ئایا بابەتی 5 ملیۆن بلۆکەکە لە پشت گەمارۆکانی عێراق بۆ سەر کەمپی مەخموورەوەیە؟

چارەسەرکردنی کێشەی کەمپی مەخموور، بۆ ماوەی 20 ساڵە لە لایەن پەکەکەوە دواخراوە و کاتیەتی کە خەڵک بۆخۆی کێشەی کەمپەکەیان یەکلایی بکەنەوە.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا کەمپی مەخموور کە ئاوارەکانی باکووری کوردستانی لێیە، بەهۆی تێکچوونی پەیوەندییەکانی لەگەڵ دەوڵەتی عێراق، کەوتە ڕۆژەڤەوە. بەگوێرەی ئەو هەواڵانەی کە میدیاکانی پەکەکە بڵاویان کردۆتەوە، دەوڵەتی عێراق جۆرێک لە گەمارۆدانی بەسەر کەمپەکەدا سەپاندووە.
بەگوێرەی هەواڵە میدیاییەکان لەسەر ئەو بابەتە، دانیشتووانی کەمپی مەخموور قەدەغە کراون کە بە هۆی کارکردن یان هۆکاری دیکەوە هاتوچۆی شوێنەکانی وەک بەغدا و کەرکوک و مووسڵ بکەن. ئەمەش بەتایبەتی لە ڕووی ئابوورییەوە بارگرانییەکی گەورە لەسەر کەمپەکە دروست دەکات و خەڵکەکەکە مەغدوور دەبن. ناوبەناو خەڵک لە ناو کەمپەکەدا ڕێپێوان و خۆپیشاندان ئەنجام دەدەن. بەڵام ئەو خۆپیشاندانانەی خەڵک زۆربەی بۆ هاندانی خەڵک و لەلایەکی دیکەشەوە بۆ هاندانی لێژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەکەکە بەکاردەهێندرێن، چونکە کێشەکە بە خۆپیشاندانی خەڵکی ناو کەمپەکە چارەسەر نابێت. لە ڕاستیدا کێشەکە لە نێوان خەڵکەکە و دەوڵەتی عێراقدا نییە، بەڵکوو لە نێوان پەکەکە و دەوڵەتی عێراقدایە. لە ڕاستیدا بناخەی کێشەکە لە 5 ملیۆن بلۆک و بە دەیان تۆن چیمەنتۆ و ئاسن و میکسەرەکانی چیمەنتۆ پێکهاتووە…
گەمارۆکە لە دژی خەڵکی کەمپەکە نیە، بەڵکو کۆمیتەی کاروباری دەرەوەی پەکەکە گەمارۆی لەسەرە
سنووردارکردنی دەوڵەتی عێراق، لە دژی خەڵکی کەمپی مەخموور نییە، بەڵکوو هاتووچۆی کادیرەکانی پەکەکە لەسەر هێڵی سلێمانی-کەرکوک-مەخموور-مووسڵ-شنگال و ڕۆژئاوا ڕاگیراوە. پێشتر کادیرانی پەکەکە بە کارتێک کە لە حەشدی شەعبی وەریاندەگرت بە ئازادی لەسەر ئەو هێڵانە هاتوچۆیان دەکرد و بە ئۆتۆمبێلی خۆیان دەهاتن و دەچوون.
ئەو ڕووداوەی وەک ململانێی خەڵکی کەمپی مەخموور و دەوڵەتی عێراق دەخرێتە بەردەم میدیاکان، لە ڕاستیدا ناکۆکییە لە نێوان کۆمیتەی کاروباری دەرەوەی پەکەکە و هەواڵگری عێراق. بە واتایەکی تر خەڵک لە ڕاستیدا بوونەتە قوربانی ئەجێندای پەکەکە لەگەڵ دەوڵەتی عێراق.
2014 و ئەرکی نوێی کەمپی مەخموور بۆ پەکەکە
کەمپی مەخموور لە ساڵی 2014دا بوو بە ئامانجی هێرشەکانی داعش، سەرەڕای گفتوگۆکان سەبارەت بە گواستنەوەی کەمپەکە بۆ شوێنێکی دیکە و زۆر پێشنیاری دیکە لەوبوارەدا، بەڵام لە دانوستانەکانی نێوان پەکەکە، ئێران و عێراق، بڕیاردرا خەڵکەکە بگەڕێندرێنەوە بۆ شوێنی پێشووی خۆیان و لە کەمپەکەی مەخمووردا جێگیر بکرێنەوە. بەو پێیەی ئەم ناوچەیە یەکێک بووە لە ناوچە کوردستانییەکان لە چوارچێوەی مادەی 140دا، بە “ناوچەیەکی کێشە لەسەر” لە نێوان دەوڵەتی عێراق و هەرێمی کوردستان دادەنرێت. ئەرکی پەکەکە ئەوە بوو کە ڕێگا نەدات هەولێر ئەو ناوچانە کۆنترۆڵ بکات.
