حوسێن چەلیک: پێویستە ئەردۆغان لێپرسینەوە لە خۆی بکات

حوسێن چەلیک: پێویستە ئەردۆغان لێپرسینەوە لە خۆی بکات

“هاوڵاتیانی کورد لەو کاتەی کە ئاکەپە ڕەگەزپەرستیی نەدەکرد، دەنگیان پێدەدا، بەڵام چیتر کورد دەنگ بە ئاکەپە نادات”.

حوسێن چەلیک یەکێک لە دامەزرێنەرانی ئاکەپە و وەزیری پێشووی پەروەردە، هەڵسەنگاندنی بۆ ئاکەپە و دابەزینی دەنگەکانی ئەو حیزبەی کرد.

چەلیک لە وەڵامی پرسیارەکانی هیلال کۆیلو سەبارەت بە ئازادی ڕەخنەی لە ئەردۆغان و دەوروبەرەکەی گرت و ئیدیعای ئەوەی کرد کە هاوپەیمانی لەگەڵ مەهەپە، هۆکاری شکستەکەی ئاک پارتی بووە.

“چیتر کورد دەنگ بە ئاکەپە نادات”

چەلیک ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی 31ی ئازاری هەڵسەنگاند و ڕایگەیاند کە ئەو هاوپەیمانەتیەی لەگەڵ مەهەپە پێکهاتووە، ئاکەپەی بەرەو خەتی ناسنامەیی بردووە. بە گوتەی چەلیک هەر بەوهۆیەوە دەنگی کورد بۆ ئاکەپە کەمی کردووە. چەلیک گوتی: “هاوڵاتیانی کورد لەو کاتەی کە ئاکەپە ڕەگەزپەرستیی نەدەکرد، لێی نزیک دەبوونەوە و  بۆیە بەشێکی گرنگی هاوڵاتیانی کورد دەنگیان بە ئاکەپە دەدا”.

“رێککەوتن لەگەڵ مەهەپە دۆخی شێتبوونە”

چەلیک سەبارەت بە هاوپەیمانی ئاکەپە و مەهەپەش گوتی: “ئاکەپە پارتێکی دیموکراتیک و موحافزەکار بوو کە لەسەر بنەمای ئایین سیاسەتی نەدەکرد. پاشان گۆڕا بۆ پارتێک کە سیاسەت لەسەر بەها ئاینیەکان بەڕێوە دەبات و لەبواری نەتەوەپەرستیشەوە خۆی مەحکوومی مەهەپە کرد. پێشتر من لەسەر ڕێکەوتن لەگەڵ مەهەپەدا گوتبووم: ‘دۆخی شێتبوون’ و ئێستاش دووبارە هەمان شت دەڵێمەوە”.

“دەبێت ئەردۆغان بەرپرسیارێتی لە ئەستۆ بگرێت”

حوسێن چەلیک ئاماژەی بەوەشکرد، ئاکەپە بۆ ئەوەی لە ڕێگاکەی بەردەوام بێت، پێویستە ئاکەپە بگەڕێتەوە سەر ڕێبازی پێشووی و دەستنیشانیشی کرد کە دەرکردنی چەند جێگرێکی سەرۆک و وەزیر و ڕاوێژکارەکان بەس نییە و گوتی: “هەرکات ڕەخنە دەگیردرێت و لیستی قازانج و زەرەر ئامادە دەکرێت، هەرکەسێک بەرپرسیارێتی زیاتری هەبێت پێویستە زیاتر وەڵامدەر بێت. لێرەدا بەرپرسیاری هەرە مەزن بەڕێز ئەردۆغانە. بەڕێز ئەردۆغان پێویستە لەبری ئەوەی حیساب لە کەسانی دیکە بخوازێت، پێویستە بەرپرسیارێتی خۆی لە ئەستۆ بگرێت”.

پوستێن ھەمان بەش