پەکەکە خۆی بۆ زەربەلێدان لە دەسکەوتەکانی باشوور ئامادە دەکات؛ دەیهەوێ پەلاماری هێزی پێشمەرگە بدات

هێرشی پەکەکە لە دژی دەستکەوتەکانی باشووری کوردستان، دەریدەخات کە پەکەکە پێکهاتەیەکی دوژمنی کوردە و بە پێی بەرژەوەندیی داگیرکەران دەجووڵێتەوە.

هێرشەکانی پەکەکە بۆ سەر دەستکەوتەکانی کورد لە هەرێمی کوردستان بەردەوامە. میدیاکانی پەکەکە کە لەم دواییانەدا هەواڵی ساختە و ناڕاستی زیاتر لەسەر خەتی مەتینا و ئامێدی بڵاودەکەنەوە، دەیانهەوێ بەستێنی ڕەوانی و دەروونی بۆ هێرشکردنە سەر هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان ئامادە دەکەن.

زانراوە لەکاتێکدا کە حەشدی شەعبی هەڕەشەکانی بۆ سەر کوردستان و بەتایبەت کێڵگەی غازی کۆرمۆر زیاد دەکات، پەکەکەش خۆی بۆ پەلاماردانی هێزەکانی پێشمەرگە ئامادە دەکات. لە کاتێکدا کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا تاوتوێ و چارەسەر دەکرێن، پەکەکە ئامادەکاری دەکات بۆ ئەوەی هەنگاوێک بنێت کە هەم ڕژێمی شیعەی عێراق و هەمیش دەوڵەتی ئێران بەهێز بکات. پەکەکە کە بە هاوبەشی لەگەڵ دەوڵەتانی عێراق و ئێران لە دژی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەجووڵێتەوە، بەتایبەتی لە چوار خاڵدا ئامادەکاری دەکات بۆ ئەوەی پەلاماری هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان بدات. بۆ ئەم مەبەستەش پەیتا پەیتا بە قەستی درۆ بڵاو دەکاتەوە تا ڕای گشتی تووڕە بکات و ڕەوایەتی بە پەلامارەکانی خۆی بدات. هەر بەم هۆیەشەوە، بەتایبەتی لەم دواییانەدا زیاتر هەواڵی ساختە و ناڕاست لە میدیاکانی خۆیدا بڵاو دەکاتەوە.

هەواڵگریی پەکەکە ناوەندێکی بۆ هێرشەکان دامەزراندووە

زانراوە کە بە مەبەستی دروستکردنی بناخەی بڕیاری بارەگای پەکەکە بۆ هێرشکردنە سەر هێزەکانی پێشمەگە، پەکەکە فەرمانی بە هەموو میدیاکانی کردووە لە ڕێگەی هەواڵی ساختەوە زەمینە بۆ هێرشکردنە سەر پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) و هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان ئامادە بکەن. بە تایبەتی ڕێکخستنی NLP پەکەکە لە سلێمانی و مەخمور و قامیشلۆ بۆ ئەم بابەتە ئەرکدار کراون. لقی هەواڵگریی پەکەکە کە بە ناوی “ناوەندی لێکۆڵینەوەی پۆلیتیک” (NLP) دەناسرێت، ڕاستەوخۆ لەژێر سەرکردایەتی جەمیل بایک هاوسەرۆکی کەجەکەدایە. هەروەها ئەو ناوەندە ماڵپەڕێکی بەناوی “لێکۆلین”یش هەیە. ئەم ماڵپەڕە هەواڵی ساختە بۆ میدیاکان پەکەکە دروست دەکات و ئەوانیش بڵاوی دەکەنەوە. لەم دواییانەدا کۆمەڵێک هەژماری سۆشیال میدیایان بە ناوەکانی ڕۆژەڤی مەخموور، ڕۆژەڤی باشوور، ڕۆژەڤی ڕۆژاڤا و هتد… کردۆتەوە و لە ڕێگای ئەو ئەکاونتانەوە هەواڵی ساختە ودرۆیین بڵاودەکەنەوە. کەسەر بوڵدان و هەندێک کەسی دیکە کە لە میدیای پەکەکە کار دەکەن، هاوکات لەگەڵ “NLP”یشدا هاوکاری دەکەن.

هۆکاری بانگەشەی درۆیینی پەکەکە چییە کە دەڵێ: “پێشمەرگە جلوبەرگی سەربازیی تورکیای لەبەردایە”؟

ئەم ئەکاونتانە کە لەلایەن NLPـەوە ئۆرگانیزە کراوە، لەم دواییانەدا گرتەی ڤیدیۆیی و وێنەی ساختە بڵاودەکەنەوە کە تیایدا وا نیشان دەدرێت، هێزەکانی پێشمەرگە و چەکدارانی تورکیا لە ناوچەکانی بالندا، مەتینا، ڕەشاڤا و هتد… پێکەوە کاردەکەن. بەمەش بە دروستکردنی ئەو ڕوانگەیە کە “چەکدارانی تورکیا و پێشمەرگە پێکەوەن”، زەمینە ئامادە دەکەن کە لە دهاتوودا بڵێن “ئێمە پێمانوابوو چەکداری تورکیان، هەر بۆیە تەقەمان لێکردن، چوونکە جلوبەرگی ئەرتەشی تورکیان لەبەر کردبوو”.

