بەرپرسانی ئیسرائیل جەخت لە لێدانی ئێران دەکەنەوە

بەرپرسانی ئیسرائیل جەخت لە لێدانی ئێران دەکەنەوە

میدیای ئیسرائیلی: هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل بۆ لێدان لە ئێران کەوتۆتە حالەتی ئامادەباشیەوە.

لەکاتێکدا کە ئەمەریکا و وڵاتە زلهێزەکانی دیکەی دۆستی ئیسرائیل داوا لە کاربەدەستانی ئەو وڵاتە دەکەن کە دان بەخۆیاندا بگرن و لەبەرانبەر هێرشە ناسەرکەوتووەکانی ئێران بۆ سەر خاکی ئیسرائیل هیچ وەڵامێکی سەربازییان نەبێت، بەڵام ئیسرائیلییەکان ڕایانگەیاندووە کە ناچارن وەڵامی ئەو هێرشانەی ئێران بدەنەوە و دەڵێن ئەگەر ئەو هێرشانەی ئێران بێوەڵام بمێننەوە، ڕێژیمە ئیسلامیەکەی تاران هارتر دەبێت و دەستدرێژیەکانی لە ناوچەکەدا زیاتر پەرە پێدەدات.

پاش هێرشەکەی چەند شەوی ڕابردووی ئێران بۆ سەر خاکی ئیسرائیل کە تێیدا زیاتر لە 300 درۆن و مووشەک بەکارهاتبوو، ئەمریکا و ئیسرائیل ڕایانگەیاند کە 99٪ی درۆن و مووشەکەکانی ئێرانیان هەر لە ئاسمانەوە تەقاندۆتەوە و تەنها ژمارەیەکی کەم لە مووشەکی بالستیکی ئێرانی بەر خاکی ئیسرائیل کەوتوون کە ئەوانیش ئامانجیان نەپێکاوە و لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا تەنها منداڵێکی بچووک بە سووکی بریندار بووە. هەر پاش هێرشەکە زۆربەی وڵاتانی زلهێزی جیهان وێڕای شەرمەزار کردنی هێرشەکانی ئێران، داوایان لە ئیسرائیل کرد کە خۆی لە وەڵامدانەوەی ئەو هێرشانە بپارێزت و ریسکی دەستپێکردنی شەڕێکی بەربڵاو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کەم بکاتەوە. زۆرێک لەو وڵاتانە کردنەئامانجی 99٪ی درۆن و مووشەکە ئاراستەکراوەکانی ئێرانیان لەلایەن ئیسرائیلەوە، بە سەرکەوتنێک بۆ ئیسرائیلیەکان و شکستێکی ئابڕووبەرانە بۆ ئێرانیەکان ناوبرد و داوایان لە ئیسرائیل کرد کە خۆی لە وەڵامدانەوەی ئەو هێرشانە ببوێرێت. تەنانەت ئەمریکا وەکوو نزیکترین دۆستی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە ئەگەر ئیسرائیل هێرش بکاتە سەر ئێران، نابێ لەسەر هاوکاریی واشینگتۆن حیساب بکات.

ڕێژیمی ئێرانیش هەر لە چەند کاتژمێر پاش هێرشەکەی بۆ سەر ئیسرائیل، بە پانەوە ڕایگەیاند کە ئەوان هێرشەکانیان کۆتایی پێهاتووە و ئەگەر ئیسرائیل لێیان بگەڕێت، ئەوان هێرشی دیکە بۆ سەر ئیسرائیل ئەنجام نادەن.

وەزیری بەرگریی ئیسرائیل: هیچ ڕێگاچارەیەکمان جگە لە وەڵامدانەوە بە هێرشەکانی ئێران نیە

ئاژانسی ئاکسیوس لە زمانی بەرپرسێکی باڵای ئەمەریکاوە بڵاوی کردۆتەوە کە وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە وەزیری بەرگریی ئەمریکای ڕاگەیاندووە کە وڵاتەکەی ناچارە وەڵامی هێرشەکانی ئێران بداتەوە و گوتوویەتی ئیسرائیل ناتوانێ لە بەرانبەر وڵاتێکدا بێدەنگی هەڵبژێرێت کە بە مووشەکی بالستیک خاکەکەی کردۆتە ئامانج.

