لە عەفرین 4 کەس لە لایەن میلیشیا چەکدارەکانی بەکرێگیراوی تورکیاوە ڕفێندران

لە عەفرین 4 کەس لە لایەن میلیشیا چەکدارەکانی بەکرێگیراوی تورکیاوە ڕفێندران

لە دوای داگیرکردنی عەفرین لەلایەن تورکیا و میلیشیا داگیرکەرەکانەوە تا ئێستا زیاتر لە 9 هەزار کەس لە کوردانی عەفرین ڕفێندراون.

میلیشیا داگیرکەرەکانی بەکرێگیراوی تورکیا کە ناوی ئوپۆزیسیۆنی سوریایان لەسەر خۆیان داناوە و لەگەڵ دەوڵەتی تورکدا هەرێمی عەفرین و چەند ناوچەیەکی دیکەی ڕۆژئاوای کوردستانیان داگیر کردووە، لە دوایین تاوانیاندا 4 هاوڵاتی دیکەی کوردی “عەفرین”یان ڕفاند.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤ لە عەفرین ڕایگەیاند، کۆمەڵێک چەکدار بە ناوی “پۆلیسی لەشکەری” لە ڕێکەوتی 26 ی ئاداردا هاووڵاتییەکیان بە ناوی “مستەفا ئیبراهیم” خەڵکی ناحیەی ماباتا ڕفاندووە کە ڕۆژێک پێشتری لە هەرێمی شەهباوە گەڕابوونەوە بۆ عەفرین.

ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوەس کردووە کە “شێخ محەممەد ئیسماعیل” لە ڕێکەوتی 25ی ئاداردا لە ماڵەکەی خۆی لە گەڕەکی ئەشرەفی عەفرین ڕفێندرا و تا ئێستا چارەنووسی نادیارە.

هەروەها لە ڕێکەوتی 17ی ئاداردا لە قەزای ماباتا هاووڵاتییەک بە ناوی “فاروق محەممەد شێخۆ” لەلایەن “پۆلیسی مەدەنی”یەوە ڕفێندرا و تا ئێستا چارەنووسی نادیارە.

ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ لە عەفرین ڕایانگەیاندووە، هاووڵاتیەکی دیکە بەناوی “محەممەد ئەسڵان” لە 11ی ئادارەوە لەلایەن “پۆلیسی لەشکەری”یەوە ڕفێندراوە و تا ئێستا چارەنووسی نادیارە.

شەش ساڵ بەسەر داگیرکردنی عەفرین لەلایەن سوپای تورکیا و میلیشیا داگیرکەرەکانی بەکرێگرتەی دەوڵەتی تورکەوە تێدەپەڕێت و تا ئێستا زیاتر لە 9 هەزار کەس ڕفێندراون کە چارەنووسی زۆربەیان نادیارە.

بە گوتەی چالاکوانانی عەفرین، میلیشیا داگیرکەرەکان، هاووڵاتیانی کوردی عەفرین دەڕفێنن و ئەشکەنجەیان دەدەن، پارە و فیدیە و باجیان لێ وەردەگرن، بۆ ئەوەی کوردانی عەفرین ناچار بکەن ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێبهێڵن و کۆچ بکەن و عەرەبی هاوردە لە جێگایان جێگیر بکەن.

پوستێن ھەمان بەش