قاسم ئەل ـ ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق: دەبێت پەکەکە دەستبەجی چەک دابنێت

قاسم ئەل ـ ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق: دەبێت پەکەکە دەستبەجی چەک دابنێت

بڕیارە لە کۆتایی مانگی نیساندا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا سەردانی بەغدا بکات.

قاسم ئەل ـ ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، پێویستە پەکەکە بە زووترین کات چەک دابنێت و سەردانەکەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لەم مانگەدا بۆ عێراق هەنگاوێکی گەورە دەبێت بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و ئەنقەرە.

ئەل ـ ئەعرەجی بە ڕۆژنامەی فەرمی سەباحی ڕاگەیاند، سەردانەکەی ئەردۆغان بە مەبەستی واژۆکردنی پەیماننامەیەکی لێکتێگەیشتنە لە چوارچێوەی پەیوەندییە ستراتیژییەکانی نێوان عێراق و تورکیا لە بوارەکانی گواستنەوە، وزە، ئاسایش، ئابووری و بازرگانیدا.

جەختیشی کردەوە: “محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، گرنگییەکی زۆر بە پرسی ئاو دەدات و لیژنەیەکی باڵاش لە نێوان عێراق و تورکیا هەیە بۆ تاوتوێکردنی ئەم بابەتە”.

ئەعرەجی دەشڵێت: “سەردانەکەی ئەردۆغان بۆ عێراق هەنگاوێکی گەورەیە بۆ پەیوەندی، لێکتێگەیشتن و هاوکاریی نێوان هەردوو وڵات، بەتایبەتی کە عێراق دەیەوێت کۆتایی بە سەرجەم هۆکاری ململانێکان لەگەڵ تورکیا بهێنێت، یەکێک لەو هۆکارانەش حزووری پەکەکەیە لەناو خاکی عێراقدا. ئەو گرووپە [پەکەکە] هێرش دەکاتە سەر بەرژەوەندییەکانی هەردوو وڵات و دەستووری بنەڕەتیی عێراقیش بە هیچ شێوەیەک ڕێگە بە دۆخێکی لەو شێوەیە نادات و دەبێت پەکەکە دەستبەجی چەک دابنێت و کۆتایی بەم دۆخە بهێنێت”.

بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی کە میدیای تورکیا لە زمانی سەرچاوە سیاسییەکانی لە ئەنقەرەوە بڵاوی کردوونەتەوە، بڕیارە لە کۆتایی مانگی نیساندا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا سەردانی بەغدا بکات و دوای 12 ساڵ ئەمە یەکەم سەردانیەتی.

پوستێن ھەمان بەش