پەرەسەندنی بەکارهێنانی کاپتاگۆن لە رۆژئاوای کوردستان… ڕۆڵی یەپەگە و پەکەکە لە بازرگانی مادەی هۆشبەردا

پەرەسەندنی بەکارهێنانی کاپتاگۆن لە رۆژئاوای کوردستان... ڕۆڵی یەپەگە و پەکەکە لە بازرگانی مادەی هۆشبەردا

پەکەکە بەشێکە لەو شەڕەی کە ڕێژیمی ئێران دژ بە کۆمەڵگەی کوردی بەڕێوەی دەبات.

لەم ساڵانەی دواییدا بەکارهێنانی ماددەیەکی هۆشبەر بە ناوی “کاپتاگۆن” کە خراپترین کابوسی جیهانە، لە ڕۆژئاوای کوردستان پەرەی سەندووە. سەرچاوەکان لە ڕۆژئاوا ئاشکرایان کردووە کە کاپتاگۆن بە تایبەتی لە نێو گەنجان و پیاوانی تەمەن 30-45 ساڵدا بەکاردێت. ئەو دەرمانە لەبەر ئەوەی کە هێز و ورە دەبەخشێت، ڕێژەی بەکارهێنانەکەی گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار، بە تایبەت ڕەققا و کۆبانی ئەو شوێنانەن کە زیاتر لە شارەکانی دیکە “کاپتاگۆن”یان تێدا بەکاردەهێنرێت. هەڕەشەی کاپتاگۆن مەترسییەکی گەورە بۆ سەر ڕۆژاڤا دروست دەکات. گەورەترین هۆکاری ئەمەش ئەوەیە کە سوریا ناوەندی کاپتاگۆنە و بەشێک لە ئەندامانی ئاسایش و ئاسایشی ڕۆژئاڤا، بۆخۆیان بوونەتە بازرگانی کاپتاگۆن.

کاپتاگۆن چییە؟

کاپتاگۆن کە بە شێوەی حەب یان پاودەر و تۆز دەفرۆشرێت، دەرمانێکی هاوشێوەی “ئامفیتامین”ی پڕ لە تریاکە کەوا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراستدا زۆر بەناوبانگە.

لەبەرئەوەی ئەو کەسانەی کە کاپتاگۆن بەکاردەهێنن، ئاستی هێز و ئازایەتییان زیاد دەکات، مرۆڤ بە بێ بیرکردنەوە زیان بە خۆی و کەسانی دەوروبەری دەگەیەنێت، هەستی ترس لادەبات و هەرکەس بەکاری بهێنێت بۆ ماوەی دوو ڕۆژ پێویستیی بە خەو نامینێت و نیشانەکانی خەمۆکی کەم دەکاتەوە. بە تێپەڕبوونی کات مرۆڤ ئالوودەی ئەو حەبانە دەبیت و گیرۆدە (موعتاد) دەبێت.

سوریا چەقی بازرگانیەکەیە

ئێستا کاپتاگۆن لە هەموو جیهاندا و بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیادا بە شێوەیەکی بەرفراوان بەکاردەهێنرێت.

ناوەندی دابەشکردنی کاپتاگۆن سوریایە. هەروەها زانراوە کە سوریا لە ڕێگەی مافیای ئیتاڵیاوە حەبی کاپتاگۆن بە قاچاخ دەگەیەنێتە وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا.

ئێران ناوەندێکی گرنگی جیهانە لە دابینکردنی مادەی هۆشبەردا و ڕێژیمی تاران لەئێستادا لە ڕێگەی میلیشیا سەربازییەکانییەوە لە ڕێگەی لوبنان و سوریاوە مادەی هۆشبەر هەناردەی بازاڕەکان دەکات. ئەو وڵاتانەی کە دراوسێی میلیشاکانن، ئەو ماددە هۆشبەرانەی کە لە ئێران و شوێنەکانی دیکە کە میلیشیاکانی ئێرانیان تێدایە، بڵاو دەکرێتەوە. بۆ نمونە یەکێک لەو شوێنانە وڵاتی “ئوردن”ـە.

