“دوو هێزی سەرەکی دوژمنی ‘هاوپەیمانی ئۆجالان-باخچەلی’ن: ئیسرائیل و هێزە نەتەوەپەروەرەکانی کورد…”.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هەندێک لێدوان لەلایەن چەتەکانی سۆشیال میدیای پەکەکەوە دراوە کە تێیدا ڕۆشنبیران و نووسەرانی کورد و نووسەر “ئایشە هور”یان کردۆتە ئامانج. دەتوانین ئەو پیلانەی پەکەکە بە “ئۆپەراسیۆنی گۆڕینی ڕۆژەڤ” ناو ببەین. بە پێی ئەم پیلانە پەکەکە لەلایەکەوە بە شێوەیەکی سیستماتیک هەندێک بابەت دەخاتە ناو ڕۆژەڤەوە، وەک ئەوەی کە ڕەخنەیان لێدەگرێت، لە لایەکی دیکەشەوە دەیهەوێت دیسانەوە بە هەڕەشەی کوشتن خەڵک سەرکوت بکات.
پەکەکە لە ساڵانی 1970 بەملاوە، سیاسەتی “تەسلیم کردنی کوردانی غەیرە پەکەکەیی” پەیڕەو دەکات. بەڵام ئێستا کە سۆشیال میدیا داهێنراوە، شێوازەکە گۆڕاوە. ئێستا هەنگاوی جیاواز لە پرۆسەکەدا هەیە. با لە نزیکەوە لەم پرۆسەیە بکۆڵینەوە.
هەنگاوی یەکەم: کادیرێکی سادەی وەک “فرات بولوت” چۆنە کە ڕووداوە گرنگەکان دەزانێت
یەکەمجار کەسێک بە ناوی “فرات بولوت” لە چات ڕومێکی پلاتفۆرمی “X”دا ڕایگەیاند کە پەکەکە لیستێکی 102 کەسیی کوشتنی پەکەکە هەیە.
بەگوێرەی لێدوانەکەی، فرات بولوت ئەو لیستەی بینیبوو و “ئەم لیستە 102 کەسییە لە کوردانی غەیرە پەکەکەیی پێکهاتبوو، کادیرێکی پەکەکە ئەو لیستەی پیشانی بولوت دابوو. ناو و ناسنامەی هەموو ئەوانەی لە لیستەکەدا بوون دیاریکرابوون و پەکەکە هەرکات بیهەوێت دەسپێدەکات و ئەو کەسانە دەکوژێت. بولوت دەڵێت: “بۆ ڕێزگرتن لە بڕیارەکەی پەکەکە” ئامادە نیە ئەو لیستە ئاشکرا بکات.
ئەگەرچی فرات بولوت خۆی وەک ڕۆژنامەنووس دەناسێنێت، بەڵام لە واقیعدا ئەندامی “YDG-H”، واتە باڵی لاوانی پەکەکە لە باکوری کوردستان و تورکیا، بوو. خوێندکاری قۆناخی دووەمی چاپ و ڕاگەیاندن بووە لە شاری مەلەتی کە بەشداریی لە چالاکییەکانی پەکەکەدا کردووە. لە ڕاستیدا خەڵکی گوندی “دەرێ نازک”ـە لە چەولیگ. کوڕی شەریف بولوت و سورمە بولوتە کە خاوەنی 8 منداڵ (5 کوڕ و 3 کچ) بوون. کەس لە بنەماڵەکەی نەچووەتە ناو پەکەکە. ئێمە نامانهەوێ زانیاریی لەسەر ئەم کەسە بڵاو بکەینەوە.
فرات لەبەر ئەوەی کە هەندێک کاری نایاسایی کردبوون، دەیهەویست بچێتە ئەورووپا و بۆ ئەوەی مافی پەنابەرییەکەی پەسەند بکرێت، ناسنامەی ڕۆژنامەوانیی پێدرا. بەهۆی ئەوەی کە هەواڵی ناڕاستی لەسەر بوومەلەرزەکەی مەرەش بڵاوکردبووەوە، دەستگیرکرا. بە کەڵک وەرگرتن لەم دەستنەسەرکرانە، مافی پەنابەریی لە ئەڵمانیا وەرگرت. فرات تا ئێستاش نەک هەر پەیوەندیی لەگەڵ میدیاکارانی پەکەکەدا هەیە، بەڵکوو ئۆ بۆخۆشی کارمەنی پەکەکەیە.
