فەرەنسا هێرشەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر شەرمەزار دەکات

فەرەنسا هێرشەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر شەرمەزار دەکات

هێرشی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا کاردانەوەی لێکەوتۆتەوە.

لە بەرامبەر هێرشەکەی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر، فەرەنسا “هاوسۆزی و پشتگیری” بۆ هەرێمی کوردستان دەردەبڕێت.

رۆژی شەممە 27/4/2024، باڵیۆزخانەی فەرەنسا لە عێراق راگەیاندراوێکی بڵاو کردەوە کە تێیدا هاتووە: “فەرەنسا بە توندی سەرکۆنەی هێرشەکەی ئێوارەی دوێنێی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە هەرێمی کوردستان دەکات، کە چەندین قوربانیی سڤیل و زیانی گەورەی ماددی لێ کەوتەوە.”

باڵیۆزخانەی فەرەنسا دەڵێت “فەرەنسا هاوسۆزیی خۆی بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق دەردەبڕێت و، جەخت لە رێزگرتن لە سەلامەتیی ژێرخانی وزەکەی دەکاتەوە کە هەموو دانیشتووانی عێراق لێی سوودمەندن.”

 وڵاتە ئەوروپییەکە هەروەها “پاڵپشتیی خۆی بۆ هەوڵەکانی حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق لەپێناو سەقامگیری، سەربەخۆیی و سەروەریی عێراق دووپاتدەکاتەوە.”

هێرشەکە، 06:45ـی ئێوارەی هەینی لە رێگەی درۆنی بۆمبڕێژکراوەوە کرا، بووە هۆی کوژرانی چوار کرێکاری بیانی و برینداربوونی دووی دیکە.

 تائێستا هیچ لایەنەک بەرپرسیاریێتیی خۆی لە هێرشەکە رانەگەیاندووە. حکومەتی هەرێمی کوردستان هێرشەکەی بە “تیرۆرست”ـی ناوبرد و حکومەتی فیدراڵیی عێراقیش لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی لەسەر پێکهێناوە.

 دوای هێرشەکەی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر، لە راگەیاندراوێکی هاوبەشدا وەزارەتەکانی کارەبا و سامانە سرووشتییەکان رایانگەیاند، بەرهەمهێنانی کارەبا 2 هەزار و 500 مێگاوات کەمبووەتەوە.

  کێڵگەی کۆرمۆر، دەکەوێتە شارۆچکەی قادر کەرەم لە قەزای چەمچەماڵ. کۆمپانیای دانەگاز و نەوتی هیلالی ئیماراتی وەبەرهێنانی تێدا دەکەن. کێڵگەکە یەکێکە لە ناوچە دەوڵەمەندەکان بە سامانە سرووشتییەکان، بەتایبەت گاز.

 پڕۆژەی گازی کوردستان لە ساڵی 2007 دامەزرا، کاتێک دانەگاز و نەوتی هیلال گرێبەستێکیان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان واژۆ کرد بۆ بەدەستهێنانی مافی تایبەت بە قەبڵاندن، پەرەپێدان، بەرهەمهێنان، بەبازاڕکردن و فرۆشتنی بەرهەمە نەوتییەکان لە هەردوو وێستگەی کۆرمۆر و چەمچەماڵ لە هەرێمی کوردستان.

 دوای تێپەڕبوونی 15 مانگ بەسەر پڕۆژەکە و لە تشرینی یەکەمی 2008، بەرهەمهێنانی گاز لە کۆرمۆر دەستیپێکرد لە وێستگەیەک کە تازە دروستکرابوو.

 بەگوتەی دانە گاز، کێڵگەکە ئێستا رۆژانە 452 ملیۆن پێ سێ جا گاز بەرهەمدێنێت.

 هێرشی سەر کێڵگەکە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی کاردانەوەی هەبوو. نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەمریکا، هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش و ئیمارات لە راگەیاندراوی جیادا سەرکۆنەیان کرد و داوای دۆزینەوە و بەسزاگەیاندنی ئەنجامدەرانیان کرد.

پوستێن ھەمان بەش