نیویۆرک تایمز: ئیسماعیل هەنییە بە بۆمبێکی دانراو لە ژوورەکەی کوژراوە

نیویۆرک تایمز: ئیسماعیل هەنییە بە بۆمبێکی دانراو لە ژوورەکەی کوژراوە

پێشتر هەنییە لە کاتی سەردانەکانی پێشووی بۆ تاران، چەند جارێک لەو میوانخانەیە ماوەتەوە.

ڕۆژنامەیەکی ئەمەریکی لە حەوت سەرچاوەی ئاگادارەوە بڵاوی کردووەتەوە: کووشتنی ئیسماعیل هەنییە لە ڕێگەی بۆمبێکەوە ئەنجامدراوە کە پێشتر ئیسرائیل دزەی پێکردووە بۆ تاران و شوێنی مانەوەی هەنییە.

ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرای کردووە: بۆمبەکە نزیکەی دوو مانگ لەمەوبەر لەنێو ئەو شوێنە شاردراوەتەوە کە شوێنی مانەوەی ئیسماعیل هەنییە بووە، لە کاتێکدا ئەو میوانخانەیە لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە پاسەوانی کراوە و بەشێکە لە کۆمەڵگەیەکی گەورە بەناو نەشئەت لە گەڕەکێکی باکووری تاران.

ئیسماعیل هەنییە بۆ بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمی سوێندخوارن و دەستبەکاربوونی سەرۆکی نوێی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە تاران بوو، کە بەپێی سەرچاوەکانی نیویۆرک تایمز، بۆمبەکە لە دوورەوە تەقێندراوەتەوە، دوای ئەوەی دڵنیابوونەتەوە کە هەنییە لە ژوورەکەی خۆیدایە و لە ئەنجامیشدا، خۆی و پاسەوانە تایبەتەکەی کوژران.

بەپێی زانیارییەکان کە لە بەرپرسانی باڵای ئێران و سوپای پاسداران بڵاوکراوەتەوە، تەقینەوەی بۆمبەکە باڵەخانەکەی هەژاندووە و بەشێک لە پەنجەرەکانی شکاندووە و بووەتە هۆی داڕمانی بەشێکی دیوارێکی دەرەوەی میوانخانەکە، کە ئەو زیانانە لەو وێنەیەش بە هەمان شێوە دەرکەوتووە کە نیویۆرک تایمز بڵاوی کردووەتەوە.

ڕۆژنامە ئەمەریکییەکە باسی لەوەشکردووە: پێشتر هەنییە چەند جارێک لەو میوانخانەیە ماوەتەوە لە کاتی سەردانەکانی پێشووی بۆ تاران و ئەمەش وایکردووە: پلانی کوشتنی کەلێنێکی جیاواز لە ئاسایشی ئەو کۆمەڵگەیە بدۆزنەوە و بتوانن بۆمبێک لەو ژوورە بچێنن و بۆ ماوەی چەند هەفتەیەک بە شاراوەیی بهێڵرێتەوە.

سەرچاوەکانی نیویۆرک تایمز جەختی لەوەشکردووەتەوە: پلانی کوشتنی ئیسماعیل هەنییە چەند مانگێکی پێچووە و چاودێرییەکی فراوانی ئەو کۆمەڵگەیە کراوە، کە هەنییە تێیدا ماوەتەوە.

ڕۆژنامە ئەمەریکییەکە باسی لەوەشکردووە: تەقینەوەکە زیانی بە باڵەخانەی کۆمەڵگەکە گەیاندووە کە بووەتە هۆی شکانی پەنجەرەکان و ڕووخانی دیوارەکەی، ئەمەش ئەوە دەردەخات ئەگەر تەقینەوەکە بەهۆی مووشەکەوە بووبێت، ئەوا قەبارەی زیانەکان زۆر گەورەتر دەبوون.

هەر بەپێی بەدواداچوونەکانی نیویۆرۆک تایمز، ستافی ئەو باڵەخانەیەی هەنییەی تێدا ماوەتەوە، لەکاتی تەقینەوەکە تووشی شۆک بوون و دوای ئەوەی چوونەتە ژوورەکەی هەنییە، بینیویانە گیانی لەدەستداوە و لە ڕێگەی تیمی پزیشکییەوە هەوڵی ڕزگارکردنی پاسەوانە تایبەتەکەیان داوە، بەڵام دواتر ئەویش گیانی لەدەستداوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، ڕۆژنامەکە دەڵێت: ژووری زیاد ئەلنەخلا، ڕابەری بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامیی فەڵەستینی، ژوورەکەی لە شوێنی ڕووداوەکە نزیک بووە و زیانێکی ئەوتۆی پێنەگەیشتووە، ئەمەش بەوە لێکدراوەتەوە کە پلانی کوشتنی هەنییە بە وردی داڕێژراوە.

سەرچاوەکان ئەوەشیان ئاشکرا کردووە: دوای ڕووداوەکە خەلیل حەییە، جێگری سەرۆکی حەماس لە کەرتی غەززە لەو کاتەدا لە تاران بووە و هەر زوو گەیشتووەتە شوێنی ڕووداوەکە و تەرمی ئیسماعیل هەنییەی بینیوە، هاوکات ئاماژە بەوەشکراوە، دوای ئەوەش ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی گشتیی فەیلەقی قوودس ئاگادارکراوەتەوە و هەر ئەو شەوە، عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای  شۆڕشی کۆماری ئیسلامی ئێران لەو ڕووداوە ئاگادارکراوەتەوە.

بەرەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە، 31ـی تەمموزی 2024، بزووتنەوەی حەماس لە ڕاگەیەندراوێکدا کوژرانی ئیسماعیل هەنییە، بەرپرسی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەکەی و پاسەوانێکی ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوەکرد: ئیسماعیل هەنییە دوای بەشداریی لە ڕێوەڕەسمی دەستبەکاربوونی سەرۆککۆماری نوێی ئێران، چووەتە شوێنی مانەوەی لە تاران و دواتر کوژراوە.

پوستێن ھەمان بەش