لەهەنگاوی یەکەمی حوزەیرانی 2004ی پەکەکەوە هەتا ئەمڕۆ، دۆخی سەنگەرەکانی گەریلا

لەهەنگاوی یەکەمی حوزەیرانی 2004ی پەکەکەوە هەتا ئەمڕۆ، دۆخی سەنگەرەکانی گەریلا

ئۆجەلان هەروەک چۆن لە 2ی تەباخدا بەفەرمانی تورکیا گەریلاکانی کشاندەوە، لە 1ی حوزەیرانیشدا بە فەرمانی دەوڵەت، گەریلاکانی ناردەوە باکوری کوردستان.

دوای گەڕانەوەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بۆ تورکیا لە ساڵی 1999، ڕێککەوتنێک لە نێوان ئۆجەلان و دەوڵەتی تورک بۆ کشانەوەی گەریلاکانی پەکەکە لە تورکیا کرا. ئۆجەلان لە 2ی تەباخی 1999دا داوای لە هەموو ڕێکخستنەکانی پەکەکە کرد کە گەریلاکان لە ناو سنووری تورکیا ببەنە دەرەوە. گەریلاکانی پەکەکە بە بارودۆخی پاییز و بەبێ هیچ گەرەنتییەکی ئەمنی ڕوویان لە باشووری کوردستان کرد. بەپێی داتا فەرمییەکانی پەکەکە، لەو گواستنەوەیەدا 928 گەریلا گیانیان لەدەستداوە و 350 گەریلا خۆیان ڕادەستی تورکیا کردۆتەوە و نزیکەی 100 گەریلاش بێسەروشوێن بوون و هێشتا چارەنووسیان نادیارە.

لەو بەروارەوە تا ئەمڕۆ، شەڕ چووەتە قۆناغێکی تاریک و نادیار. زۆر پرسیاری گرنگ لە تاریکیدا ماونەتەوە. یەکێک لەو پرسیارانە ئەوەیە کە بۆچی پەکەکە لە 1ی حوزەیرانی 2004دا دیسان دەستی بە شەڕ کردەوە؟ چونکە بە پێی ئەو ڕێککەوتنەی کە لە دوای ساڵی 1999 لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا کردبووی، ئۆجەلان سیاسەتێکی نوێی بەسەر پەکەکە و بەڕیوەبەرایەتیەکەی و ئەندامان و لایەنگرانی پەکەکەدا سەپاند. پەکەکە کە بانگەشەی کوردستانێکی یەکگرتوو و سەربەخۆی دەکرد کە هەر چوار پارچەکەی کوردستانی لەخۆی دەگرت، ئەمجارە ڕایگەیاند کە پەکەکە دەوڵەتی ناوێت و نایهەوێ سنووری دەوڵەتە کۆلۆنیالیستەکان بگۆڕێت. پەکەکە بەهاکانی داگیرکەرانی وەک بەهای هاوبەش دەستنیشان کرد و دیموکراتیزە کردنی وڵاتانی کۆلۆنیالیزمی کرد بە ئامانجی سەرەکیی خۆی. بەڵام لەکاتێکدا کە ئایدۆلۆژیایەکی هێندە نەرم و بێ ئامانج لەئارادا بوو، ئۆجەلان لەناکاو بڕیاریدا سەرلەنوێ شەڕ دەستپێبکاتەوە. هۆکاری ئەم پێکناکۆکیەی نێوان ئایدۆلۆژیا و میتۆدی تێکۆشان کە پەکەکە بە پارادایمی نوێ ناوی دەبات، چی بوو؟

هەروەک چۆن عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە 2ی تەباخدا لەسەر ڕێنمایی دەوڵەت گەریلاکانی کشاندەوە، لە 1ی حوزەیرانیشدا بە هەمان فەرمان، گەریلاکانی ناردەوە باکوری کوردستان. ئەوەی شەڕی بە ئۆجەلان ڕاگرت و دەستی پێکردەوە، عەقڵی قووڵی دەوڵەتی تورک بوو. تەنیا شتێک کە کەوتە سەر شانی ئۆجەلان، ئەوە بوو کە ئەم فەرمانانەی دەوڵەت جێبەجێ بکات.

