هەوڵەکان بۆ بێدەنگکردنی “دارکا مازی” و ستراتیژیی ئاپۆچیکردنی کوردانی باکووری کوردستان

هەوڵەکان بۆ بێدەنگکردنی"دارکا مازی" و ستراتیژیی ئاپۆچیکردنی کوردانی باکووری کوردستان

نابێ هیچ کەسێک لە بەرانبەر “ناچارکردنی کورد بە ئاپۆچی-پەکەکەیی”دا، سەری نەوی بکات.

فەرید ئازاد، کەسێکی پێشەنگ بوو، سەرکردایەتی پلاتفۆرمی گەنجانی سەربەخۆی دەکرد، کۆمەڵەیەک کە لەلایەن چەند گەنجێکی باکوری کوردستانەوە پێکهێنرابوو. ئەم نەورۆزە، نمایشێکیان بە ئاڵای ڕەنگینی کوردستانەوە لە شاری بازید ئەنجامدا. لەبەر ئەو نمایشەیان بە ئاڵای ڕەنگینی کوردستانەوە، دەوڵەتی تورک لە ڕیکەوتی 7ی نیساندا، “فەرید ئازاد”ی دەستبەسەر کرد.

لە ڕۆژانی دوای دەستگیرکردنی فەرید ئازاد، گەنجانی پەکەکە، بۆ پیرۆزکردنی ڕۆژی لەدایکبوونی ئۆجەلان، بە پۆستەری گەورەی ئۆجەلانەوە بەرەو ئەو گوندە ڕێپێوانیان دەکرد کە ئۆجەلانی تێدا لەدایک بووە. زۆر سەرنجڕاکێشە، گەنجانی پەکەکە مۆڵەتیان هەیە، بەڵام فەرید ئازاد ڕێگای پێنادرێت.

فەرید ساڵێک پێشتریش دەستبەسەر کرابوو. جگە لەوەش سەرەڕای ئەوەی کە لە هەموو شوێنێک بە دەنگی بەرز دەڵێن “ئێمە ئەندامی پەکەکە نین و ڕەخنە لە پەکەکە دەگرن”، کەچی دۆسیەیەک لە دژی فەرید ئازاد “بۆ ئەندامبوون لە پەکەکە و کەجەکە” کرابوویەوە. زۆر سەرنجڕاکێشە.

هەروەها “عەلی چەڤەن”یش گەنجێکی چالاک بوو و ئەندامی پەکەکە نەبوو. عەلی کۆمەڵەی پێشەنگەکانی کوردی دامەزراندبوو و لە چاوپێکەوتنێکی سەرشەقامدا گوتی: “من تورک نیم، شێخ سەعید سەرکردەی منە”. دەوڵەتی تورک دەستبەسەری کرد و تەنانەت بەناو دادگای تورکیا سزای 3 ساڵ و 1 مانگ و 15 ڕۆژ زیندانی بەسەردا سەپاند.

ئەو نە ئەندامی پەکەکە بوو، نە ستایشی ئۆجەلانیشی دەکرد، بەڵکوو ستایشی شێخ سەعیدی دەکرد.

واتە لە باکووری کوردستان ئەوانەی ستایشی ئۆجەلان دەکەن ئازادن، بەڵام ستایشکردنی شێخ سەعید قەدەغەیە.

وێنەکانی ئۆجەلان ئازادن، بەڵام ئاڵای کوردستان قەدەغەکراوە

چی لە پشت ئەو هێرشانەوەیە کە دەکرێنە سەر “دارکا مازی”؟

لە ماوەی ئەو 6 ساڵەی کە دەستمان بە وەشانی ماڵپەڕەکەمان (دارکا مازی) کردووە، تووشی چەندین سەختی و ئاستەنگ بووین. ساڵی یەکەم کە دەستمان پێکرد، ماڵپەڕەکەمان لە تورکیا بلۆک کرا، لە ئێران بلۆک کرا. ئێمە کۆڵمان نەدا و نوێمان کردەوە. دواتر چەندین جار ئایپی نوێمان بۆ ماڵپەڕەکەمان بوەرگرت تا بتوانین ئەو ئاستەنگانە تێپەڕێنین.

دەیان هەژماری فەیسبووک و سۆشیال میدیامان داخران، ئێمە سزادراین، بەڵام کۆڵمان نەدا و نەوەستاین و نوێمان کردەوە. تەنها لە ماوەی 40 ڕۆژی ڕابردوودا، 45 هەزار هێرش کراوەتە سەر ماڵپەڕەکەمان. ئەوەی جێگای سەرنجە ئەوەیە کە ئێمە بەدواداچوون بۆ هێرشبەرەکان دەکەین، ناوەندی ئەو هێرشانەی کە دەکرێنە سەر ماڵپەڕەکەمان لە ئێران، تورکیا، بەلجیکا و فەرەنسادان. ئێمە لە ئێران و تورکیا تێدەگەین، بەڵام هاوکات لەوەش دڵنیاین کە ئەو هێرشانەی لە فەرەنسا و بەلجیکاوە دەکرێنە سەر ماڵپەڕی “دارکا مازی”، لە لایەن پەکەکەوە ئەنجام دەدرێن.

