ئەوە بەباشی دەزانرێت کە داگیرکەرانی ئێمە بۆ تێکشکاندنی یەکڕیزی گەلی کورد هەموو هەوڵێکیان داوە و ئەوەی پێیان کرابێت درێخییان نەکردووە و ناشیکەن. لە ڕۆژەوە کوردستانیان دابەش کردووە و تا ئێستا، داگیرکەران بۆ ئەوەی گەلی کورد یەکڕیز و یەکگرتوو نەبێت، هەموو ڕێگا و شێوازێکی خراپیان بە ئاسانی بووبێت یان بە زۆر، بەکار هێناوە.
بارزانیەکان باش لەوە تێگەیشتبوون و دەیانزانی کە یەکڕیزیی نەتەوەکان لە یەکگرتوویی بنەماڵە و عەشیرەتەکان پێکدێت، ئەگەر بنەماڵەکان پێکەوە یەکگرتوو بن، یەکێتیەکەیان دەتوانێت هاوپەیمانی لە نێوان خێڵ و هۆزەکانیشدا دروست بکات و لەسایەی یەکڕیزی و یەکێتی هۆز و عەشیرەتەکانیش دەبنە دەوڵەت.
هەر بۆیە بارزانیەکان ئەم خاڵەیان بۆخۆیان کرد بە ڕێنما و ڕێنیشاندەر و بەپێی ئەم ڕێنمایە یەکڕیزی و یەکێتییان لەناو خۆیاندا بەهێزتر و پتەوتر کرد تا بتوانن کاریگەرییان لەسەر هۆز و تەریقەتەکانیش هەبێت.
دوای ئەوەی بارزانیەکان هاوپەیمانەتییەکیان لە نێوان خۆیاندا پێکهێنا، ئەمجار دەستیان بە پێکهێنانی هاوپەیمانی و یەکڕیزی نێوان هۆزەکان کرد بۆ ئەوەی لە ژێر یەک چەتردا یەکیان بخەن. یەکڕیزیی بارزانییەکان و هاوپەیمانی نێوانیان، ئەوانی کردە یەک و بەهێز و بەتوانای کردن. بۆیە ئەم بەهێزبوون و یەکڕیزیەی ئەوان بووە هۆی ئەوەی کە ئێمەی کورد لە باشووری کوردستاندا دەوڵەتی تایبەت بە خۆمان هەبێت.
بارزانیەکان دوای پێکهێنانی هاوپەیمانیی لە ناو خۆیاندا، ڕێگایان لەبەردەم بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد و یەکڕیزیی گەلی کوردستان کردەوە. دوای ئەمەش هاوپەیمانی و یەکڕیزی نێوان تەریقەت و هۆزەکانی کوردستانیان دەست پێکرد. بەم کارە لە لە ناوچەی بارزانی باشووری کوردستان و لە گوندی بارزان، لە ژێر ناوی “کۆنفیدراسیۆنی بارزانیەکان”دا یەکێتی 8 عەشیرەتیان ڕاگەیاند. هەموو خەبات و بەرخۆدانەکانیان بە ناوی بارزانیەکانەوە دەستی پێکرد و تا ئێستاش بەو ناوە پیرۆزەوە درێژەی پێدەدەن.