هاوکات ئەگەرچی ئەلعەرەبیە ڕایگەیاند کابینەی جەنگی ئیسرائیل لە دانیشتنەکەیاندا لەسەر وەڵامدانەوە بە هێرشەکانی ئێران بە ئاکام نەگەیشتوون و بڕیارە کۆبوونەوەکەیان لەوبارەوە بەردەوام بێت، بەڵام بەشێک لە میدیاکانی ئیسرائیلی ئاماژەیان بەوە کردووە کە بەرپرسانی ئیسرائیلی کۆکن لەسەر ئەوەی کە دەبێ بە کردنە ئامانجی چەند خالێکی گرینگ لەناو خۆی ئێراندا وەڵامێکی توند بەو هێرشانەی ئێران بدەنەوە و لەوبارەوە وتەبێژی دەوڵەتی ئیسرائیل جەختی کردۆتەوە کە ئیسرائیل ئەو مافە بۆخۆی بەڕەوا دەزانێت کە هەر کارێک لە توانایدا بێت بۆ بەرگری لە وڵاتەکەی بیکات.

ئاژانسی NBC ڕاپۆرتێکی لەسەر کۆبوونەوەی کابینەی جەنگی ئیسرائیل بڵاو کردۆتەوە ئاماژەی بەوە کردووە کە بڕیاریانداوە وەڵامی هێرشەکانی ئێران بدەنەوە و جەختیشیان کردۆتەوە کە وەڵامەکە دەبێ لە کورتخایەندا بێت و بەجۆرێک بێت کە شەڕێکی بەربڵاوی لێنەکەوێتەوە.

ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای سەربازیی ئیسرائیل ڕایانگەیاندووە کە بە تێکشکاندنی 99٪ی ئەو درۆن و مووشەکانەی کە ئێران ئاراستەی ئیسرائیلی کرد، بەشێک لە توانای بەرگریی وڵاتەکەمان پیشانی ئێرانیەکان داوە و پێویستە بە هێرش کردنە سەر ئێران، توانای وڵاتەکەمان لە بواری هێرش کردنیشدا بە ئێرانیەکان پیشان بدەین بۆ ئەوەی ئیدی جارێکی دیکە بیر لە پەلاماردانی ئیسرائیل نەکەنەوە.

جەخت کردنەوەی بەرپرسانی سیاسی و سەربازیی ئیسرائیل لەسەر وەڵامدانەوە بە هێرشەکانی ئێران، ئەگەری هێرشی سەربازیی ئیسرائیلی بۆسەر خاکی ئێران زیاتر کردووە. بێگومان ئیسرائیلیەکان حەزیان لە شەڕێکی دیکە نیە و هەربۆیە باس لەوە دەکەن کە دەیانهەوێ هێرشەکانیان سنووردار بێت و نەبێتە هۆی هەڵایسانی شەڕێکی گەورە لە ناوچەکەدا. بەشێک لە شرۆڤەکارانی ناوچەکە پێیان وایە یەکێک لەو فاکتەرانەی کە بەرپرسانی ئیسرائیلیی هان دەدات تا هێرش بکەنە سەر خاکی ئێران، ئەو لاوازییەی ئێرانە کە لەهێرشەکەی چەند شەوی ڕابردوودا بە ئاشکرا دەرکەوت. پاش پەلاماردانی ناوەندە نەوتیەکانی ئارامکۆی سعوودیا لەلایەن حووسیەکانەوە کە بێگومان بە مووشەکی ئێرانی کرابوون، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە ئەمریکا و ئیسرائیلیشەوە نیگەرانیەکان لەسەر توانا مووشەکیەکانی ئێران لەلا دروست ببوو، بەڵام ئەوەی لە هێرشەکانی چەند شەوی ڕابردوودا ڕویدا دەرکەوت کە ئێران زۆر لاوازتر لەوەیە کە ئەوان پێیان وابووە و لاوازیی ئێران تەنانەت لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان نوکتەی لەسەر ساز دەکرێت و لایەنگرەکانی ڕێژیمی ئێرانیشی تووشی سەرشۆڕییەکی ئاشکرا کردووە.

