ناوەندە هەواڵگرییەکان: داعش پلانی هێرشکردنە سەر چەند ناوچەیەکی سووریای داڕشتووە

ناوەندە هەواڵگرییەکان: داعش پلانی هێرشکردنە سەر چەند ناوچەیەکی سووریای داڕشتووە

داتاکانی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا: “2500 چەکداری داعش لە عێراق و سووریادا بوونیان هەیە”.

چەندان ناوەندی هەواڵگری بە ئاماژەدان بە چالاکییەکانی ئەم دواییەی داعش لە سووریا هۆشداری دەدەن و ڕایدەگەیەنن، لە دوای ساڵی 2017ەوە داعش لە مانگی ئاداری ئەمساڵ زۆرترین هێرشی کردووە.

تا دێت مەترسییەکانی داعش لە سووریا زیاتر دەبن، بەگوێرەی چەندین زانیاری؛ داعش لە ڕێگەی شانە نووستووەکانی سەرقاڵی دارشتنی پلانە بۆ چالاکی لە زۆربەی ناوچەکانی سووریا.

داتاکانی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا دەریانخستووە ژمارەی چەکدارانی داعش لە عێراق و سووریا  نزیکەی دوو هەزار و 500 چەکدار دەبێت، ئەمەش دوو هێندە زیاترە لەو خەمڵاندنەی کە لەکۆتایی مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ڕابردوو مەزەندە کرابوو.

سەنتەری پڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندڕەوی لە ڕاپۆرتێکدا کە لەسەرەتای ئەم هەفتەیە بڵاوی کردووەتەوە، ڕوونیکردووەتەوە، داعش لە ماوەی مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵەوە لانیکەم 69 هێرشی لە ناوەڕاستی سووریا کردووە و ئەم هێرشانە بوونەتە هۆی کوژرانی 84 سەربازی سوپای سوریا و 44 هاووڵاتی.

هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە، زۆرینەی هێرشەکانی داعش لە ناوچە بیابانییەکانی سووریا کراون کە دەکەونە ناوەڕاستی سووریا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی پڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندڕەوی، مانگی ئاداری ئەمساڵ داعش زۆرترین چالاکی لەو ناوچانەی ناوەڕاستی سووریا بە بەراورد بە ساڵی 2017 کردووە.

ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوە کردووە: شانەکانی داعش بە سەرکەوتوویی و بەردەوام پێگەکانی ڕژێمی سوریا دەکەنە ئامانج و لە دانانی چەندین بۆسە و هێرشدا سەرکەوتوو بوون.

هەروەها هێزەکانی سەر بە هەسەدە ئاشکرای دەکەن، داعش لە مانگی ئاداردا 27 هێرش و لە مانگی شوباتدا 26 هێرش و لە مانگی کانوونی یەکەم 16 هێرشی کردووە.

هاوکات بیل ڕۆجیۆ یاریدەدەر لە دامەزراوەی بەرگریی لە دیموکراسی کە بنکەکەی لە واشنتنە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندووە، دوای لەدەستدانی ناوچە گرنگەکان داعش هەوڵدەدات لە ڕێگەی شانە نوستووەکانی پارێزگاری لە مانەوەی خۆی بکات.

ناوبراو جەخت لەوە دەکاتەوە، داعش شکستی نەهێناوە بەتایبەت دوای لاوازبوونی هەماهەنگی ڕووسیا و ئەمەریکا لە سووریا لەسەر پرسی هەڕەشەکانی داعش، مەترسی ڕێکخراوەکە زیاتر بووە.

دوای ئەوەی لە 22ی مانگی ئادار داعش هێرشی کردە سەر هۆڵێکی کۆنسێرت لە ڕووسیا کە بەهۆیەوە 144 کەس کوژراون، ئەلینا رۆمانۆوسکی باڵیۆزی ئەمەریکا لەعێراق ڕایگەیاند، “مەترسییەکانی داعش هێشتا لە عێراق ماون”.

پوستێن ھەمان بەش