هێزە سەربازییەکانی سوریا و چەکدارانی حزبوڵڵای لوبنانی و حەماس، هەم کاپتاگۆن بەکاردەهێنن و هەمیش بازرگانیی پێوە دەکەن. ڕۆژئاڤا یەکێکە لەو شوێنانەی کە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر ئەو بازرگانیە هەیە. لە ڕۆژئاوا نەک تەنها بەکارهێنانی کاپتاگۆن لە پەرەسەندن و زیادبووندایە، بەڵکوو ژمارەی ئەو کەسانەش کە بەدەست ئالوودەبوون بەو تلیاک و ماددە هۆشبەرەوە دەناڵێنن، ڕۆژبەڕۆژ لە زیادبووندایە.

لە کۆبانی لە سەر بازرگانی کاپتاگۆن، شەڕ لە نێوان ئەندامانی یەپەگە و بازرگاناندا ڕوویدا

پەیەدە، لقی ڕۆژئاوای کوردستانی پەکەکە، هەندێکجار هەواڵ لە میدیاکان بڵاودەکاتەوە کە چالاکییەکانی وەکوو کۆنفرانس لەدژی مادەی هۆشبەر ئەنجام دەدات. بەڵام لە ئەساسدا هاوکاری لەگەڵ بازنەکانی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکاندا دەکات و هەم باجیان لێوەردەگرێت و هەمیش ئاسانکارییان بۆ دەکات. بەڵام جاروبار قازانجی ماددە هۆشبەرەکان دەبێتە هۆی پێکدادان لە نێوان باڵی سەربازی یەپەگە و بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکاندا. لەم دواییانەدا لە کۆبانێ ناکۆکی و پێکدادان لە نێوان بەرپرسانی یەپەگە و بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکاندا دروستبوو.

پێگەی “دارکا مازی” بە پشت بەستن بە زانیاریی سەرچاوەکانی لە ڕۆژئاوای کوردستان، لەسەر دوایین پێکدادانی لەوشێوەیە ڕاپۆرتێکی بڵاو کردەوە. بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، “جیلۆ محەممەد” و کوڕەکانی کە لە گەڕەکی “کانیا کوردا”ی شاری کۆبانێ ڕۆژئاوای کوردستاندا دەژین، وەکوو بازرگانی هەرە گەورەی “کاپتاگۆن” دەناسرێن. ئەوان ئەو ماددەی هۆشبەرە لە ڕەققاوە دەهێنن و لە کۆبانی دەخرێنە بازاڕەوە و هەروەها ڕەوانەی تورکیاشی دەکەن. کاتێک ئەم کارە دەکەن، باجیش بە پەکەکە و لقوپۆپەکانی وەکوو یەپەگە لە ناوچەکەدا دەدەن. هەروەها بەشێک لە بەڕێوەبەرانی “ئاسایشی ڕۆژئاوا”ش بە نهێنی هاوکاری ئەو بازرگانانە دەکەن.

بەگوێرەی سەرچاوە خۆجێییەکانمان، ناکۆکی لە نێوان 3 بەرپرسی یەپەگە و جیلۆ محەممەد عەلی هاتۆتە ئاراوە و تەنانەت ئەم ململانێیە گۆڕا بۆ پێکدادانی چەکداری. دوای ئاڵۆزیەکەی 25ی ئاداری 2024، دوو کوڕی جیلۆ محەممەد کە چەکیان لە بەرپرسێکی یەپەگە ڕاکێشابوو، لەلایەن ئاسایشی گشتی پەیەدەوە دەستگیرکرابوون و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە. تا ئێستا هیچ ڕاگەیاندراوێک لەسەر بارودۆخیان بڵاو نەکراوەتەوە. شایانی باسە هاوکارانی دیکەی جیلۆ محەممەد هێشتا هەر لەسەر کارەکانی خۆیان بەردەوامن.

دەستگیرکردنی جیلۆ محەممەد کە نزیکەی 2 ساڵە ئەم کارە دەکات، بۆ بەرەنگاربوونەوەی بازرگانی بە ماددە هۆشبەرەکان، نیە، بەڵکوو تەنها لەسەر پشکی قازانجەکەیە. پەکەکە ڕابردوویەکی تاریکی لە بواری بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکاندا هەیە.

پەکەکە بە دوو شێوە داهات لەڕێگای تلیاک و مادەی هۆشبەرەوە پەیدا دەکات

پەکەکە ئەزمونی بەرچاوی هەیە لە بواری بازرگانیکردن بە تلیاک و مادەی هۆشبەردا و پێشتریش بە دوو شێواز لە ڕێگای تریاکەوە داهاتی بەدەستهێناوە.