بابەتی لیستی کوشتنی 102 کەسیەکەشی لە زاری خۆیەوە باس نەکردبوو. ئەو لە چوارچێوەی پڕۆژەی پەکەکەدا ئەرکی ترساندنی نەیارانی بە هەڕەشەی کوشتن پێسپێردراوە. ئەگەر بەڕاستی لیستێکی لەو شێوەیە هەبوایە، لە زاری کادیرێکی بێ وەسفی وەک فراتەوە نەدەگوترا. بەڵام کەسێک شتێکی بە گوێیدا چرپاندبوو، داوایان لێکرد لە تویتەر قسە بکات بۆ ئەوەی کە ڕۆژەڤەکە دروست بکات. ئەو دیوی قێزەون و نایاسایی ئەم پلانەی هێنابووە ئاراوە. هەڤاڵانی دیکەی، واتە کۆمیتەی ڕاگەیاندنی پەکەکەش، بنەمای ئیدئۆلۆژیکی بۆ ئەو کارە دەخوڵقێنن.
ئەوەی جێگای سەرنجە فرات بولوت خەڵکی چەولیگ بوو و بەشی سیاسیی هەڕەشەکە لەلایەن “زانا ئازاد”ـەوە کرابوو کە ئەویش خەڵکی چەولیگە.
هەنگاوی دووەم: بکوژی بەئەزموون زانا ئازاد
ڕۆژی دواتر لە ڕۆژنامەی “یەنی یاشام”، ڕۆژنامەی پەکەکە لە تورکیا، وتارێک بە واژۆی “زانا کانیرش” بڵاوکرایەوە و ڕۆشنبیرانی کوردی وەک “نەجات زانیار” و نووسەر “ئایشە هوور” کرابوونە ئامانج و ئەم ڕۆشنبیرانە بە خائین دانرابوون. ئەو کەسەی کە کۆدناوی “زانا ئازادی”یە، ناوە ئەسڵییەکەی “کامیل یانار”ـە. هەروەها ناوی زانا ئازادی بەر لە کوژرانی پارێزەر “تاهیر ئەلچی”یش بیسترابوو. 18 ڕۆژ پێش کوژرانی تاهیر ئەلچی، زانا ئازادی لە میدیاکانی پەکەکەدا هێرشی کردبووە سەر تاهیر ئەلچی. چونکە تاهیر ئەلچی لە دژی “شەڕی خەندەقەکان” ڕاوەستابوو. ئەوەی جێگای سەرنجە ئەوەیە کە کاتێک تاهیر ئەلچی کوژرا دوو گەریلای پەکەکە لەو مەیدانەدا بوون و تەقەیان لە پۆلیس دەکرد. ئەو گەریلایانە بە ناوەکانی “ماهیر گوورکان و ئوگور یاکشیر” ئامۆزای زانا ئازاد بوون.
زانا ئازاد ئەندامێکی کۆنی پەکەکەیە. پێشتریش بە هەڵوێستی توند و مەزهەبیی لە پەکەکەدا سەرنجی کادیری ئەنقەرەی پەکەکە بۆ لای خۆی ڕاکێشابوو و ڕەوانەی ئەوروپا کرا و لە دەستەی بەڕێوەبەریی ئەورووپای پەکەکەدا جێگەی خۆی گرتبوو. زانا ئازاد وەک موفەتشێکی پەکەکە وایە. هەم کادیرانی ناو پەکەکە و هەمیش کوردەکانی دەرەوەی پەکەکە دەکاتە ئامانج. بە واتایەکی تر بە جۆرێک چەتەیەکی سۆشیال میدیایە. ئەو هەڕەشانەی لە تاهیر ئەلچیی کردبوون زۆر توند بوون و تاهیر ئەلچی لە ئەنجامی ئەو هەڕەشانەدا شەهید کرا. ئێستا هەڕەشەکان و قسەکانی فرات چەولیگ و زانا چەولیگ دەریدەخەن کە پلانێکی هەمەلایەنە لە ئارادایە. ئەم پیلانە لە بنەڕەتدا پیلانی جەمیل بایک و مستەفا قەرەسویە.
یەکەم هەڕەشە لە قەرەسووەوە
لە 5ی ئازاری 2025دا مستەفا قەرەسو لە لێدوانێکدا بۆ تەلەفزیۆنی مێدیا هابەری سەر بە پەکەکە، هەڕەشەی توندی لە هەموو ئەو کەسانە کرد کە ڕەخنە لە پەکەکە دەگرن. قەرەسوو وتی: “هەرکەسێک بڵێت پەکەکە چی بەدەست هێناوە، کارەکانیان چ سەرکەوتنێکی بەدەست هێناوە؟ ئەوە خائین و خیانەتکارە و ئێمە دەتوانین هەر جۆرە وەڵامێک بەم کەس و لایەنانە بدەینەوە. ئێمە دەتوانین بێدەنگیان بکەین”.
