ئۆجەلان: جیابوونەوە لە دەوڵەت یان کۆنترۆڵکردنی دەوڵەت، هەردووکیان هەڵەن، چەپەکان ئەم هەڵەیەیان کردووە.
وەک دەزانرێت شاندی دەم پارتی لە ڕێکەوتی 25ی نیسانی ئەمساڵ (2025)دا بە مەبەستی دیدار لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان ڕێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) سەردانی دوورگەی ئیمرالی کرد و لەو دیدارەدا ئۆجەلان و وەفدی دەم پارتی زۆر بابەتیان تاوتوێ کردبوو. هەرچەندە هەندێک لە گفتوگۆکانی ئەم کۆبوونەوەیە لەلایەن شاندی “پارتی دەم”ـەوە بڵاو کرانەوە، بەڵام هەموو گفتوگۆکان بڵاو نەکرایەوە. دواتر ناوەڕۆکی ئەو دانوستانانە بە زمانی تورکی لە ئەورووپا بڵاو کرایەوە و باس لەوە کرا کە ئەو ئاخاوتنە لەلایەن یەکێک لە ئەندامانی شاندەکەوە بە نهێنی بڵاو کراوەتەوە، بۆیە ئێمە لەم بابەتەدا ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە و ئەو قسانە وەک خۆی بڵاو دەکەیەنەوە.
گفتوگۆی شاندی دەم پارتی لەگەڵ ئۆجەلان بەم شێوەیە بەردەوام بووە:
ئۆزگوور: بەڕێز، سەرۆکی شارەوانی ناحیەی بۆلۆگنای ئیتاڵیا هاووڵاتیبوونی فەخری پێبەخشیوی، هەفتەی ڕابردوو مەراسیمێک بەڕێوەچوو و عومەر ئۆجالان بەناوی ئێوەوە ئامادەبوو.
سەرۆک: پێموایە پێشتریش سیسیلیاش شتێکی هاوشێوەی کردبوو، پێموایە ئەبروو بەڵگەنامەکەی وەرگرتبوو.
ئۆزگوور: زۆربەی شارەکانی ئیتالیا ئەم کارەیان کردووە و ناسنامەی هاووڵاتیبوونی فەخرییان پێشکەش بە ئێوە کردووە.
سەرۆک: ئایا ئێوە عەینەتتان لەوێ لە “ڕۆما” بینی؟
پەرڤین بوڵدان و ئۆزگوور: بەڵێ، بینیمان.
سەرۆک: عومەر زۆر ڕاستگۆ و ڕێکوپێکە، نووسینەکانی زۆر سەرنجڕاکێشن، زۆر بەڕێزە، لەناو ئێمەدا شتی وەها دروست دەبن. نامەکانی بەدەستم دەگەن. لە ڕاستیدا نامەکانی زۆر بەهێزن بۆ من، باوەڕم نەدەکرد ئەوەندە پێشکەوتوو بێت.
ئۆزگوور: جەنابی سەرۆک، نەسروڵڵا قوران و چەتین ئارکاش، سڵاویان هەبوو بۆت.
سەرۆک: ئەمانە کێن؟
ئۆزگوور: ساڵی 2015 بۆ ماوەیەکی کورت لەگەڵتان بوون، نەسروڵڵا چەند ڕاپۆرتێکی لەسەر ڕێککەوتنەکانی ئیبراهیمی ئامادە کردبوو، لە ماوەی 4 مانگدا 2 نامەی بۆ ئێوە ناردبوو.
سەرۆک: نەخێر، بەدەستم نەگەیشتوون. با نەسروڵڵا و چەتین لە چالاکییەکانی خۆیان بەردەوام بن.
ئۆزگوور: جەنابی سەرۆک، ئایا ئاگاداری ڕێککەوتنەکان، بە تایبەتی سەبارەت بە ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود هەن؟ لەوێ ڕێکەوتنێک لەگەڵ ڕێژیم هەبوو و یەپەگە لەو دوو گەڕەکەکەی حەلەب کشایەوە، بەڵام ئاسایش و ئاسایشی ناوخۆ لەوێ ماونەتەوە و لە دەستی کورددان. ئاڵوگۆڕی دیلەکان کرا، هیچ بەربەستێک لەبەردەم هاتوچۆکاندا نەماوە و دەگوترێت ئەم ڕێککەوتنە لە عەفرینیش جێبەجێ دەکرێت.
