قەرەسوو لە ساڵی 1986 بەملاوە، لە سەرجەم دانوستانەکانی نێوان پەکەکە و دەوڵەتی تورکدا، ڕۆڵی هەبووە.
چارەنووسی مستەفا قەرەسوو کە ئەندامی گرووپی ئەنقەرە و یەکێک بوو لە دامەزرێنەرانی سەرەتاییەکانی پەکەکە، مشتومڕی لەسەرە. لە کۆنگرەی 12ی پەکەکەدا کە تێیدا هەڵوەشاندەوەی خۆی ڕاگەیاند، هەندێک کەسایەتی دیاری پەکەکە وەک باهۆز ئەرداڵ، سۆفی نورەدین (کە پێشتر ئیدیعا کرابوو لە هێرشێکی تورکیادا گیانی لەدەستداوە)، سەبری باشقەلە، بەسێ ئەرزەنجان، بێریتان دێرسێم، نارین عەفرین و هاجەر عەفرین، دیار نەبوون و دەگوترێت بەشێکیان گیانیان لەدەستداوە و بەشێکیشیان لە ڕۆژئاڤای کوردستان یان لە ئەورووپادا نیشتەجێن. بەڵام فۆکۆس و سەرنجی ڕای گشتی لەسەر “مستەفا قەرەسوو”یە. چۆن دەکرێ کەسایەتییەکی دیاری وەک مستەفا قەرەسوو ئامادەی کۆنگرە نەبێت؟ لە هەمان کاتدا لە دوای کۆنگرە هیچ لێدوانێکی سەبارەت بەم پێڤاژۆیە نوێیە نەداوە. لەم دواییانەشدا و لە ڕێکەوتی 16ی ئایاردا گرتەیەکی ڤیدیۆیی مستەفا قەرەسوو لە میدیای پەکەکەدا بڵاوکرایەوە کە لەم ڤیدیۆیەدا باسی کەسایەتیی عەلی حەیدەر قەیتان دەکات. بەڵام ئەم گرتە ڤیدیۆیە، نوێ نەبوو و تێیدا هیچ باسێک لە سەر کۆنگرەی پەکەکە ناکرێت. ئەم بێدەنگی و دیارنەمانەی قەرەسوو، لە سۆشیال میدیادا مشتومڕێکی لەسەر ژیانی ئەو لێکەوتووەتەوە و بانگەشەی ئەوە دەکرێت کە قەرەسوو لەلایەن پەکەکەوە کوژراوە.
بە گوێرەی ئەو هەواڵانەی لە سۆشیال میدیا بڵاوکراونەتەوە، مستەفا قەرەسو بە پڕۆسەکەی نێوان ئۆجەلان ـ دەوڵەت باخچەلی و تەیب ئەردۆغان، ڕازی نەبووە و باس لەوە دەکرێت کە قەرەسوو تەنانەت لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا لێدوانێکی دژ بە دەوڵەت داوە.
قەرەسوو: دەوڵەت تەکلیفێکی بێ ئەخلاقانەمان لێدەکات
قەرەسوو لە مانگی تەمموزی ساڵی ڕابردوودا بەشداریی لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنی “مێدیا هەبەر”ی پەکەکەدا کرد و تیایدا بە شیوەیەکی ناڕاستەوخۆ دیدارەکانی لەگەڵ دەوڵەتدا ئاشکرا کرد. قەرەسوو لەم چاوپێکەوتنەدا وتی: “دەوڵەت تەکلیفێکی بێ ئەخلاقانەمان لێدەکات”.
بەگوێرەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، قەرەسوو لەسەر ئەو هەڵوێستەی سزا دراوە. تا ئێستا پەکەکە هیچ کاردانەوەیەکی بەرانبەر بەو دەنگۆیانە نەبووە و ئەو ئیدیعایانەی نە پشتڕاست کردۆتەوە و نە ڕەتیشی کردوونەتەوە. ئەمە زۆر سەیر نییە، چونکە عەلی حەیدەر قەیتانیش کوژرا، بەڵام پەکەکە دوای 7 ساڵ ئەوجا هەواڵی مردنەکەی ڕاگەیاند. پێگەی “دارکا مازی” بەدواداچوونی بۆ ئەم بابەتە کردووە و لە هەندێک بازنەی نزیک لە پەکەکەش زانیاریی دەستکەوتووە.