لەسەر ئەم بنەمایە پەکەکە هەتا ساڵی 2023 ئیمتیازاتی زۆری بەدەستهێناوە
لە تشرینی یەکەمی 2017 و لەوکاتەی کە کەرکووک جارێکی دیکە داگیرکرایەوە، لە دوورەوە سەیری پێکدادانەکانی نێوان پێشمەرگەکانی کوردستان و هێزە عێراقییەکانی کرد و پاڵپشتی حکوومەتی عێراقی داگیرکەری کرد. پەکەکە بە نهێنی و بە شاراوەیی پشتگیریی لە داگیرکردنی کەمپی مەخموور لەلایەن عێراقەوە کرد.
دوای ئەوە ئیدی کەمپی مەخموور وەک ناوەندێک بۆ چالاکییەکانی “کوشتن ـ ڕفاندن”ی پەکەکە لە هەولێر بەکارهێنرا. لە ڕاستیدا ئەو هێرشەی ڕێکەوتی 19ی ئازاری 2019، کە بە ڕووداوی “ریستوورانتی هوققەباز” ناسراوە و تێیدا سێ کەس کوژران کە یەکێکیان دیپلۆماتکاری تورکیا بوو، لە کەمپی مەخموور پلانی بۆ دانرابوو. دوای ڕووداوەکە، بکوژەکان گەڕانەوە بۆ کەمپی مەخموور. بە تێپەڕبوونی کات هاوسەنگی سیاسی گۆڕانی بەسەردا هات و باشتربوونی بەرچاو لە پەیوەندییەکانی نێوان دەوڵەتی تورکیا و عێراقدا ڕوویدا. جگە لەوەش دەوڵەتی تورک بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان فەرماندەکانی پەکەکەی لە کەمپی مەخموور کردە ئامانج و هەروەها خەڵکی سڤیلیش زیانی گیانی بەرچاویان بەرکەوتووە. بەمەبەستی هێورکردنەوەی خەڵک و ئارامکردنەوەی حکومەتی عێراق، پەکەکە لە 18ی تشرینی یەکەمی 2023 ڕایگەیاند، هێزە سەربازییەکانی لە کەمپی مەخموور دەکشێنێتەوە. دوای دوو ڕۆژ تونێل و بنکەەکانی لەسەر چیای قەرەچۆغ ڕادەستی سوپای عێراق کرد. پەکەکە ئامادە نەبوو ئەو بنکانەی بە هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان بسپێرێت و هەمووی ڕادەستی دەوڵەتی عێراق کرد.
ئایا بەڕاستی پەکەکە لە کەمپی مەخموور کشابۆوە؟
بێگومان پەکەکە کەمپی مەخمووری بەجێنەهێشت، بەڵکوو هێزەکانی کشایە ژێر زەوی. لە دوای ساڵی 2014، لەو تونێلانەی لە ژێر کەمپەکەدا دروستکرابوون نیشتەجێ بوون و تونێلی نوێیان دروستکرد. تەنانەت هەموو دانیشتووانی مەخموور ئاگاداری ئەم تونێلانە نین.
کۆمیتەی کاروباری دەرەوەی پەکەکە لە ساڵی 2024دا ڕێککەوتنێکی لەگەڵ یەکینەکانی دەوڵەتی عێراق کرد و ڕایانگەیاند کە دەیانهەوێت کەمپەکە ئاوەدان بکەنەوە و نەخۆشخانە و قوتابخانەیەک دروست بکەن و بەو بیانوویەوە 5 ملیۆن بلۆک کە بەشێکیان وەکوو یارمەتی و کاری خێرخوازانە درابوون و هەروەها بە دەیان تەن ئاسن و چیمەنتۆ و ئامێری چیمەنتۆ و هتد…یان هێنایە ناو کەمپەکە. دوای ساڵێک دەوڵەتی عێراق ویستی سەردانی کەمپەکە بکات بۆ ئەوەی بزانێت ئایا نەخۆشخانە و مەدرەسە دروست کراوە و کارەکانی بیناسازی لە چ قۆناغێکدایە، بەڵام کۆمیتەی کاروباری دەرەوەی پەکەکە هەوڵیدا ئەم سەردانە دوابخات. دواجار سەردانەکە ڕوویدا و دەرکەوت کە هیچ بینا و بنکەیەکی کۆمەڵایەتی نوێ لە کەمپەکەدا دروست نەکراوە.