بێدەنگکردن چییە؟ بێگومان هەڕەشەی کوشتنە.
دوو میکانیزمی بنچینەیی لە دامەزراندنی پەکەکەدا
حەز دەکەم سەرنج بخەمە سەر دوو بابەتی بنەڕەتی، کە میکانیزمی پەکەکە لە سەر ئەم دوو بناغەیە دامەزراوە.
یەکەم: بە درێژایی مێژووی 48 ساڵەی پەکەکە، بەکارهێنانی “توندوتیژی و دژواری” بۆ ڕەتکردنەوەی هێزی داگیرکەر نەبوو، بەڵکو بۆ بێدەنگکردن و تەسلیمکردنی کورد بوو. ئۆجەلان کۆمەڵگەی کوردی بەباشی ناسیوە. ئەو کاریگەری هێزی چەکدارانەی دەزانی، هەر بۆیە پەکەکە هەر لە سەرەتاوە ڕووی لوولەی تفەنگەکانی لە کورد کرد. بەم شێوەیە هەم لە ڕووی سۆزدارییەوە کاریگەریی لەسەریان دانا و هەم لە ڕێگەی ترس و تۆقاندنەوە کۆمەڵگەی بێدەنگ کردووە.
دووەم: هەموو ئەوانەی کە مێژووی پەکەکە دەزانن، ئەم ڕاستییە بە باشی دەبینن. هەرکاتێک پەکەکە باسی خیانەتی ناوخۆ دەکات ئەوکات دەزانن کە لە ناو خیانەتێکی گەورەدایە. پەکەکە هەرکات بیهەوێت خیانەتەکەی بشارێتەوە، باسی خیانەتکارانی ناوخۆ دەکات و خەڵکی بێتاوان دەکوژێت.
لە ساڵی 1970ـەوە هەتا ئێستا هەر بەم شێوەیە بووە. پەکەکە “حەقی قەرار”ی شەهید کرد، بەڵام تاوانەکەی خستە ئەستۆی ڕێکخراوی پێنج پارچەجییان و هەموو سەرکردەکانیانی کوشت. دواتریش هەرکات پەکەکە وشەی خائین و هاوکاریی دوژمنی بەکارهێنابێت، بزانن کە پەکەکە لە ناو خیانەتێکی گەورەدایە. ئێستاکەش پەکەکە دەیهەوێت ئەم دوو میکانیزمە بەکاربهێنێت.
پەکەکە دەیهەوێت ترس بڵاوبکاتەوە
ئامانجی ئێستای پەکەکە دروستکردنی ئیمپراتۆریەتی ترسە. لە مێژوودا لە لایەکەوە خۆی بە باش دەردەخات و لە لایەکی دیکەشەوە بە ترساندنی خەڵک سەروەری خۆی بەرێوەدەبرد.
ئێستاش پەکەکە دەزانێت کە بەتەنها بە قسەی دیموکراتیک و بە جوان پیشاندانی خۆی بتوانێ جەماوەرەکەی بەڕێوە ببات، دەزانێت کە ئیدی خەڵک وردە وردە لێیان دوور دەکەوێتەوە. لە هەمووی گرنگتر پەکەکە دەبینێت دوای بانگەوازەکەی ئۆجەلان ناڕەزاییەکی گەورە لە نێو جەماوەرەکەی خۆیدا ڕۆژبەڕۆژ زیاتر پەرەدەستێنێت. دەبینێت سیمای ئۆجەلان هەڵوەشاوەتەوە و کورد لە ڕۆژئاڤا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە پاڵ هەلومەرجەکەیدا وەستاوە. پەکەکە دەبینێت کورد چیتر گوێ لە چیرۆکی دیموکراسی ئۆجەلان ناگرێت و بەرەو ڕێبازێکی نەتەوەیی هەنگاو دەنێت. پەکەکە بۆ ئەوەی جەماوەر بەدەست بهێنێت، هەرکەسێک کە ڕاستی دەنووسێت و دەیڵێت، و بیرکردنەوەی نەتەوەیی هەبێت، وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر خۆی دەیبینێت.