ئەم ئەکاونتانە لەم دواییانەدا هەواڵێکیان بڵاوکردەوە و بانگەشەی ئەوەیان کردووە کە “پەدەکە دەیەوێت پێشمەرگە بکوژێت و بەم شێوەیە ڕێگری لە هەڵبژاردن بکات”. ئەمە هەنگاوی پەکەکەیە بۆ شەهیدکردنی پێشمەرگە و بانگەشەی ئەوە کە “پەدەکە ڕەوانەی مەرگی کردوون”.

جەمیل بایک یەکێک لە دامەزرێنەرانی پەکەکە و هاوسەرۆکی کەجەکە لە وتارەکەی 15ی نیسانیدا بۆ ANF ئاماژەی بەو پرۆژەیە کردبوو. لەو کاتەدا “دارکا مازی” ئەوەی لەقاو دابوو کە وتارەکەی بایک مانیفێست و تەعلیماتێکە بۆ ئەندامەکانی پەکەکە و لەو پەیوەندییەدا ڕای گشتیی ئاگادار کردبۆوە.

بایک لە گوتارەکەیدا گوتبووی: “پەدەکە جلوبەرگی پێشمەرگە دەکاتە بەر چەکدارانی تورک و لە کاتی پێویستیشدا پێشمەرگە جلوبەرگی ئەرتەشی داگیرکەر لەبەر دەکەن”. بە واتایەکی تر دەیانەوێت بڵێن پەکەکە ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ بەشداری لەو شەڕەدا کردووە و لە ڕاستیدا فەرمانی بە کارمەندان و ناوەندەکانی پڕوپاگەندەی خۆیان کردووە کە وەها تێگەیشتنێک دروست بکەن.

پەکەکە هێرشەکانی زیاتر دەکات

هێرشەکانی پەکەکە بۆ سەر هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان شتێکی نوێ نییە. پەکەکە لە ساڵی 2019ـەوە شەڕێکی سەختی دەروونی و میدیایی و چەکداری دژ بە هێزی پێشمەرگە بەڕێوە دەبات. پەکەکە لە ساڵی 2019ـەوە هەتا ئێستا 13 پێشمەرگەی کوردستانی شەهید کردووە، یەکێک لەوان، “غازی ساڵح ئالیخان” بەڕێوەبەری گشتی دەروازەی سنووری سەرزێڕ بوو کە لەبەر چاوی منداڵەکانیەوە کوژرا. لە ترسی تووڕەیی و کاردانەوەی گەلدا، پەکەکە زۆربەی هێرشەکانی بە نهێنی ئەنجام دەدا، دیارە هەرگیز دەستی لە زۆر بابەتی وەکوو دانانەوەی مین لە ناوچەکەدا، هەڵنەگرتووە.

لەئێستادا پەکەکە لە ڕێکەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا دەترسێت، لە هاوکاری و جووڵەی هاوبەشی بەرەی کورد دەربارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و هتد… تۆقیوە. هەر بۆیە پەیامێک بۆ بەرەی دژە هەولێر دەنێرێت: “باج مەدەن، ئێمە پەلاماریان دەدەین و پاشەکشەیان پێدەکەین”. لە ڕاستیدا پەکەکە هێرشەکانی زیاتر دەکات بۆ ئەوەی کە دوژمنانی هەولێر هان بدات، دەستیان ئاواڵەتر و بەهێزتر بکات و هەروەها هەولێر ناچار بکات کە تەسلیمی بەغدا و حەشدی شەعبی ببێت. پێشبینی دەکرێت پەکەکە لەسەر هێڵەکانی شیلادزێ و ئامێدی و گارە و لە دەڤەری “خواکورک ـ برادۆست”یش پەلاماری هێزی پێشمەرگەی کوردستان بدات.

هێرشی پەکەکە لە دژی دەستکەوتەکانی شۆڕشی باشووری کوردستان، ئەوە دەردەخات کە پەکەکە وەکوو پێکهاتەیەکی دوژمنی کورد، بە پێی بەرژەوەندیی داگیرکەران دەجووڵێتەوە. پێویستە ئەم ڕاستییەی پەکەکە و میدیای دژە کورد لەقاو بدرێت و هەموو ڕای گشتی لە هەمبەر هێرشەکانی پەکەکە بۆ سەر شۆڕشی باشوور ئاگادار بن.

پوستێن ھەمان بەش