ئۆجەلان لە 15ی تەباخی 2003دا بە پەکەکەی گوت کە پێویستە دەستبەجێ بڕیاری دەستپێکردنەوەی شەڕ بدەن. بەڕێوەبەرایەتیی پەکەکە نەیدەویست جارێکی دیکە شەڕ دەستپێبکاتەوە و نەیدەویست شەڕێکی نوێ دەستپێبکات. ئۆجەلان لەبەر ئەوەی کە ڕێبەرایەتی ئەوکاتی پەکەکە، ئەم فەرمانەی جێبەجێ نەکرد، ناڕەزایی دەربڕی بەرامبەر بە حیزبەکەی بەجۆرێک بایکۆتی کردن و ئامادە نەبوو پارێزەرەکانی ببینێت.

عیرفان دووندوور و مەحموود شاقار، پارێزەرانی عەبدوڵڵا ئۆجالان هەموو هەفتەیەک دەچوونە لای ئۆجەلان، لەوێشەوە بە فڕۆکە دەڕۆیشتنە ئامەد و لەوێشەوە بە ئۆتۆمبێلێکی تایبەت لە دەروازەی سنووری خابوورەوە دەچوونە قەندیل. هەڕەشەیان لەو بەریوەبەرانەی پەکەکە دەکرد کە نەیاندەویست شەڕ دەستپێبکەن و بڕیاری شەڕیان بەسەر بەڕێوەبەرانی پەکەکەدا سەپاند.

دواجار لە مانگی گوڵانی 2004دا، سەرکردایەتی پەکەکە لەژێر زەخت و فشار و هەڕەشەکانی ئۆجەلان و جیابوونەوەی نیوەی بەریوەبەرایەتیی لەبەرچاو گرت و بڕیاریدا لە 1ی حوزەیراندا شەڕ ڕابگەیەنێت.

دەوڵەتی تورک پێویستی بە شەڕ بوو. کوتلە ناکۆکەکانی ناو دەوڵەتی تورکیا پێویستیان بە شەڕی پەکەکە هەبوو. لە لایەکی دیکەوە ئەو هەنگاوە بۆ دەستوەردان بوو لە قەیرانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا تا دوای ڕووخانی ڕژێمی سەدام تەداخولی ناوچەکە بکات. دەوڵەت چاوی لە تەشەنەسەندنی گەریلاکانی پەکەکە لە باکووری کوردستان و تەنانەت لە ناوخۆی تورکیادا نووقاند و ڕێگری لەو هەوڵانەی پەکەکە نەکرد.

لەم کاتەدا گەریلا جیا لە ناوچە سنوورییەکانی وەک زاگرۆس، بۆتان، گارزان، مێردین، دێرسیم، سەرحەد تا کۆچگیری، دەریای ڕەش و ئامانۆس بڵاوبووەوە. لە تورکیا یەکینەکانی گەریلا لە چیاکانی ئامانۆس و دەریای ڕەش و کەنارەکانی ئیجە جێگیر بوون.

لەو کاتەوە و بۆ ماوەی دە ساڵ، واتە لە ساڵی 2004 تا 2014، دەیان ئاگربەست و ماوەی ڕاگرتینی چالاکی و تاکتیکی بەرگری جێبەجێ کران. گەریلا تەنها لە باکوری کوردستان هەزاران کەسی لەدەستدا. پەکەکە ژمارەیەکی زۆر لە کادرەکانی لەدەستدا کە زۆربەیان لە گەریلا دێرینەکانی ئەو حیزبە بوون. حکومەتی تورکیا بڕیاریدا کە پەکەکە بڕواتە دەرەوەی سنوورەکانی تورکیا و لە ناوچە سنوورەکانی وڵاتانی دراوسێدا نیشتەجێ ببێت. بەم شێوەیە، تورکیا بەمەبەستی بیانوو ساز کردن و ڕەوایەتیدان بە هێرشەکانی بۆ سەر باشووری کوردستان، گەریلای بەرەو ناو خاکی باشووری کوردستان ئاراستە کرد و بەمەش قۆناخێکی نوێ دەستی پێکرد.

