سەرۆکوەزیرانی عێراق بەرەو ئەمەریکا بەڕێ کەوت

سەرۆکوەزیرانی عێراق بەرەو ئەمەریکا بەڕێ کەوت

پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکاکانی سوودانی و ئیدارەی ئەمەریکا دەبێت.

محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بەغدای پایتەختی بەرەو ئەمەریکا بەجێ هێشت.

نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ڕاگەیاندراوێکدا بڵاوی کردووەتەوە، سەرۆکوەزیران بەغدای بەرەو ئەمەریکا بەجێ هێشت کە شاندێکی حکوومەتیی و پەرلەمان و نوێنەرانیی کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت، لەم سەردانەدا یاوەریی دەکەن.

سوودانی، لە سەر بانگهێشت نامەی فەرمیی جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا داوەتی کۆشکی سپی کراوە، ئەمە یەکەم سەردانی محەممەد شییاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و دیداری لەگەڵ بایدن.

هەروەها سەفین دزەیی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان یەکێکە لە ئەندامانی شاندەکە.

لەم سەردانەی سوودانی بۆ ئەمەریکا چەندین دۆسیەی گرنگ هەن بۆ ئەوەی گفتوگۆیان لە بارەوە بکرێت و بڕیاری کۆتاییان لە سەر بدرێت، لەوانە پرسی مانەوەی هێزەکانی ئەمەریکایە لە عێراق و چۆنتی داڕشتنەوەی ئەرک و ڕۆڵی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییە لە شەڕی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە نێویشیاندا هێزەکانی ئەمەریکا لە داهاتوودا لە عێراق چی دەبێت.

هەروەها پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بەرەو بازاڕەکانی جیهان تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکاکانی سەرۆکوەزیرانی عێراق و ئیدارەی ئەمەریکا دەبێت.

لەمبارەیەوە كۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی كوردستان ناسراو بە (ئەپیکور) لە پێگەی فەرمی خۆی بڵاویکردووەتەوە “سەردانەکەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق بۆ كۆشكی سپی، دەرفەتێكی گرنگە بۆ كۆتایهێنان بە چەقبەستوویی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان.”

ڕاشیگەیاندووە “كۆمپانیا ئەندامەكانی ئەپیكور پابەندن بە گرێبەستەكانیان لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان و پێشوازیی لە هەر دەستپێشخەرییەك دەكەن، ببێتە هۆی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت.”

هەروەها ئەپیکور گەشبینی خۆیی دەربڕیوە و ئاماژەی داوە: “باوەڕمان وایە دەكرێت چارەیەک بدۆزرێتەوە لە بەرژەوەندیی هەموو عێراقییەكدا بێت”.دەشڵێت، “ئەمەش دەبێتە هۆی هەڵگرتنی بەربەستێكی سەرەكی لەبەردەم وەبەرهێنانی ڕاستەوخۆی بیانی لە عێراق.”

پوستێن ھەمان بەش