دوکتور قاسملوو سیاسەتمەدار، ڕۆشنبیر و دیپلۆماتکارێکی نیشتمانپەروەر بوو.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی پارتی وڵاتپارێزانی کوردستان (PWK) لە پەیامێکدا یادی دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو بەرز ڕادەگرێت و ڕایدەگەیەنێت: “ئەو ئاڵایەی کە پێشەوا قازی محەممەد لە مەیدانی چوارچرای مەهاباد هەڵیکرد، ئەمڕۆ لە هەر چوار پارچەی کوردستاندا، لەسەر دەستی پێشمەرگە و خەباتگێڕان و تێکۆشەرانی زەحمەتکێش و قارەمانەوە، لە خەبات بۆ ئازادیی کوردستاندا دەشەکێتەوە”.
پەیامی نووسینگەی ڕاگەیاندنی PWK:
سکرتێری گشتیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ئێران (PDKÎ)، دوکتورعەبدولڕەحمان قاسملۆ لە 13ی جوولای 1989دا، لە ڤییەنای پایتەختی نەمسا، لەگەڵ عەبدوڵا قادری ئازەر بەرپرسی کاروباری دەرەوەی وڵاتی PDKÎ و دوکتور فازیل ڕەسووڵ خەڵکی باشووری کوردستان لەلایەن دەزگای هەواڵگریی ئێرانەوە لە هۆتێلێکدا تیرۆر کران.
دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملۆ و هاوڕێکانی لە کاتی ئەنجامدانی وتووێژ لەگەڵ دیپلۆماتکارانی دەوڵەتی ئێراندا، لەلایەن بەکرێگیراوانی دەوڵەتی ئێرانەوە تووشی ئەو پیلانگێڕییە بوون.
بەداخەوە دەوڵەتی نەمسا، هیچ دۆسیەیەکی سەبارەت بە دادگاییکردن و سزادانی، پلاندانەرانی ئەم کۆمەڵکوژییە نەکردۆتەوە.
دوکتور قاسملوو سیاسەتمەدار، ڕۆشنبیر و دیپلۆماتکارێکی نیشتمانپەروەر بوو.
د.عەبدولڕەحمان قاسملۆ هەروەها پێشمەرگە، فەرماندە و ڕێبەرێکی بەئەزموون و هێژا بوو کە نەک هەر لە دەستی PDKÎ، بەڵکو لە دەستی هەموو کورد و کوردستانیانی جیهان چوو.
دەوڵەتی ئێران بەر لە کوشتنی قازی محەممەد، دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملۆ و دوکتور سادق شەرەفکەندی و دوای ئەوانیش، زۆرجار هەوڵیداوە لە ڕێگەی پیلانگێڕی و کۆمەڵکوژکردنەوە، خەباتی ئازادیخوازانەی گەلەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەرکوت بکات، بەڵام هیچ پیلان و کۆمەڵکوژییەک نەیتوانیوە و ناتوانێ ڕێگری لە خەباتی ڕزگاریخوازانەی گەلەکەمان بکات.
ئەو ئاڵایەی کە پێشەوا قازی محەممەد لە مەیدانی چوارچرا هەڵیکرد، ئەمڕۆکە لە هەر چوار پارچەی کوردستان، بە دەستی پێشمەرگە و خەباتگێڕ و زەحمەتکێشانی قارەمانەوە، لە خەبات بۆ ئازادی کوردستاندا دەشەکێتەوە.
د.عەبدولڕەحمان قاسملۆ و هەموو شەهیدانی کوردستان، لە خەباتی هەموو تێکۆشەرانی قارەمان و زەحمەتکێشانی دۆزی ڕەوای گەلەکەمان لەپێناو ئازادیدا، زیندوون و دەژین.
لە یادی 35 ساڵەی شەهیدبوونیاندا ئێمە یادی بە ڕێزێکی زۆرەوە یادی دوکتور عەبدوڕەحمان قاسملۆ و هاوڕێکانی بەرز ڕادەگرین و بەم بۆنەیەوە جارێکی دیکە دەوڵەتی ئێران ڕیسوا و ڕووڕەش دەکەین.