لێدوانەکانی قەرەسوو
هەرچەندە قەرەسو لە ساڵی ڕابردوودا هەندێک لێدوانی دژ بە پرۆسەکەش دابن، بەڵام لەم دواییانەدا بۆچوونەکانی گۆڕانکارییان بەسەردا هاتبووە دوای ئەوەی دەوڵەت باخچەلی ئەم پرۆسەیەی دەستپێکرد، قەرەسوو زۆر گەشبینانە قسەی لەسەر پرۆسەکە کرد. قەرەسوو گوتبووی: ” لەو کۆبوونەوانەدا ئۆجەلان سەرۆکی دانوستانەکەیە و ئەو هەرچی بڵێ، ئێمە قبووڵی دەکەین”. لە هەمان کاتدا، لە 5ی ئازاردا، قەرەسوو لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا گوتی: “با کەس گومانی نەبێت، پەکەکە کۆنگرەی خۆی دەبەستێت”.
بە واتایەکی تر قەرەسوو لە هەر بەرنامەیەکی میدیاییدا کە دەرکەوتبێت بە هیچ شێوەیەک دژی پرۆسەکە نەبووە. بەڵام پێویستە ئەمە بزانین کە میدیای پەکەکە هیچ شتێک لە دەرەوەی ئایدۆلۆژیای پەکەکە بڵاو ناکاتەوە.
ئایا دەکرێ قەرەسوو دژی ئۆجەلان بووبێت؟
کاتێک ئاوڕ لە ژیانی مستەفا قەرەسوو دەدەینەوە، بۆمان دەردەکەوێت کە مەحاڵە قەرەسوو هیچ شتێک لە دژی ئۆجالان بڵێت. قەرەسوو جارێک وتبووی: “من چەکداری هەڵەکانی ڕێبەر ئۆجالانم” و لە پراکتیکیشدا هەمیشە لەسەر ئەم قسەیەی خۆی بوو. قەرەسوو بیرۆکەکانی ئۆجەلانی بە دەمامکی چەپگەرایانەوە، لە ناو کۆمەڵگادا بڵاو دەکردەوە و لە ساڵی 2004 بەملاوە، بەرپرسی دەزگای ڕاگەیاندنی پەکەکە بووە.
بەگوێرەی قسەی کەسانی نزیک لە پەکەکە، قەرەسوو هەرگیز دژایەتی ئۆجەلانی نەکردووە و ناشیکات. لەهەمانکاتدا هەمان ئەو کەسانەی نزیک لە پەکەکە دەڵێن ئەگەر قەرەسوو تەنها مێزێک و تەلەفزیۆنێکی هەبێت، ئامادە نیە هەنگاوێک بنێتە دەرەوە و هیچ دیالۆگێکی لەگەڵ کادیرانی پەکەکەدا نییە. واتە ئەو شەهامەتی ئەوەی نییە و زەمینەی ئەوەشی تێدا نیە کە دژایەتی ئۆجەلان بکات. دەڵێن قەرەسوو وەک عەلی حەیدەر قەیتان نییە و ئەو بە دەستی پەکەکە ناکوژرێت.
کەواتە ئەی قەرەسوو لە کوێیە؟
بەشێک لە سەرچاوەکانی نزیک لە پەکەکە کە ئێمە بۆچوونەکانیانمان وەرگرتوون، دەڵێن قەرەسوو چووەتە ئەوروپا، چونکە لەوێ باشتر دەتوانێت ئەو کۆبوونەوانەی نێوان پەکەکە و تورکیا ئیدارە بکات و لەهەمانکاتیشدا بۆ ئەوە ڕۆیشتووە تا بەشێک لە کاروباری نهێنی پەکەکە وەک “دارایی و هەواڵگری و کادیرەکان” لە ئەورووپا بەڕێوە ببات. دەگوترێت قەرەسوو و کادرێکی ژن بەرپرسیارەتی بەڕێوەبردنی ئەو کاروبارانەیان پێدراوە. ئەوان دەشڵێن کە قەرەسوو ماوەی ساڵێکە لە نێوان ڕۆژئاڤا و ئەوروپادا لە هاتوچۆدایە و باس لەوەش دەکرێت کە دەولەتی بەریتانیا پاسپۆرتێک داوەتە قەرەسوو بۆ ئەوەی لەم سەفەرانەدا تووشی هیچ کێشەیەک نەبێت. هەمان ئەو سەرچاوانە باس لەوەش دەکەن کە قەرەسوو لەژێر گەرەنتیی بەریتانیادا لە وڵاتانی بەلجیکا و نەرویژ لەگەڵ نوێنەرانی دەوڵەتی تورکدا دیدار و کۆبوونەوە دەکات.
