بایدن کشایەوە

بایدن کشایەوە

“لە بەرژەوەندی حزبەکەم و وڵاتەکەمدا، دەستبەرداری کاندیداتۆری دەبم و سەرنجم تەنیا لەسەر جێبەجێکردنی ئەرکەکانم دەبێت”.

جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا بڕیاریدا لە دووبارە خۆکاندیدکردنەوەی وەک پاڵێوراوی دیموکراتەکان بۆ پۆستی سەرۆکی ئەمەریکا بکشێتەوە.

ڕۆژی 21ـی تەمموزی 2024 لە نامەیەکی کراوەدا، جۆ بایدن، کشانەوەی خۆی لە کێبڕکێی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوەشکردووە: لە کاتێکی دیکەی ئەم هەفتەیە زیاتر لەبارەی ئەو بڕیارەوە قسە دەکات.

لە نامەکەیدا، بایدن ئاماژەی بە کارەکانی ماوەی سێ ساڵ و نیوی ڕابردوو کردووە کە وەک سەرۆکی ئەمەریکا کردووێتی و ڕایگەیاندووە: شانازییەکی گەورەی ژیانی بووە کە وەک سەرۆک توانیویەتی خزمەتی ئەمەریکییەکان بکات.

بایدن باسی لەوەشکردووە: ئێستا ئەمەریکا خاوەنی بەهێزترین ئابوورییە لە جیهاندا و وەبەرهێنانی مێژووییان لە بنیاتنانەوەی نەتەوەکەیان کردووە، هاوکات کاریان کرد بۆ کەمکردنەوەی نرخی دەرمان بۆ کەسانی بەساڵاچوو، هەروەها فراوانکردنی چاودێریی تەندروستی گونجاو بۆ ئەمەریکییەکان کردووە و یەکەم ژنی ئەمەریکی ڕەشپێستی بۆ دادگای باڵا دەستنیشان کردووە.

بایدن نووسیویەتی: ئەوەی بەدەستهاتووە بە بێ پشتیوانی گەلی ئەمەریکا نەدەکرا و باسی لە پەتای کۆرۆنا و قەیرانی دارایی جیهانی کردووە و ڕایگەیاندووە، توانیویانە بە سەرکەوتوویی تێیپەڕێنن. هاوکات بایدن جەختی کردووەتەوە کە دیوکراسی وڵاتەکەی پاراستووە و توانیویەتی هاوپەیمانییەتی وڵاتەکەی لە سەرانسەری جیهاندا بەهێز بکاتەوە.

بایدن لە نامەکەیدا بۆ گەلی ئەمەریکا دەڵێت: گەورەترین شانازی ژیانم بووە کە وەک سەرۆک خزمەتی گەلەکەی بکات و مەبەستی بووە دووبارە خۆی کاندید بکاتەوە، بەڵام لە بەرژەوەندی حزبەکەی و وڵاتەکەیدایە، دەستبەرداری ئەوە بێت و سەرنجی تەنیا لەسەر جێبەجێکردنی ئەرکەکانی دەبێت، لەو ماوەیەی ماوێتی وەک سەرۆکی ئەمەریکا.

بایدن ئاشکراشی کردووە: بە وردی باس لە ناوەڕۆکی ئەو بڕیارەی دەکات بۆ گەلی ئەمەریکا و سوپاسی خۆشی بۆ هەموو ئەوانە دەربڕیوە لە ماوەی ڕابردوو کاریان بۆ دووبارە هەڵبژاردنەوەی کردووە، هاوکات سوپاسی کامالا هاریسی کردووە کە لە کارەکانیدا وەک جێگری سەرۆک هاوبەشی بووە.

بایدن کشایەوە

پوستێن ھەمان بەش