوە.
پەکەکە شەڕی سەخت دەکات، بەڵام پارتی “DEM” شەڕی ئاشتیانە (نەرم) دەکات. ئایا ئەمە پێکناکۆکی و پارادۆکسێکی هەرە مەزن نییە؟ با کەس هەوڵی جیاکردنەوەی سیاسەتی “DEM” و پەکەکە نەدات. تەنانەت ئەگەر هەندێک جار حیزبی “دەم” (DEM) چەند هەنگاوێکیش هەڵبگرێتەوە کە ئینسان بتوانێ بە ئەرێنی هەڵیبسەنگێنێت، بەڵام بۆ ئەوە نابێ پشتی پێ ببەسترێت، چوونکە ئەو هەنگاوانەش سیاسەتی تاکتیکی پەکەکەن.
لە تورکیا و باکوری کوردستان پەکەکە و هەموو لقوپۆپەکانی، لە تەمو مژ و لە ئاوی شێلۆ و لێڵدا سیاسەت دەکەن. ئەگەر ئارامی هەبێت، خەڵک باسی شەڕ و چالاکی چەکداری نەکات و کۆمەڵگە بە ئارامی باسی پرسە کۆمەڵایەتی و سیاسیەکانی بکات، بێگومان دۆخی پەکەکە و لقوپۆپەکانی باش نابێت و تێکدەچێت. ئەوان نایانەوێت خەڵک بە دروستی و ڕێکوپێکی بیربکەنەوە. ژیانی سیاسیی پەکەکە و لقوپۆپەکانی لەسەر بنەمای پڕوپاگەندەی درۆیین و چەواشەکاری بنیات نراوە.
ئەو شەڕ و پێکدادانانەی کە لەم قۆناخی هەڵبژاردنە ناوخۆییانەدا بەڕێوەدەچن، هۆکارەکەی بۆ ترسی پەکەکە لە دۆڕاندن و شکستهێنان لە هەڵبژاردن دەگەڕێتەوە. پەکەکە لە ڕێگەی شەڕ و چالاکیی چەکدارییەوە تەنیا هەوڵی ئەوە دەدات کە لە ناو کۆمەڵگەدا ترس دروست بکات.
لێرەدا پرسیارێکی سەرەکی سەرهەڵدەدات، ئەویشی ئەوەیە کە؛ پەکەکە خزمەتی کێ دەکات و بۆچی؟
ئەمڕۆکە تەنها ئەو دەسکەوتانەی کە لە باشووری کوردستاندا بەدەستهاتوون، بوونەتە هیوایەک بۆ ئەوەی کە کورد بەرەو دەوڵەتبوون ببەن، هۆکاری ڕوودانی ئەم شەڕەش لە باشووری کوردستان، تەنها هەوڵێکە بۆ ڕێگریکردن لە بەدەوڵەتبوونی کورد.
ڕۆژەڤا کورد