لە مانگی شوباتەوە تورکیا ئەکاونتی X ی ئێمەی بلۆک کردووە. جگە لەوەش ماڵپەڕەکەمان بە فەرمانی دادگا قەدەغە کراوە. بە واتایەکی دیکە لە ماوەی دوو مانگدا دادگاکانی دەوڵەتی تورک بۆ داخستنی پێگەی “دارکا مازی”، چەندین جار کۆبوونەتەوە.

لە کاتێکدا کە ماڵپەڕەکەمان بەم شێوەیە دادەخرێت، کەچی دەزگاکانی ڕاگەیاندنی پەکەکە لە ناو تورکیا، وەک “یەنی یاشام، ئاژانسی میزۆپۆتامیا و هتد…”، هاوشێوەی ساڵانی ڕابردوو، لە وەشانی خۆیان بەردەوامن و ئازادانە دەسووڕێنەوە.

واتە لە تورکیادا دەزگاکانی ڕاگەیاندنی پەکەکە ئازادن، بەڵام دارکا مازی قەدەغە کراوە… بەڵام لە ماوەی 6 ساڵی ڕابردوودا پەکەکە لە ژێر هەموو بابەتەکانی ئێمەدا دەنووسن و دەڵێن: “ئێوە چاپەمەنی میتن، ئێوە ئاژانن، میت پارەتان پێدەدات و هتد…؟!”

بەرپرسانی میدیاکانی پەکەکە لە باکووری کوردستان، ساڵانێکە پاسپۆرتەکانیان لە باخەڵیاندایە و ئازادانە لە دیاربەکرەوە دەڕۆنە سلێمانی و لەوێ لەگەڵ ئەندامانی کۆمیتەی ڕاگەیاندنی پەکەکە و کەسانی وەک مستەفا قەرەسوو کۆدەبنەوە. لە ڕێگای پەکەکەوە دەچنە ڕۆژئاڤا و لەوێ ئازادانە دەسووڕێنەوە. پاشان بەهەمان پاسپۆرتەوە دەگەڕێنەوە دیاربەکر و ئەستەنبوڵ. هەندێک جار دەوڵەتی تورک چەند کەسێکی لاوازیان دەگرێت، بەڵام لە بنەڕەتدا دۆخەکە جیاوازە بۆ ئەو کەسانەی کە سەرپەرشتیی چالاکییە میدیاییەکانیان دەکەن. کەسانێک کە ماوەی 20 ساڵە بەرپرسایەتی بەڕێوەبردنی میدیای پەکەکەیان لە ئەستۆدایە، ئێستاکەش ئازادانە لە نێوان دیاربەکر و ئەستەنبوڵ و سلێمانیدا گەشت دەکەن. ئایا ئەمە ئاساییە؟

دەپرسین کێ ئاژانی تورکیایە، ئێمە یان پەکەکە؟ بێگومان ئێمە ئاژان نین، ئەوە مسۆگەرە!

ئێمە یەکێکین لەو گرووپانەی کە دەمانهەوێت پەردەی نهێنی لەسەر هەندێک لە قۆناخەکانی مێژووی کوردستان لەماوەی سەد ساڵی ڕابردوودا هەڵدەینەوە. ئێمە دەڵێین ڕووداوەکان بەو شێوەیە نین کە باس دەکرێن و دەڵێین لە شەڕی هاوئاهەنگ و هاوتەریبی نێوان پەکەکە و دەوڵەتی تورکدا، ئامانجەکانی کورد و کوردستان لەناو دەبرێن. ئێمە گرووپێکی بچووکین بەڵام کاریگەریمان هەیە. بۆیە ماڵپەڕەکەمان کە مانگانە 20 بابەت بڵاودەکاتەوە، 45 هەزار جار هێرشی دەکرێتە سەر و هەمووشیان لە بازنەی سیاسییەوە دکرێن.

ئێمە دژی سیاسەتی 50 ساڵەی دەوڵەتی تورکین کە دەیهەوێ “هەموو کوردەکان لە ناو ئەستێری پەکەکەدا کۆبکاتەوە و بیانخەنە ناو تەڵەی ئۆجەلانەوە”. بەهۆی ئەم هێڵە ڕاستەمانەوەیە کە لە لایەن هەردوولا (پەکەکە-تورکەکان)ـەوە پەلامار دەدرێین.

ئێمە دژی ئەو پەیوەندییە نوێیەی مورید-شێخین کە پێی دەوترێت “ئاپۆچیەتی” (APO cîtî) و بەسەر کورداندا دەسەپێندرێت. بۆیە ئێمە دەبینە ئامانجی ئەو کەسانەی کە دەیانهەوێت کورد بکەنە “جەماوەرێکی گەمژە”.