لە باکوری کوردستان ژمارەی گەریلاکان کەم کرایەوە و هەنگاو بە هەنگاو لەناو دەبرا. بۆ ئەم مەبەستەش سێ شێوازی جیاواز تاقیکرانەوە.

شێوازی یەکەم: سەرەتا لە ساڵی 2014دا گەریلا ڕەوانەی ڕۆژئاڤا و باشوور کران. لە کاتی شەڕی ساڵی 2014دا لە کۆبانێ، بە هەماهەنگی ئۆجەلان ـ پەکەکە و میت، گەریلاکانی ئامەد، مێردین و گارزان بە ئۆتۆمبێل هێنرانە سنووری ڕۆژئاڤا ـ کۆبانێ. هەر لەبەر ئەم هۆکارەش ​​ئۆجەلان لەو کاتەدا دەیگوت: “ئۆپراسیۆنی میت بوو کە کۆبانێی ڕزگار کرد، من و هاکان فیدان (سەرۆکی میت) کۆبانێمان ڕزگارکرد”.

شێوازی دووەم: لە ساڵی 2015دا پەکەکە ئەو هێزانەی گەریلا کە لە ئامەد، گارزان، بۆتان، مێردین، بینگۆل و مووش مابوونەوە، تیکەڵ بە شەڕی خەندەقەکانی کردن. گەریلاکان لە “لجێ” بە بەرچاوی دەولەتی تورکەوە سواری ئۆتۆمبێل دەبوون و دەڕۆیشتنە شاری ئامەد و لە “سوور”ی ئامەد شەڕی خەندەقەکانیان ئۆرگانیزە دەکرد. دەوڵەت گوێی لەم ئامادەکاریانەی پەکەکە کەڕ کرد و دەنگی نەکرد. سەرئەنجام شەڕی خەندەقەکان بە شکستێکی گەورە کۆتایی پێهات. لەو شارانەی کە پەکەکە لە دەسەڵاتدا بوو، 3 ملیۆن کورد ئاوارە بوون، نزیکەی 3 هەزار گەنجی کورد گیانیان لەدەستدا. هەروەها 9 شاری دێرینی کوردستان کاول کران و گەل و گەریلا کەوتنە ناو بۆشایییەکی گەورەوە.

شێوازی سێهەم: دوای ئەو دوو قۆناخە، دەوڵەتی تورک ئۆپەراسیۆنێکی بەربڵاوی لە ناوخۆ و سەرسنوورەکان دەستپێکرد و هەموو هێزەکانی گەریلا، بەتایبەتی فەرماندەی ئەیالەتەکانی یەک بە یەک لەناو برد. ئەو شوێنانەی کە بۆ ماوەی 30 ساڵ وارگەی گەریلا بوون، وەکوو گابار، ئاندۆک، جوودی، بەستا، کاتۆ، باگۆک، مونزوور، هەموو کەوتنە ژێر کۆنترۆڵی دەوڵەتی تورک.

ئامانۆس: هەرێمی ئامانۆس لە دوایین هێرشی دەوڵەتی تورک کە لە ساڵی 2020 بەڕێوەچوو، گەریلای تێدا نەما و لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا بەدرەدین (ئیبراهیم شنگال) گیانی لەدەستدا.

دەریای ڕەش: زینەل قارادەنیز (محەممەد یاکشر) لە ساڵی 2018 و تارق دەڤرم (بارش ئۆنەر) لە ساڵی 2019دا ژیانی خۆیانیان لەدەستدا و ناوچەکە گەریلای تێدا نەما.

