حەشدی شەعبی چاوەڕێی فەرمانی ڕێبەری باڵای ئێران دەکات

حەشدی شەعبی چاوەڕێی فەرمانی ڕێبەری باڵای ئێران دەکات

“واشینگتۆن هۆشداریی داوەتە ئێران هەوڵ نەدات هێرشەکەی ئیسرائیل بکاتە پاساو بۆ بە پەلاماردانی بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا”.

حەشدی شەعبی خۆی بۆ وەڵامدانەوەی ئیسرائیل و تۆڵەکردنەوەی کوژرانی ئەو حەوت فەرماندەیەی سوپای پاسدارانی ئێران کە لە دیمەشق کوژران، ئامادەکردووە و چاوەڕوانی فەرمانی ڕێبەری باڵای ئینقلابی ئێران دەکەن. ئەمەریکاش هۆشداری داوەتە ئێران بۆ ئەوەی بیر لە پەلاماردانی بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکە، نەکاتەوە.

عەبدولعەزیز مەحمەداوی ناسراو بە (ئەبو فەدەک) سوپاسالاری حەشدی شەعبی بە چەند مێدیایەکی ئێرانی ڕاگەیاندووە، ئەوەی لەلایەن میحوەرەکانی موقامەوە لە یەمەن، عێراق، لوبنان و فەڵەستین هاوکات لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانیشەوە دەکرێت بۆ لە ناوبردنی ئیسرائیلە.

ئەبو فەدەک ڕاشیگەیاندووە، لە چاوەڕوانیی فەرمانی ڕێبەری باڵای ئینقلابی ئێرانن بۆ ئەوەی بزانن چی بکەن و بڕیاریان چی دەبێت بۆ وەڵامدانەوەی ئەو هێرشەی ئیسرائیل کردییە سەر کونسوڵخانەی ئێران لە دیمەشق کە بە هۆیەوە ژمارەیەک فەرماندەی سوپای پاسداران کوژران.

ئێوارەی دووشەممە (1ـی نیسانی 2024) فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل لە دیمەشقی پایتەختی سووریا لە تەنیشت باڵیۆزخانەی ئێران، باڵەخانەیەکی چوار بۆردومان کرد و لە ئەنجامدا 16 کەس کوژران کە هەشتیان فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران بوون.

هەر دوای هێرشەکەی ئیسرائیل، ئەمەریکا بێ ئاگایی خۆیی لەو هێرشە دەبڕی، بەڵام تاران داوای ڕوونکردنەوەی لە واشنتن کرد و ڕایگەیاند، وەک پشتیوانی سەرەکیی ئیسرائیل ئەمەریکا دەبێت ڕوونکردنەوە بدات.

هەر بە هۆی نیگەرانیی لە هەوڵی تۆڵەکردنەوە، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، وڵاتەکەی هۆشداریی داوەتە ئێران هەوڵ نەدات هێرشەکەی ئیسرائیل بکاتە پاساو بۆ بە پەلاماردانی بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکە، چونکە واشنتن هیچ پەیوەندییەکی بە هێرشەکەی سەر کونسوڵخانەی ئێرانەوە نەبووە لە دیمەشق.

پوستێن ھەمان بەش