ئێستا پەکەکە ئەو کەسانە دەترسێنێت کە ڕەخنەی لێدەگرن. سبەی پەکەکە ئەو کەسانە دەترسێنێت کە گوێیان لەم ڕەخنانە دەبێت. پاشان ئەگەر بێدەنگیش بن، ئەوانەی ناڵێن “بژی پەکەکە” بە خیانەتکار تاوانبار دەکات.
پەکەکە ئەگەر بیهەوێت کەسێک بکوژێت بە بێدەنگی دەیکوژێت. ئامانج تەسلیمبوون و بێدەنگکردنیانە. لەبەر ئەوەی کە پەکەکە کەوتۆتە ناو خیانەتێکی قووڵەوە، دەبێ هەمووان بێدەنگ بن و نەڵێن “پاشا ڕووتە”. پەکەکە دەیهەوێت میللەتی کورد تەسلیم بکات. ئەمە ئەرکی پەکەکەیە.
پەکەکە پابەندە بەوەی کورد بهێنێتە ئەو ئاستە کە کۆلۆنیالیستەکانیش لێی نەترسن و لە هێڵی نەتەوەیی دووریان بخاتەوە. هەر لەبەر ئەم هۆکارە، دەوڵەت باخچەلی کە کەسایەتیەکی قووڵی دەوڵەتی تورکە، ئۆجەلانی بە “پێشەنگی دامەزرێنەر” ناوبرد و ویستی کە فەزای سیاسیی بۆ فەراهەم بکات.
ئێستا پەکەکە ئەرکدارە کە کورد لە هزر-ئامانجی سەربەخۆیی بێهیوا بکات و لە ڕێبازی نەتەوەیی دوور بکەوێتەوە و بە ئارەزووی خۆی ناسنامەی کۆلۆنیالیزم قبوڵ بکات. جگە لەوەش پەکەکە دەیهەوێت کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرەنگاری گۆڕینی سنوورەکان ببێتەوە. هەر لەبەر ئەم هۆکارە، لەم پڕۆسە نوێیەدا ئەو کوردانەی کە بەرژەوەندی نەتەوەیییان هەیە و دەیانهەوێت نەخشەی ئەو سنوورانە بگۆڕێت کە لۆزان دروستی کردوون، نەیاری پەکەکەن.
نەیاری هاوبەشی باخچەلی و ئۆجەلان کێیە؟
تەنانەت دەتوانین بڵێین دوو هێزی سەرەکی دوژمنی “هاوپەیمانی ئۆجالان-باخچەلی”ـەن: ئیسرائیل و هێزە نەتەوەپەروەرەکانی کورد…
بابەتەکە درێژە، ئەم هەواڵانە کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە سۆشیال میدیا دەرکەوتوون، دەرخەری ئەوەن کە پەکەکە ئۆپەراسیۆنێکی بۆ سەر کورد دەستپێکردووە. لەم ئۆپەراسیۆنەدا ڕۆژنامەنووسان و کادیر و چەتە بکوژەکان بەکارهێنراون. ئەم پلانە بۆ پەکەکە پلانێکی ستراتیژیکە.
ئەم پلانەی پەکەکە بە شێوازی بێبالداری وەک جەنگ ساگنچ، یانیش بە ڕەخنەی گاڵتەجاڕانەی هەندێک کەسی تر ناشکێنرێت. پێویستە زەمینەیەکی باش بۆ خەبات دروست بکرێت و پلانی پەکەکە لەناوببرێت. بۆ نمونە کەسێک بە ناوی فرات لە ئەڵمانیا نیشتەجێیە، دەبێت دۆسیە لەسەر ئەو جۆرە کەسانە تۆمار بکرێت.
پێویستە نەتەوەپەروەرانی کورد بە جیددی و بە ڕێکوپێکی کار بکەن. کورد دەبێت پشتگیری یەکتر بکات، هەروەها پشتگیری لە ڕۆشنبیرانی وەک “ئایشە هوور” بکات. لە کۆتاییدا ئەگەر ئەمڕۆ ئێوە بێدەنگ بن، سبەی ڕۆژ نۆرەی ئێوەش دێت و تووشی کێشە دەبن. بە هیچ شێوەیەک پێویست ناکات مرۆڤ بترسێت. بە خەباتێکی زیرەک و چاونەترسانە، پلانی پەکەکە و کۆلۆنیالیستەکان کە دەیانهەوێت کوردانی خاوەن هەڵوێستی نەتەوەیی کورد بترسێنن، تێکدەشکێن.