دەوڵەتی تورک دەیهەوێت کورد ببن بە ئەندام و لایەنگری پەکەکە. ڕاستییەکی مێژوویی هەیە کە پێویستە هەموو کەس بیزانێت: لە ساڵانی 1970دا، مانەوەی پەکەکە لە گۆڕەپانی سیاسی کورد لە باکووری کوردستاندا، “موعجیزەیەک نەبوو کە ئۆجەلان بە کوردی بەخشیبێت”، بەڵکوو سیاسەتێکی بە ئەنقەست و ئامانجداری دەوڵەتی تورک بوو.

ساڵی 1995 یاڵچین کوچک، پیاوی دەوڵەتی قووڵی تورکیا، دەچووە گردبوونەوەکانی پەکەکە لە ئەوروپا و دروشمی “ئاتا ـ کورد”ی بۆ ئۆجەلان دەگوتەوە. چونکە دەوڵەتی تورک دەیهەویست ئۆجەلان بکاتە ئەتاتورکی کوردان.

کوردەکانی باکوور بە شێوەیەکی سیستماتیک ناچار کران کە ببنە ئاپۆچی و کورد مەحکوومی پەکەکە کران.

بزووتنەوە سیاسییە کوردییەکانی دەرەوەی پەکەکە لە باکووری کوردستان، نەگەیشتە جەماوەر و نەیانتوانی ئەم یارییە تێکبدەن.

جیهانی هزریی کورد کۆدەنگییەکی بەهێزی لە دژی تێکچوونی کۆمەڵگەی کوردی دروست نەکردووە کە ئۆجەلان وەک پارادایمێک دەیخاتەڕوو.

کورد ناچار بوو بچێتە ناو مێژوویەکی درۆ و نادروستەوە. بە گەڕانەوە بۆ بیری مستەفا کەمال، جەماوەرێکی کورد دروست بوو کە باوەڕی وابوو تورکەکان گەلی کورد لە ئامێز دەگرن.

دەرئەنجامەکەی ئەوەیە کە ئێستا ئەوانەی دەیانهەوێت خۆیان لە “حەوزی پەکەکە” ڕزگار بکەن، ڕۆشنبیران، نووسەران و کۆمەڵەکان، هەموویان هەم لەلایەن پەکەکە و هەمیش لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە دەکرێنە ئامانج.

پەکەکەییەکان زیاتر لە تورکەکان هێرشیان کردە سەر ڕێپێوانی پلاتفۆرمی سەربەخۆی گەنجان لە بازید.

گەورەترین هێرشەکان بۆ سەر دارکا مازی لە لایەن پەکەکەوە ئەنجامدراون. هەڕەشەی کوشتنیان لێکردووین و دڵسۆزەکانیشمان هەڕەشەیان لێکرا. لە کۆتاییدا دەڵێین، پەکەکەیی بوونی باکووری کوردستان، هەڵبژاردەی یەکەمی دەوڵەتی تورکە، ستراتیژی و یارییەکەشیەتی.

ئێمەش بەو ئاسانییە پاشەکشە ناکەین. ئێمە پشتیوانی لە سیاسەتی دژە کۆلۆنیالیزم و ڕزگاریخوازانەی نەتەوەی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستاندا دەکەین. ئێمە لە بەرامبەر ئەو چەشنە ئایدیۆلۆژییە هەڵە و چەواشەکارانەیەی کە بەسەر کورددا سەپێنراوە، سیاسەتی شەڕی تایبەت و ستراتیژییەکانی کۆلۆنیالیستەکان بۆ دروستکردنی کوردی پارالێل (بێ کوردایەتی) دەوەستینەوە. ئێمە درێژە بە لێکۆڵینەوەکانمان لەسەر ڕووداوە مێژووییە کەم ناسراوەکان و دووبارە شرۆڤەکردنەوەیان و لێکۆڵینەوەکردن لە پەیوەندییە شاراوەکانی نێوان پەکەکە و دەوڵەتی تورک دەدەین. ئێمە ئەو شتانە بە گەلەکەمان دەڵێین کە هەوڵی شاردنەوەیان دەدرێت.

نابێ هیچ کەسێک لە بەرانبەر “ناچارکردنی کورد بە ئاپۆچی-پەکەکەیی”دا، سەری نەوی بکات کەوا بەسەر کورددا سەپێنراوە. نابێ هیچکەس کڕنۆش بۆ کۆلۆنیالیستەکان ببات. ئەوانەی لەپێناو دۆزی کورد و کوردستاندا خەبات دەکەن، نابێت ملکەچی هیچ فشار و هێرشێک بن. ئێمەش هیچ هەنگاوێک بۆ دواوە نانێین و قەد پاشەکشە ناکەین.

پوستێن ھەمان بەش