پەکەکە دەیزانی کە دەلیل دەیهەوێت جیا ببێتەوە، بۆیە بۆ پەکەکە شەهیدبوونەکەی باشتر بوو تا ئەوەی کە جیاببێتەوە.
✍️ کوردۆ باکووری
پەکەکە ناسنامەی یەکێکی دیکە لە فەرماندەکانی ئاشکرا کرد و ئیدیعای ئەوە دەکات کە لە قەندیل شەهید بووە، بەڵام لە ڕاستیدا ئەو فەرماندەیە لەبەر ئەوەی کە کوردپەروەر و کوردستانی بوو و لە هەلوێستی خۆبەدەستەوەدەرانەی ڕێبەرایەتی پەکەکە تووڕە و بێزار بوو، لەلایەن خودی پەکەکەوە لەناو برا و وەک لە ئەدەبییاتی پەکەکەییەکاندا دەڵێن، تەسفیە کرا.
فەرماندەیەکی هەپەگە، بە کۆدناوی “دەلیل تەمەل”، کە ناوی ڕاستەقینەی “خەتیب ئەمین”ـە و خەڵکی پارێزگای “سێرت”ی باکووری کوردستانە، دوای ئەوەی لە مانگی ئابی 2021 لەلایەن پەکەکەوە لەناوبرا، پەکەکە دوو ڕۆژ لەمەوبەر هەواڵی گیانلەدەستدانەکەی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند “بە ڕێزەوە یادی دەلیل بەرز ڕادەگرین”!!
دەلیل کێیە، پەکەکە چی لێکرد:
دەلیل تەمەل، ساڵی 1992دا تێکەڵ بە ڕیزەکانی گەریلای پەکەکەوە کردووە و لە زۆر شوێنی کوردستان خەبات و فیداکاریی کردووە. دەلیل دوای ماوەیەکی زۆر براوەتە ناوچەی قەندیل و لە ساڵی 2004-2005دا بۆ چالاکییەکانی پژاک ڕەوانەی کێلەرەش کراوە. دەلیل لەوێ پەیوەندی لەگەڵ ژنێکی گەریلای ڕۆژئاڤا دروست دەکات و عاشقی یەکتری دەبن.
دوای ماوەیەک پەکەکە دەلیل و ئەو ژنەی لێک دوورخستەوە و دەلیل ڕەوانەی ڕۆژئاڤا کرا. لە کاتی چالاکییەکانی ڕۆژئاڤادا چاوی بە ئاڵدار خەلیل کەوت و ئاڵدار خەلیل ڕاپۆرتێکی لەسەر دەلیل بۆ جەمیل بایک، هاوسەرۆکی کەجەکە نارد و دواتر دەلیلی رەوانەی قەندیل کرد. دەلیل پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەو ژنە نەپچڕاند، بۆ ئەوەش دەلیل خرایە ناو خولێکی مەشق و ڕاهێنانەوە و لەگەڵ گرووپێکدا بۆ چالاکییەکانی پەکەکە، ڕەوانەی ئەرمەنستان کرا. گرووپەکە بە قاچاخی و بەشێوەیەکی نایاسایی چوونە ناو خاکی ئەرمەنستان.
ئەو کادیرانەی پەکەکە لە ئەرمینیا کە نەیاندەویست ئەو گرووپەی دەلیل شوێنی ئەوان بگرن و ئەوان بگەڕێندرێنەوە بۆ قەندیل، لەلای ئیستیخباراتی ئەرمینیا ڕاپۆرتیان لە دەلیل و گرووپەکەی دا. حکومەتی ئەرمینیا هەستیان بەوە کرد کە بەبێ ئاگادارکردنەوە چوونەتە ناو خاکی ئەرمەنستانەوە، هەوڵیاندا دەستبەسەریان بکەن و ڕادەستی دەوڵەتی تورکیان بکەنەوە.
بەڵام دەلیل و هاوڕێکانی، خۆیان لە لادێکاندا شاردەوە و وەڵامی ڕێکخستنی پەکەکەیان لە ئەرمینیا نەدایەوە، بەڵام ئەم گروپەی پێشووی پەکەکە لە ئەرمینیا کە نەیاندەویست بگەڕێنەوە بۆ قەندیل، خیانەتیان لە دەلیل و هاوڕێکانی کرد و پێیان گوتن: “ئێمە لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی ئەرمەنستان قسەمان کردووە، هیچ کێشەیەک بۆ ئێوە دروست نابێت، وەرن و خۆتان ڕادەست بکەن”.
دەلیل و هاوڕێکانی هەر کە خۆیان ڕادەست کرد، دەزگای هەواڵگریی ئەرمەنستان دەستبەسەریان کردن و هەریەکەیان 4 ساڵ زیندانیان بەسەردا سەپێندرا و بۆ ماوەی 3 ساڵ و نیو لە زیندانەکانی ئەرمەنستاندا زیندانی کران و لە ساڵی 2014دا ئازاد کران و ڕەوانەی باشووری کوردستان کرانەوە.
پەکەکە “دەلیل تەمەل”ی ڕەوانەی کەرکووک کرد و لەوێ ئەرکی حیزبیی بەڕیوەدەبرد. ئەو ڕۆژەی کە کەرکوک لەلایەن میلیشیاکانی “حەشدی شەعبی”یەوە داگیرکرایەوە، دەلیل و بەشێک لە هاوڕێکانی دەیانهەویست شەڕ بکەن، بەڵام قەندیل بڕیاریدابوو کە هەرکەسێک لە دەرەوەی پەکەکە شەڕ بکات، خیانەتکارە. بۆیە ئەوانیش ناچار بوون کە لەژێر چاودێریی میلیشیاکانی حەشدی شەعبیدا سواری چەند ئوتۆمبێلێک بن و بەشێکیان ڕۆیشتنە مەخموور و بەشێکیشیان دەربازی ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی پەکەکە بوون.