سەرۆک: من پێموانییە هەڵە بێت، دەبێ لەوێ ستراتژیەکە بەوشێوەیە بێت. تورکیا زۆر لە فیدراسیۆن دەترسێت، من بە ئاگاهانە باس لە خۆسەری ناکەم و بە دیموکراسی هەرێمی ناوی دەبەم، بەڵام ئەمە لە هەموو جیهاندا بە مانای ئۆتۆنۆمی و خۆسەری دێت. بۆ نمونە لەندەن بەمشێوەیە، ئەمە زۆر گرنگە. بەدەر لە سەرۆکی شارەوانی کە هەڵبژێردراوە، پارێزگار بوونی نییە، پۆلیس و پێکهاتە ناوخۆییەکان هەموویان سەر بە شارەوانین و ئێستاش دەمانهەوێت لە تورکیاشدا چوارچێوەیەکی وەها بۆ دیموکراسی دروست بکەن. هەر هاوپەیمانییەک لە تورکیادا پشتگیری ئەمە بکات، ئێمە دەبینە هاوپەیمان لەگەڵیدا و پێی دەڵێین هاوپەیمانی کۆماری دیموکراتیک.
ئێمە لە هەڵبژاردنی داهاتوومان شتێکی لەم شێوەیەمان دەبێت، دوای کۆنگرەی هەڵوەشاندنەوە، کۆنگرەی “پارتی دەم”یش دەبەستین. من ئەو کۆنگرەیە دەبەستم، خەڵک و سیاسەتمەداران بە هەڵە لە دیموکراسی هەرێمی تێگەیشتوون، ئەم بابەتەیان کردۆتە پرسی شەڕ بۆ ئەوەی پشکی خۆیان لە دەوڵەت وەربگرن. ئەمە لە کاتێکدایە کە پەیوەندی نێوان دیموکراسی هەرێمی و دەوڵەت زۆر بەرتەنگە. بێگومان دەوڵەتی نەتەوەیی ڕۆڵی هەیە و هەندێک کار هەن کە ئەرکی دەوڵەت نەتەوەیە، بۆ نموونە چاپکردنی پارە، کە ئێمە دەستوەردانی تێدا ناکەین.
من لە بانگەوازەکەمدا هەڵسەنگاندنێکی پێویستم بۆ فاکتەرەکانی ئاشتی کردووە، دووەمین فاکتەر، کۆمەڵگەی دیموکراتیکە. پرسی تێکەڵبوونمان لەگەڵ کۆماردا، بابەتی ئەنتەگرەبوون و ئاسمیلاسیۆن نییە و دابڕانێکی ناوخۆییش نیە. جیابوونەوە لە دەوڵەت یان کۆنترۆڵکردنی دەوڵەت، هەردووکیان هەڵەن. چەپەکان ئەم هەڵەیەیان کردووە. دەوڵەتی ناوەندی چۆن خۆی ڕێکدەخات با خۆی ڕێکبخات، بەڵام دەبێت دەرفەتێک بدات بە دیموکراسی و ڕێز لە دیموکراسی بگرێت.
بۆ نموونە ئەستەنبوڵ، بناغە یاساییەکەی زۆر لاوازە. ئەمە بە یاسای دەوڵەت ناکرێ، یاسای دامەزراوە خۆجێیەکانیش بەس نین، بۆیە دەبێت دەستووری بنەڕەتی، گەرەنتی هەڵبژاردنی بەڕێوەبەریی لە ڕێگەی هەڵبژاردنێکی ئازاد و دیموکراتیکەوە بکات. ئێمە باسی مەرجەکانی یەکێتی ئەوروپامان بۆ دەسەڵاتدارانی هەرێمەکان کردووە، ئەمە بە دانانی قەییۆم ناکرێ، چونکە ئەمە پێوەرێکی دیموکراسییە، ئەگەر لەسەدا 90 یان لەسەدا 5ی خەڵکیش بێت، دەبێت ئەوان بۆخۆیان حوکمڕانی خۆیان بکەن. هەروەها بۆ سووریاش داوای ئەمە دەکەم. تۆ مافی ئەوەت نییە کە بەڕێوەبەرێک بۆ ئاسایشی ئەستەنبوڵ دەستنیشان بکەیت. مەسەلەی دەسەڵاتی بێسنوور هەیە، گوندەکان، گەڕەک، خێزانەکان هەموویان دیموکراتیزە دەکرێن. ئەمانە لە یاسای بنەڕەتیدا جێگیر دەکرێن. نەک هەر تەنها کورد بەڵکوو بۆ هەموو پێکهاتەکانی دیکەش، ئەمە لە ناو دەستووردا جێدەخەین. زمان و زمانی فەرمی دەناسرێت، دەوڵەتیش دانی پێدا دەنێت. بەڵام چاندێک هەیە، پێویستە ئەو کولتوورە و ڕەنگی تایبەت بەو کولتوورە قبووڵ بکرێت. پێویستە ئاڵای خۆی هەبێت، ئەگەر سرری بمێنێت، لەگەڵ ئەودا، ئەگینا دەمەوێت لەگەڵ مامۆستا میتحەد کاربکەم.
“بەو پێیەی ئەم کۆبوونەوەیە زۆر درێژە، بەشێکی دیکەی گفتوگۆی نێوان شاندی کات و ئۆجالان لە بابەتێکی دیکەدا باس دەکەین”.
بەردەوام دەبێت..