ئەو کەرەستە و ئامێرانە کە بەشی دروستکردنی نیوەشارێکیان دەکرد، دیارنەمابوون و لەبەرنابەردا هیچ بیناسازییەکیش نەکرابوو. لە ئەنجامدا عێراق ویستی مەواد و کەرەستەکان وەربگرێتەوە.
پەکەکە هەموو ئەو مەواد و کەرەستانەی بۆ دروستکردنی تونێل بەکارهێنابوو. ئێستا حکوومەتی عێراق ئەو ڕێککەوتنەی ڕاگرتووە کە لە ڕابردوودا کردوویانە و ڕایگەیاندووە کە ئەم دۆخە لەگەڵ ئەو ڕێککەوتنانەدا ناگونجێت کە کراوە. بە واتایەکی تر بارودۆخی مەخموور کێشەی خەڵک نییە، کێشەی نێوان پەکەکە و حکومەتی عێراقە.
ئەو تونێلانەی پەکەکە دروستی کردوون، هیچ کەڵک و سوودێکیان بۆ خەڵکی مەخموور نیە. خەڵک بۆخۆی دەتوانێت بەرگری لە خۆی بکات. ئەو تونێلانە تەنها بۆ پێویستییەکانی پەکەکە دروست کراون.
کەمپی پەنابەرانی مەخموور ماوەی 30 ساڵە بووەتە قوربانی ئەجێندای پەکەکە
لە ساڵی 1994ـەوە خەڵکی مەخموور بە پێی ئەجێندای پەکەکە بەکاردەهێندرن و ئیستغلال دەکرێن. ئەوانەی کە 30 ساڵە لەم کەمپەدا دەژین بە پێی ئەجێندای پەکەکە و وەک سەنگەر بەکارهێنراون. لە ساڵی 1995دا کە ئەو کەسانە لە کەمپی ئەتروش لە نزیک دهۆک نیشتەجێ بوون، پەکەکە ویستی ئەم کەمپە وەکوو سەنگەرێک بۆ شەڕ لە دژی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان بەکاربهێنێت. پەکەکە کەمپەکەی کرد بە گۆڕەپانی جەنگ و ناچاریان کرد بچنە دەشتاییەکانی مەخموور و لەوێ جێگیر ببن. لەوێش پەکەکە کەمپەکەی وەک بنکە بەکارهێنا و ویستی سوود لە شەرعیەتی نێودەوڵەتی کەمپەکە وەربگرێت.
پەکەکە 20 ساڵە ڕێگری لە چارەسەری کێشەی کەمپەکە دەکات
دەکرا کێشەی ئاوارەکانی کەمپی مەخموور بە دەستپێکردنی گەڕانەوە بۆ گوندەکان لە ساڵی 2004دا چارەسەر بکرایە و خەڵکەکە بیانتوانیبا بگەڕێنەوە بۆ گوند و زیدەکانی خۆیان، بەڵام پەکەکە ئەمەی قبووڵ نەکرد. 20 ساڵ لەو کاتەوە تێدەپەڕێت، خەڵکەکە بە دەستپێشخەری خۆیان چوونەتە تورکیا و پاسپۆرتی یاسایی خۆیان وەرگرتووە، قەرەبووی گوندەکانیان وەرگرتووە و دیسانەوە گەڕاونەتەوە بۆ کەمپەکە و لەوێ دەژین. بە واتایەکی تر چارەسەرکردنی کێشەی کەمپی مەخموور، بۆ ماوەی 20 ساڵە کە لە لایەن پەکەکەوە دواخراوە.
کاتی ئەوە هاتووە و تەنانەت زۆریش درەنگ بووە کە خەڵک بۆخۆی کێشەی کەمپی پەنابەرانی مەخموور یەکلایی بکاتەوە، کە پەکەکە ساڵانێکە سیاسەتی پێوە دەکات.
ئێستا ئیدی گەل دەبێ چارەنووسی خۆی، چارەنووسی منداڵەکانی، بخاتە دەستی خۆی و خەڵک و عەشیرەت و بنەماڵە و تەنانەت تاکەکانیش ڕەتی بکەنەوە کە بەشێک بن لە ئەجێندای سیاسیی تاریکی پەکەکە و بۆخۆیان بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆیان بدەن.