پاسدارانی ئێران دەستیان بەسەر کەشتیی ملیاردرێکی ئیسرائیلیدا گرت

پاسدارانی ئێران دەستی بەسەر کەشتیی ملیاردرێکی ئیسرائیلیدا گرت

ئیسرائیل: ئێران بووەتە چەتەی دەریایی و بە تاڵان کردنی کەشتییەکان یاسا نێودەوڵەتییەکان پێشێل دەکات.

هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێران  ئەمڕۆ شەممە 13/4/2024 ڕایگەیاند، لە کەنداو دەستیان بەسەر کەشتییەکی باری ئیسرائیلی داگرتووە. وەزیری دەرەوەی ئیسرائیلیش دەڵێ، ئێران بە تاڵان کردنی کەشتیی دەریایی پێشێلی یاسا نێودەوڵەتییەکان دەکات.

ئاژانسی ئیرنای ئێرانی بڵاوی کردووەتەوە، هێزی دەریایی سوپای پاسداران لە هێرشێکدا کە بە هەلیکۆپتەر کردوویانە، لە نزیک گەرووی هۆرمز دەستیان گرتووە بە سەر کەشتیی باری (ئێم ئێس سی ئاریێز) بە ئاڵای پورتوگالەوە، بەڵام خاوەندارێتییەکەی بۆ کۆمپانیای زۆدیاک ماریتایم دەگەێتەوە کە خاوەنەکەی سەرمایەدارێکی ئیسرائیلییە بە ناوی ئیال عۆفەر.

ئاژانسەکە ئاماژەی داوە، دوای دەست بە سەرداگرتنی، کەشتییەکەیان گواستووەتەوە کەناراوەکانی ئێران.

لەلایەن خۆیەوە ئیسرائیل کاتز، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە، ئێران بووەتە چەتەی دەریایی و بە تاڵان کردنی کەشتییەکان یاسا نێودەوڵەتییەکان پێشێل دەکات.

لە یەکی ئەم مانگەوە دوای هێرشە ئاسمانییەکەی ئیسرائیل بۆ سەر دیمەشقی پایتەختی سووریا و بۆمببارانکردنی باڵەخانەی کونسوڵخانەی ئێران لە نزیک باڵیۆزخانەی ئەو وڵاتە و کوژرانی 18 کەس، کە شەش کەسیان فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران بوون، ئاستی ئاڵۆزیی و هەڕەشەکانی ئێران و ئیسرائیل بەرانبەر بە یەکتری زیادی کرد. بە تایبەت لە 24 کاتژمێری ڕابردوودا تەواوی جیهان چاوەڕوانی هێرشی فراوانی مووشەکی ئێرانیان دەکرد بۆ سەر ئیسرائیل وەک تۆڵە سەندنەوەیەک بۆ خوێنی ئەو شەش بەرپرسەی سوپای پاسداران.

هەروەها بە گوتەی دوو بەرپرسی باڵای ئەمه‌ریكا و ئیسرائیل كە بۆ كه‌ناڵی سی بی ئێس نیوزی ئه‌مه‌ریكی قسەیان کردبوو، ڕایانگەیاندبوو، ئێران ئامادەكاریی تەواوی كردووە و دەیەوێت لە ڕێگەی زیاتر لە 100 درۆن و ده‌یان مووشه‌كی کرووزەوە هێرش بكاتە سەر ئیسرائیل، بەهۆیەوە سوپای ئیسرائیل تەواوی سیستمە دژە مووشەکییەکانی خستووەتە ئامادەیی و سەرجەم نەخۆشخانەکانیشی خستووەتە باری لە ناکاو بۆ فریاکەوتنی هەر حاڵەتێک لە ئەگەری هێرشەکانی ئێران، بەڵام هەندێک سەرچاوەی هەواڵگری بڵاویانکردووەتەوە، زەحمەتە ئێران ڕاستەوخۆ هێرشی سەر ئیسرائیل بکات بە ئەگەری زۆرەوە رەنگە لە ڕێگەی گرووپە میلیشیاکانی عێراق، سووریا، لوبنان و یەمەنەوە هێرشەکانی بکات.

پوستێن ھەمان بەش