ئەم سەرچاوانەی پەکەکە تەنانەت دەشڵێن لەناو پەکەکەدا باسێک هەیە کە گۆیا قەرەسوو ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئۆجەلان کۆبووەتەوە. بە واتایەکی تر، بە گوێرەی ئەم سەرچاوانە، قەرەسوو نە بە هۆی کوشتنی خۆیەوە، بەڵکوو لەبەر ئەوەی ویستویەتی بەشداری ئەو چالاکییانە بکات، ڕۆیشتۆتە ئەورووپا و هەر بۆیەش دیاری نیە.
ئێمە ناتوانین ئەم زانیاریانە پشتڕاست بکەینەوە کە سەرچاوەکانی ناو پەکەکە ئاشکرایان کردووە، بەڵام دیسانیش ئەم زانیارییانە مەعقوول دیارن. چونکە قەرەسوو لە ساڵی 1986 بەملاوە، لە دانوستانەکانی نێوان تورکیا و پەکەکەدا، ڕۆڵی هەبووە. هەروەها لە دانوستانەکانی پەکەکە لەگەڵ حکومەتی تورگۆت ئۆزەل لە سەرەتای ساڵانی 1990دا، ڕۆڵی سەرەکی هەبووە. تەنانەت لە ئەنجامی ئەو دانوستانانەشدا مستەفا قەرەسوو لەکاتێکدا کە هەڤالەکەی بەرنەدرا، بەڵام ئە لە زیندان ئازاد کرا و ڕۆیشتە لای ئۆجەلان.
قەرەسوو لە دانوستانەکانی ئۆسلۆ کە بە پاڵپشتی بەریتانیا دەستی پێکرد، بەرپرسی گرووپی پەکەکە بوو. ئەو لەو دانوستانانەی کە لە ساڵی 2009دا دەستیپێکرد، بەریتانیا و هەرێمی کوردستان، بۆ هاتوچۆکردنی قەرەسوو هاوکاریان کرد و تەنانەت پاسپۆرتێکیشیان بۆ دروست کردبوو.
ئەگەر ئەم ئەرکانەی قەرەسوو لەبەرچاو بگرین، ئەو دەنگۆیانە بە ڕاست و لۆژیکی دادەنرێن کە دەڵێن قەرەسوو ڕۆڵی لە پەیوەندییەکانی پەکەکە و دەوڵەتی تورکدا هەیە. لە ئەنجامدا کاتێک کەسایەتی قەرەسوو و ئەرکەکەی لەبەرچاو دەگرین، ئەو ئیدیعایانە کە دەڵێن پەکەکە بۆخۆی کوشتوویەتی، زۆر لە ڕاست ناچن. ئەگەر قەرەسوو لە ژیانیشدا نەمابێت، لەوانەیە بەهۆی کێشەی تەندروستییەوە بێت یان بەهۆی ڕووداوێک یانیش لە کردەوەیەکی تاکەکەسیدا مردبێت. بێگومان باوەڕمان بەوە نییە کە پەکەکە بەم زووانە چارەنووسی قەرەسوو ئاشکرا بکات، بۆیە ناتوانین بە دەرئەنجامێکی 100%ی بگەین. سەبارەت بە سیاسەتی گۆشەگیری و پراگماتیزمی دەوڵەتی عوسمانی دەگوترێ “عوسمانییەکان فرت و فێڵی زۆریان هەیە” و دەتوانین بڵێین کە پەکەکەش فرت و فێڵی زۆری هەیە، جا ئێستا کە ئەم دووانە یەکیان گرتووە و پێکهاتوون، بێگومان فرت و فێڵەکانیان دوو سێ هێندە زیادیان کردووە، بەڵام لە هەر حاڵەتێکدا، ڕۆژێک دادێت کە هەقیقەت دەربکەوێت و ئێمە وێکڕا دەبینین چارەنووسی قەرەسوو چی بووە.