نهێنی و تایبەت: بڕیارەکانی کۆنگرەی 12ی پەکەکە

نهێنی و تایبەت: بڕیارەکانی کۆنگرەی 12ی پەکەکە

“لە بڕیاری کۆنگرەی پەکەکە بۆ چەکدانان، هیچ باسێک لە گەریلاکانی ئەو حیزبە لە باشووری کوردستان نەکراوە”.

پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، کۆنگرەی دوازدەهەمی خۆی بەست و 4 بڕیاری گرنگی داوە. بڕیارەکان ڕەوانەی ئیمرالی کراون و دوای پەسەندکردنی لەلایەن ئۆجەلانەوە، لە ڕۆژانی داهاتوودا بۆ ڕای گشتی ئاشکرا دەکرێن.

لە ڕێکەوتی 27ی شوباتی 2025دا، عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، لە بانگەوازێکدا، داوای خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی لە پەکەکە کرد. ئۆجەلان لە چوارچێوەی پێشنیارەکەی دەوڵەت باخچەلیدا ئەم هەنگاوەی هەڵگرت و خەبات و تێکۆشانی 50 سالەی گەلی کوردی لە باکووری کوردستان بەفیڕۆ دا.

لەناوبردنی 50 ساڵ خەبات و تێکۆشانی گەلی کورد

پەکەکە سەرەتا لەسەر بانگەوازی ئۆجەلان ئاگربەستی یەکلایەنەی لە هەمبەر دەوڵەتی تورک ڕاگەیاند و بانگەوازی ڕێبەرەکەی کەوا هیچ داخوازییەکی بۆ نەتەوەی کورد تێدا نەبوو، بە مێژوویی ناوبرد و لە هەموو شوێنێک دەستی بە ئاهەنگگێڕان و شایی و هەڵپەڕکێ کرد.

سەرەڕای ئاگربەستی پەکەکە، هێرشەکانی دەوڵەتی تورک تا ڕێکەوتی 8ی ئایاری 2025یش بەردەوام بوون. لەو ڕۆژەدا کە پەکەکە بە مەبەستی جێبەجێکردنی فەرمانەکەی باخچەلی دوازدەهەمین کۆنگرەی خۆی لە چیای قەندیل ساز دەکرد، فڕۆکەکانی دەوڵەتی تورک شاخەکانی باشووری کوردستانیان بۆردومان دەکرد.

پەکەکە ڕۆژی هەینی، 9/5/2025، ڕایگەیاند کە ئەوان کۆنگرەیان بەستووە و بڕیاری گرنگیان داوە کە بەم نزیکانە بۆ ڕای گشتی بڵاو دەکرێنەوە.

دارکا مازی زانیاری لەسەر ناوەڕۆکی بڕیارەکانی کۆنگرەی 12ی پەکەکە دەستکەوتووە.

یەکخستنی روانگە و بۆچوونی ئەندامانی سەرکردایەتی پەکەکە

سەرچاوەکانی ئێمە ئاشکرایان کردووە کە بەر لە یەکەمین دانیشتنی کۆنگرەی پەکەکە، بەڕێوەبەرایەتیی ئحیزبەکە، چەندین کۆبوونەوەیان بە مەبەستی یەکخستنی ڕوانگە و بۆچوونی ئەندامانی سەرکردایەتیی پەکەکە ئەنجامداوە و دواتر پەکەکە لە ڕێکەوتی 8ی گوڵانی 2025دا بە بەشداریی 40 ئەندامی بەڕێوەبەریی حیزبەکە، دوازدەهەمین کۆنگرەی خۆی لە بناری قەندیل بەڕێوەبردووە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە دەست ئێمە گەیشتوون، سەرکردایەتی پەکەکە لە کۆنگرەدا 4 بڕیاری گرنگیان داوە.

بڕیارەکانی کۆنگرەی 12ی پەکەکە بەم شێوەیەن:

1ـ پێویستە بە خەبات و چالاکیی چەکدارانەی پەکەکە دژ بە دەوڵەتی تورک کۆتایییان پێبێت و لە ڕێگەی سیاسی و یاساییەوە درێژە بە خەبات بدرێت.

2ـ پەکەکە خۆی هەڵوەشاندۆتەوە.

3ـ چەکەکانی خۆیان ڕادەست دەکەن و لیژنەیەکی هاوبەش لەنێوان تورکیا و پەکەکە بۆ چەکدارانی باکووری کوردستان پێکدەهێنرێت.

4ـ نابێت لە هیچ پارچەیەکی کوردستاندا لەژێر ناوی پەکەکەدا چالاکی سەربازی و سیاسی ئەنجام بدرێت.

پەکەکە لە کۆنگرەی خۆیدا ڕایگەیاندووە کە ئەو بڕیارانە لە 9ی ئایاری 2025 ڕەوانەی ئیمرالی دەکرێن، بۆ ئەوەی کە لەلایەن عەبدوڵڵا ئۆجەلانەوە پەسەند بکرێن.

سەرچاوەکانی ئێمە ئاشکراشیان کردووە کە پێشبینی دەکرێت لە ڕێکەوتی 10 یان 11ی ئایاردا، بڕیارەکانی کۆنگرەی 12ی پەکەکە بە فەرمی ڕابگەیندرێن.

چارەنووسی گەریلاکان لە هەرێمی کوردستان

خاڵی جێگای سەرنج ئەوەیە کە لە بڕیارەکانی کۆنگرەی 12ی پەکەکەدا و بەتایبەت لە بڕیاری چەکدانان و دامەزراندنی لیژنەیەکی هاوبەش لە نێوان پەکەکە و دەوڵەتی تورکدا، هیچ باسێک لە گەریلاکانی ئەو حیزبە لە باشووری کوردستان نەکراوە، بە واتایەکی تر لە بڕیارەکەدا هاتووە کە لیژنەیەک بۆ ئەو گەریلایانە دادەمەزرێت کە لە باکووری کوردستاندان!.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان دوو ڕۆژ لەمەوبەر ڕایگەیاندبوو؛ ئەمڕۆ یان سبەی پەکەکە چەک دادەنێ و دەوڵەتەکەمان دەچێتە قۆناغێکی نوێ.

هەنگاوی نوێ لە پرۆسەکەدا

ڕەجەب ئەردۆغان لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ بەشێک لە پەرلەمانتارانی ئاکپارتی و وەزیرەکانی کابینەکەی خۆی ئەمەی ڕاگەیاند و گوتی، هەموو ئاستەنگەکانیان تێپەڕاندووە وئەمڕۆ بێت یان سبەی، پەکەکە چەک دادەنێت و خۆی هەڵدەوەشێنێتەوە.

ڕۆژنامەی “تورکیا”ی لایەنگری حکومەتیش دوێنێ بە پشتبەستن بە سەرچاوەیەکی باڵای ئاک پارتی بڵاویکردەوە، کە هەفتەی ڕابردوو پەکەکە کۆنگرەی خۆی بەستووە و بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی داوە. ڕۆژنامەکە هەروەها ڕایگەیاندووە کە دوای ئەم قۆناغە هەنگاوی یاسایی نوێ سەبارەت بە پرۆسەکە دەگیرێتەبەر.

پوستێن ھەمان بەش