جەهەپە لەبارەی پرسی کورد لەگەڵ دەم پارتی کۆ دەبێتەوە
سەرۆکی جەهەپە ڕایگەیاند “پەرلەمانی تورکیا شوێنی چارەکردنی پرسی کوردە و لە دوای سەری ساڵیش لەگەڵ دەم پارتی کۆ دەبینەوە.”
ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی گشتیی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە), سەبارەت بە دیداری شاندی پارتی دادپەروەی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) و عەبدوڵلا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە زیندانی ئیمرالی؛ وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسانی دایەوە.
سەرۆکی گشتیی جەهەپە ئاماژەی بەوە دا، لـــــــــــە دوای سەری ساڵ، لەگەڵ شاندی دەم پارتی کە سەردانی ئۆجەلانیان لە ئیمراڵی کردووە، کۆ دەبنەوە و دەرگایان بۆ هەموو پارتەکان کراوەیە.
سەرۆکی جەهەپە ئـــــــــــــاماژەی بەوەش کرد، پلانیان بۆ چارەکردنی پرسی کورد ڕوونە و گوتی: “شوێن و زەمینەی چارەسەرکردنی پرسەکە پەرلەمانی تورکیایە.”
ئۆجەلان: ئامادەم پشتیوانیی لە بانگەوازەکەی بەڕێزان ئەردۆغان و باخچەلی بکەم
پێشنیوەڕۆی یەکشەممە، 29-12-2024، پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە ڕاگەیەندراوێکدا ئەنجامی کۆبوونەوەی ڕۆژی شەممەیان، 28-12-2024، لەگەڵ عەبدوڵلا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە زیندانی ئیمرالی، بڵاو کردەوە.
دەم پارتی باسی لەوە کردووە “تەندروستیی ئۆجەلان باشە و ورەی زۆر بەرزە.” لەبارەی تەوەرەکانی کۆبوونەوەکەش ئاماژەی بەوە کردووە “هەڵسەنگاندن بۆ دوایین پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تورکیا کرا و بەڕێز ئۆجەلان پێشنیازی چارەی ئەرێنی خستە ڕوو بەرامبەر بەو سیناریۆ تاریکانەی کە دەسەپێنرێن.”
لەبارەی لێدوانی بەشێک لە بەرپرسانی تورکیا بۆ چارەکردنی پرسی کورد، ئۆجەلان ڕایگەیاندووە “من لێهاتوویی و ئیرادەم هەیە بۆ بەشداریی ئەرێنی پێویست لە بانگەوازەکەی ئەردۆغان و باخچەلی بۆ گفتوگۆ.” ئاماژەی بەوەش کردووە “سەردەم، سەردەمی ئاشتی و دیموکراسی و برایەتییە بۆ تورکیا و ناوچەکە.”