ئەرتەشی عێراق ئەو 4 کچە عەرەبەی گەڕاندەوە کە لەلایەن پەکەکەوە ڕفێندرابوون + ڤیدیۆ

ئەرتەشی عێراق ئەو 4 کچە عەرەبەی گەڕاندەوە کە لەلایەن پەکەکەوە ڕفێندرابوون

فەرماندەیەکی سوپای عێراق لەسەر گەڕانەوەی ئەو کچانە لەگەڵ بەرپرسی پەیوەندییەکانی یەبەشە ڕێککەوتبوون.

سوپای عێراق ئەو 4 کچە عەرەبەی گەڕاندەوە کە 3 ڕۆژ پێش ئێستا لەلایەن پەکەکەوە لە کۆمەڵگەی “ئوم زیبان” ڕفێندرابوون و پاش ئەوەی کە دادوەری لێکۆڵینەوە ئیفادەی لێوەرگرتن، گەڕێندرانەوە لای بنەماڵەکانیان.

ڕۆژی چوارشەممە 29/5/2024، پێنج کچی تەمەن 13 بۆ 15 ساڵ لە هۆزێکی عەرەب لە کۆمەڵگەی ئوم زیبان لە سنووری شنگال، لەلایەن گەریلاکانی پەکەکەوە ڕفێنران. دواتر ئالۆزی لێکەوتەوە و کەسوکاری کچەکان و لاوەکانی ئەو هۆزە عەرەبە دەستیان دایە چەک و هەڕەشەی شەڕکردنیان لە دژی پەکەکە کرد.

سەرچاوەکانی پێگەی “دارکامازی” ئاشکرایان کرد کە ڕۆژی هەینی 30/5/2024، ئەسیل حەمزە فەرماندەیی فیرقەی 20ی سوپای عێراق لە خانەسۆردا لەگەڵ سەرحەد عەفرینی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی یەبەشە کۆبووەوە و لەسەر گەڕانەوەی ئەو کچانە لە چیای شنگال ڕێککەوتوون.

هەروەها دەستنیشانیشیان کردووە کە بەرپرسی پەیوەندییەکانی یەبەشە هەڕەشەی لێکردوون کە ئەگەر ئەو کچانە بۆخۆیان نەیانهەوێ بگەڕێنەوە، هیچ هێزێک ناتوانێ ئەوان لە چیای شنگال بهینیتە خوارەوە.

بەگوێرەی زانیاری سەرچاوەکانی ئێمە، لەکۆی 5 کچە ڕفێنراوەکە، 4 کچیان گەڕێنراونەتەوە و پاش ئەوەی کە لەلایەن دادوەری لێکۆڵینەوەی “بەعاج” ئیفادەیان لێوەرگیرا، گەڕێندرانەوە لای بنەماڵەکانیان.

ناوی ئەو کچانەی گەڕێندراونەتەوە بریتین لە:

1ـ ڕەهەف ناسر جاسم، لەدایکبووی2012.

2ـ شاهە سەمیر حمێدی، لەدایکبووی 2013.

3ـ دوعا عەواد محەممەد، لەدایکبووی 2013.

4ـ مونا میەسەر جاسم، لەدایکبووی 2013.

پەکەکە بە ناوی ئەنجوومەنی ژنانەوە کچانی میرمنداڵی شنگال و دەوروبەری فریو دەدات و دواتر لەبەرانبەر بڕە پارەیەک بە گوژمەی 100 هەتا 200 دۆلار ئەرکداریان دەکات و تێکەڵ بە ڕیزی گەریلاکانی خۆی دەکات.

Share