ئامەد: لە مانگی گوڵانی 2016دا، ئازاد سیسەر (ئەکرەم گونەی)، فەرماندەی ئەیالەتی ئامەد، هەروەها لە ساڵی 2018دا، نەعمان باتمان (هەژار چەلیک)، ئەرهان گارزان (ئیشاک ئۆزچاکتوو) و ئازاد فارقین (نەوزات گوندووز) گیانی خۆیان لەدەستدا و ئەیالەتی ئامەدیش گەریلای تێدا نەما.

دێرسیم: لە ساڵی 2015دا باران دێرسیم (ئیسماعیل ئایدەمیر) گیانی لەدەستدا و هەروەها ئاتاکان ماهیر (ئیبراهیم چۆبان)یش لە ساڵی 2018دا گیانیان لەدەستدا و بەمشیوەیش بۆ یەکەمجار لە مێژوودا، شاخەکانی دێرسیم بە بێ شەڕڤانی کورد مانەوە.

ئەرزەرۆم::پانزەر کەمال (مەدەنی سایلگان) فەرماندەی ئەیالەت لە ساڵی 2018دا و هەروەها ڕۆنی مونزوور (مەحموود لاچین) لە ساڵی 2019دا گیانیان لەدەستدا و بەمشیوەی ناوچەکە گەریلای تێدا نەما.

گارزان: عەلی پلنگ (شەرەف یاقوت) لە ساڵی 2018 گیانی لەدەستدا.

بۆتان: لە ساڵی 2017دا بەدەیان سەرباز و سەدان گەریلا گیانیان لەدەستدا کە دلال ئامەد (هوولیا ئەرۆغلوو) و لەیلا سۆرخوین (هامییەت یالچنکایا)شیان تێدا بوون.

گەریلا کە پێشتر بە گروپی 30-40 کەسی گەشتیان دەکرد، ناچار بوون کە ئیدی بە 2 کەسی بگەڕن و خۆیان لە ژێر زەویدا بشارنەوە. بەداخەوە لەگەڵ تێپەڕبوونی کات، ئیدی گەریلا نەیدەتوانی ئەم کارەش بکات. هەنووکە لە باکوری کوردستان شەڕ ڕاوەستاوە. گەریلا نەماوە و دەوڵەتی تورک هەموو چالاکییەکانی گەریلای کۆنترۆڵ کردووە. ڕەنگە ناوبەناوە کەسێک یان دوو کەسیش بگەنە ناوچەکە، بەڵام ئەم هەوڵە لاوازانە ناتوانن دۆخی نەمانی گەریلاکان لە باکوری کوردستان بگۆڕن. ئەگەر گەریلا هیچ دەسەڵاتێکی بەسەر جووڵە و جوگرافیادا نەبێت و هێزی چالاکی و ئەکتیڤی خۆی لەدەستدابێت، بە دەیان ساڵێش لەژێر زەویدا خۆی بشارێتەوە، دیسان هەر بێمانایە و هیچ پەیوەندییەکی بە شەڕی گەریلاوە نابێت.

دەوڵەتی تورک هاوکات لەگەڵ ئەو هێرشە ناوخۆییانە، زنجیرە هێرشێکیشی لەسەر سنوور ئەنجامدا و ڕێگەی نەدا سنوورەکان ببڕدرێن. دەوڵەتی تورک لە نێوان ساڵانی 2015 بۆ 2018دا، لەسەر هێڵی سنووری لە سلۆپی، قلابان، بەیتووشەباب، جۆلەمێرگ، چەلێ، گەڤەر، شەمزینان، ئەسەندەرە، باشقالە لە دیوی باکووری سنوورەکە، دەستی بەسەر سەرجەم کەمپ و شوێنەکانی پەکەکەدا گرت.

دەوڵەتی تورک بەرنامەی خۆی جێبەجێ کرد و گەریلای لە باکوور وەدەرنا و رەوانەی ئەودیوی سنووری کردن، بەمەش ئیدی هێرشەکانی دوژمن لە دیوەکەی دیکەی سنوور دەستیپێکرد.

پوستێن ھەمان بەش