هۆکارێکی دیکە کە دەتوانێ ئیسرائیل هان بدات بۆ هێرش کردنە سەر ئێران ئەو ناوەندە ناوکیانەی ئێرانن کە ئیسرائیل زانیاریی وردی لەسەر ئاستی پەرەسەندنەکانی نیە و ئێستا کە بیانوویەک بۆ ئیسرائیل ڕەخساوە بۆ ئەوەی هێرشیان بکاتە سەر، ڕەنگە ئیسرائیلیەکان نەیانهەوی ئەم دەرفەتە بە ئاسانی لەدەست بدەن. هەروەک ڕاگەیاندرا، ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوکی ڕۆژی یەکشەممە کاری ئەو کەسانەی ڕاگرت کە وەکوو چاودێری ئاژانسەکە لە چەند ناوەندێکی ناوکی ئێراندا کار دەکەن و ڕاشیانگەیاند کە هۆکارەکە ئەمنی بووە.

ئیسرائیل ئەزموونێکی دیکەی هاوشێوەی هەیە و کاتێک کە لە ساڵی 1991دا ڕێژیمی بەعسی عێراق لە سەر فەرمانی سەدام حوسێن هێرشی مووشەکیی کردە سەر خاکی ئیسرائیل، دەوڵەتی ئەوکاتی تەلئەبیب لەسەر داوای ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی، خۆی لە وەڵامدانەوە بەو هێرشانە بوارد و ئەمەش دواتر ڕەخنەیەکی زۆری لە کۆمەڵگەی ئیسرائیلدا لێکەوتەوە و رەنگە ئەمجارە ئیسرائیلیەکان نەیانهەوێ گوێ بە داوای ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی دیکە بدەن. ئاژانسەکانی ئیسرائیل ئاماژەیان بەوە کردووە کە نەتانیاهۆ ئامادە نەبووە وەڵامی پەیوەندیی بەشێک لە سەرکردەی وەڵاتەکان بداتەوە و هۆکارەکەشی ئەوە بووە کە پێیوایە داوای لێدەکەن وەڵامی هێرشەکانی ئێران نەدەنەوە.

ئەگەرچی ئیسرائیل و ئێران و ئەمریکا و سەرجەم وڵاتە زلهێزەکان لەگەل دەستپێکردنی شەڕێکی نوێدا نین لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و لە قازانجی خۆیانیدا نابینن، بەڵام وێدەچێ ئیسرائیل ئەم دەرفەتە بەو ئاسانیە لە دەست نەدات کە بۆ هێرشکردنە سەر ئێران بۆی ڕەخساوە. چاوەڕوان دەکرێت ئیسرائیل چەند ناوچەیەکی ستراتژیکی ئێران لەبواری سەربازیدا (کارگەکانی بەرهەمهێنانی درۆن و مووشەک و هەروەها دامەزراوە ئەتۆمیەکانی ئێران) بکاتە ئامانج و هێرشەکان بەجۆرێک بن کە کەمترین زیانی مرۆیی لێبکەوێتەوە و دۆخەکە بەرەو شەڕێکی بەربڵاوو و هەمەلایەنە نەبات.