1- بازاڕێک دروست دەکات کە ڕاستەوخۆ لەلایەن کادیرەکانیەوە بەڕێوەدەبرێت. بۆ ئەم مەبەستەش بۆخۆی “خەشخاش” (گیای تایبەت بە بەرهەمهێنانی تلیاک) دەچێنێت و ڕاستەوخۆ دەیفرۆشێت و بازاڕێکی بۆ دروست دەکات.

2- لەو شوێنانەی کە هێڵی سنووریی بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەرەوەن، باج لە بازرگانەکان وەردەگرێت و ڕێگاکانیان کۆنترۆڵ دەکات.

پەکەکە لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردووەوە دەستی بە وەرگرتنی باج لە بازرگانەکانی مادەی هۆشبەر لە ئەوروپا کرد. لە دوای ساڵی 1990 کە دەوڵەتی ئێران بەرامبەر بە پێشهاتەکانی باشووری کوردستان ڕێگەی بە پەکەکە دا لەسەر سنوور جێگیر ببێت، پەکەکە لە بازرگانی مادەی هۆشبەردا دەستی بە چالاکی بەربڵاو کرد و بوو بە هێزێکی گرنگ لەو بازرگانییەدا و لە ساڵانی نەوەدەکاندا لەو بوارەدا بووە هێزی باڵادەست لە باکووری کوردستان و تورکیادا.

هەندێک مافیای کورد هەبوون کە بەهۆی پێکدادانی بەرژەوەندی لەگەڵ سیستەمی “پۆلیس- مافیا” لەناو سیستەمی دەوڵەتی تورکدا، پەیوەست بە پەکەکە بوون. لە ڕاستیدا ئەم پێکدادانە ڕۆڵێکی گرنگی لە کوشتنی کەسانی وەک “ساڤاش بوڵدان”دا هەبووە.

پەکەکە بەدرێژایی هێڵەکانی “ئەسەندەر، گەڤەر و شەمزینان” لەسەر سنووری ئێراندا بۆتە هێزێکی گرنگی بازرگانی. بەتایبەتی ئەو کۆشکەی کە ڕەزا ئاڵتون و مستەفا قەرەسوو لەو سەردەمەدا بە مۆڵەتی حکوومەتی ئێران لە ورمێ تێیدا نیشتەجێ بوون، بوو بە شوێنی بازرگانانی گەورەی ماددە هۆشبەرەکان و زۆرجار بۆ دانوستانەکان کۆبوونەوەی تێدا دەکرا. هەر بۆیە هەموو بازرگانانی گەورەی ماددە هۆشبەرەکان لەسەر هێڵی “جۆلەمێرگ-ورمێ-ماکۆ” زۆر باش قەرەسو و ئاڵتون دەناسن.

پەکەکە ناچار بوو ڕێگاکانی بازرگانیی تلیاک بگۆڕێت: لە زاگرۆسەوە بۆ شنگال

هەروەها پەکەکە بەتایبەت دوای وەستانی شەڕ لە ساڵانی 2000دا دەستی بە چاندنی “خەشخاش” کرد. لە “لجێ” ئەوان لەگەڵ جووتیاراندا شەریکایەتییان دەکرد. جگە لەوەش لە زۆزانەکانی “ئەلک”ی فاراشین و گوندی میهر حەشیش و خەشخاش دەچێنرا. لە هەمان کاتدا لە سنووری باشوور لە ئۆرەمار، پەریخان، ئالانتۆس، تالان و لە کنیانش، ستوونێ، کەهێ، شیڤەرەزا، برجەلا، دەستیان کرد بە چاندنی ڕووەکی ماددەی هۆشبەر کرد. فەرماندەکانی کۆردیناسیۆنی هەپەگە ئەم کارەیان لە ڕێگەی میلیشیا ناوچەییەکانیانەوە دەکرد. لەم نێوەندەدا بەشێک لە کادیرانی پەکەکە لەسەر سنووریش وەکوو شەخسیش ئەم کارەیان دەکرد.

ئەم دۆخە تا ساڵی 2017 بەردەوام بوو. بەڵام لە ئەنجامی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک لەسەر هێڵی سنووری و داگیرکردنی هەموو ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پەکەکەدا، چاندنی خەشخاش و گومرک کردنەکەی کۆتایی پێهات. بەڵام ئەمجارە دەرگایەکی نوێ کرایەوە. پەکەکە لە ئاسۆس، لە هێڵی پێنجوێن وشنگال کە لەلایەن ئێرانەوە لەو ناوچانەدا جێگیر کرابوون، داهاتی مادەی هۆشبەر و تلیاکی بەدەست دەهێنا.