ڕێژیمی ئێران هەڕەشەی کردووە کە لە ئەگەری هێرشی ئیسرائیلدا، هەر لە یەکەم چرکەکاندا وەڵامیان دەدرێتەوە بەڵام بەپێی ئەو هیرشانەی چەند شەوی ڕابردووی بیت، ڕەنگە مەترسییەکی ئەوتۆ بۆ سەر ئیسرائیلیەکان دروست نەکات و تەنانەت ئەگەری ئەنجامدانیشی زۆر بەهێز نیە. مێژوو دەریخستووە بەرپرسانی ڕێژیمە ئیسلامیەکەی تاران هەر کات زانیبێتیان مانەوەی ڕێژیمەکەیان کەوتۆتە مەترسیەوە زۆر بە ئاسانی بایان داوەتەوە و وەکوو خۆیان دەڵێن نەرمییان نواندووە.

بەرپرسانی ئیسرائیلی جەختیان کردۆتەوە کە هێرشەکانی ئیسرائیل، بەپێچەوانەی ئەوەی ئێران کردی، ئامانجدار دەبن و سەرۆکی کۆمیتەی بەرگری و سیاسەتی دەرەوەی پارلمانی ئیسرائیل لە لێدوانێکدا بۆ سکای نیوز ئاماژەی بەوە کردووە کە هێرشەکانی ئیسرائیل، دەسەڵاتی تاران تووشی شۆک دەکات. هاوکات دامەزراوەی ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی ئیسرائیل لە زمانی یەکێک لە بەرپرسانی باڵای وڵاتەکەیەوە ئاشکرای کردووە کە هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل بۆ لێدان لە ئێران کەوتۆتە حالەتی ئامادەباشیەوە.

دیارە بەپێی ئەزموونی ڕابردوو وەکوو مووشەکباران کردنی بنکەی سەربازیی عەین ئەلئەسەد لە وەڵامی کوژرانی قاسم سلێمانی و تەنانەت هێرشەکەی چەند شەوی ڕابردووی ئێران بۆسەر ئیسرائیلیش، وادەردەکەوێت هەڕەشەکانی ئیسرائیل و لێدوانی وڵاتانی ڕۆژئاوایی و ئەمریکا زیاتر وەکوو زەخت بۆ ڕێکەوتنێکی دوو لایەنە و چەند لایەنە دەکرێن و رەنگە ئەگەر سازانێک بکرێت ئەوا ئیسرائیل هەر هێرش نەکات یان هێرشەکانی زۆر سنووردار بن. ئەگەرچی لە حاڵەتی هاوشێوەدا ئێران و ئامریکا پێشتر بەشێوەی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لە پەیوەندی و ڕاگۆڕینەوەدا بوون، بەڵام نابی لەبیری بکەین کە هێرشی ڕاستەوخۆی ئێران بۆسەر خاکی ئیسرائیل و لاوازیی ئێران و باڵادەستیی ئیسرائیل لە توانای سەربازیدا، هاوکێشەکانی پێشووی گۆڕیوە و دۆخیکی نوێی هێناوەتە ئاراوە.

لەلایەکی دیکەوە ماڵپەڕی واشینگتۆن پۆست ڕایگەیاندووە کە زیاتر لە 60 یاساناسی کۆماریخوازی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا ڕەشنووسی یاسایەکیان ئامادە کردووە کە بەپێی ڕەشنووسەکە 11 گرووپی میلیشیایی سەر بە ئێران لە وڵاتانی عێراق، سووریا و یەمەن و لوبناندا دەخرێنە لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستیەکانەوە و دەوڵەتی بایدن پێبەند دەکات کە وەکوو ڕیکخراوی تیرۆریستی تەعامولیان لەگەڵدا بکات. چەند وەڵاتێکی دیکەی ڕۆژئاواییش باس لەوە دەکەن کە دەبێ سپای پاسدارانی ئێران بخرێتە لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستیەکانەوە. ڕۆژانی داهاتوو دەریدەخات ئایا فشارە دیپلۆماسیەکان کارساز دەبن و ئیسرائیل ڕازی دەکەن کە لە ئێران نەدات یان شاهیدی گورزی سەربازیی ئاشکرای ئیسرائیل لەناو قووڵای ئێراندا دەبین.

پوستێن ھەمان بەش