بەڵگەی زۆر هەیە کە پەکەکە بەتایبەتی لە شنگال خەشخاش دەچێنێت. بۆ نمونە ڕۆژنامەنووسی عەرەب “موزاحەم ئاڵسالووم” بە نەخشە نیشانی دا کە پەکەکە لە مانگەکانی زستان و بەهاردا لە ناوچە بەرفراوانەکانی شەنگالدا “خەشخاش” دەچێنێت. هەروەها ئاشکرای دەکات کە ناوچەی سنوونێ زیاتر بۆ چاندنی خەشخاش هەڵدەبژێردرێت. زۆرێک لە سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن کە بازرگانی بە مادەی هۆشبەر لەگەڵ هەموو جۆرە بازرگانییەکی نایاسایی، لە خاڵە گومرکیەکانی پەکەکە لەسەر سنووری شنگال و ڕۆژئاوا ئەنجام دەدرێت. بێگومان ئەم کشتوکاڵ و بازرگانییە زیاتر لە کادیرانی پەکەکە و ئەندامانی دیکە هەڵدەبژێردرێت. هەڵبەت ئەو چاندن و بازرگانی کردنە بەزۆری بۆ کادیرانی پەکەکە و ئەندامانی دیکەی ئەو حیزبە تەرخان دەکرێت. واتە نە لە ڕۆژئاوا و نە لە شنگال، دامەزراوەی فەرمی و مەدەنییەکان لەم جۆرە چالاکییانەدا بەشدار نین. لێژنەی دارایی، یەکینەی ئیستیخباراتی کە کەسانی پەیوەندیدار بە “جەمیل بایک”ـەوەن زۆر بە وریاییەوە ئەم چالاکییانە بەڕێوەدەبەن.

هەڕەشەیەکی گەورە بۆ سەر هەرێمی کوردستان

یەکێک لەو هۆکارانەی کە شەنگال بۆ پەکەکە وەکوو ئەو مریشکەیە کە هێلکەی زێڕین دەکات، ئەوەیە کە شنگال ڕێگای سەرەکیی گومرک کردنی ماددەی هۆشبەرە. هەروەک چۆن لەو ڕێگایەوە مادەی هۆشبەر بە قاچاخ ڕەوانەی ڕۆژئاڤا دەکرێت، لەوێشەوە حەبی “کاپتاگۆن” دەگەیەندرێتە بازاڕەکانی عێراق و کوردستان. لەم دواییانەدا لە هەرێمی کوردستاندا دەست بەسەر بڕێکی بەرچاو ماددەی هۆشبەردا گیراوە. سەرچاوەکانیان هەمیشە هەمان شوێنن. سلێمانی ـ ئێران، سنووری ڕۆژئاڤا- شنگال و بێگومان ناوچەکانی دەوروبەری لە شوێنە عەرەبنشینەکان کە زۆربەیان سەر بە حەشدی شەعبین. بە واتایەکی تر تۆڕێکی تاریکی پەکەکە و میلیشیاکانی حەشد، مەترسییەکی گەورەی بۆ سەر کۆمەڵگەی کوردی دروست کردووە. بە تایبەتی لە خانەقین و پێنجوێن ئالوودەبوون بە ماددە هۆشبەرەکان پەرەی سەندووە. ئەمەش لەلایەن ئێرانەوە دەکرێت و لەئێستادا ئێران دەیەوێت ئەمە فراوانتریش بکات. کردنەوەی هێڵەکانی ماددەی هۆشبەر لەلایەن ئێرانەوە بۆ هەرێمی کوردستان، نەک هەر شەڕێکی ئابوورییە، بەڵکو شەڕێکی کۆمەڵایەتیشە.

پەکەکە بەشێکە لەو شەڕەی کە ئێران دژی کۆمەڵگەی کوردی بەڕێوەی دەبات – هەروەک شەڕەکانی دیکە. ئەم دۆخە مەترسییەکی گەورەیە هەم بۆ ڕۆژئاڤا و هەم بۆ هەرێمی کوردستان، بەتایبەتیش بۆ شنگال مەترسییەکی زۆر جیددی و گەورەیە.

پوستێن ھەمان بەش