بە ملنەدانی میلیشیا و چەتەکان بۆ چەکدانان، قۆناخێکی دیکە لە ئالۆزی و فەوزا لە سووریادا سەرهەڵدەدات.
میلیشیا چەکدارەکان و چەتەکانی سووریا، داوایان لێکرا کە چەکەکانیان ڕادەستی دەوڵەت بکەن و بچنە ناو سیستمی وەزارەتی بەرگرییەوە، بەڵام زۆربەیان چەکدانان ڕەتدەکەنەوە و ئەمەش بەو مانایە دێت کە قۆناخێک پڕ لە ئاڵۆزی و هاوشێوەی سەردەمی ڕژێمەکەی ئەسەد، چاوەڕێ دەستەی تەحریر شام و ئەحمەد شەرعی سەرۆکی دەکات.
کۆتایی هەفتەی ڕابردوو، ئەحەد ئەل ـ شەرع لەگەڵ سەرکردەی گرووپە چەکدارەکاندا کۆبۆوە و سێوازی ئەرتەشی نوێی سووریای لەگەڵیاندا باس کرد.
ڕۆژی سێشەممە 24/12/2024، فەرماندەیی گشتی نوێی سووریا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە ئەحمەد ئەل ـ شەرع کە دەسەڵاتداری دیفاکتۆی سووریایە، لەگەڵ نوێنەرانی 15 گرووپی “چەکدار”دا ڕێککەوتوون کە سەرجەم گرووپە چەکدارەکان خۆیان هەڵبوەشێننەوە و لە ژێر چەتری وەزارەتی بەرگریدا ببن بە یەک.
سەرچاوە خۆجێیەکان ڕایانگەیاندووە کە زۆرینەی سەرکردەی میلیشیاکان و گرووپە چەتەکان بە داواکارییەکای ئەحمەد شەرع ڕازی نەبوون و ئامادە نین چەک دابنێن. بەتایبەتی تاقمی چەتەکانی وەک سوڵتان موراد، ئەرتەسی ئەل ـ عززە، ئۆدەی باشوو و فەتحی شام و چەند گرووپێکی دیکە ئامادە نین چەک دابنێن.
فەرماندەیی گشتیی سووریا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە ئەل ـ شەرع لەگەڵ ژمارەیەک سەرکردەی گرووپە سەربازییەکان کۆبووەتەوە و گفتوگۆیان لەبارەی “شێوازی ڕێکخستنی سەربازی لە سوریای نوێدا” کردووە.
هەسەدە بانگهێشتی کۆبونەوەکە نەکرابوو
ئەل ـ شەرع بانگهێشتی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (هەسەدە)ی بۆ کۆبوونەوەکە نەکردبوو، ئەمە لەکاتێکدایە کە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر بەرپرسەکانی هەسەدە چەندین جار بە ڕوونی ڕایانگەیاندووە کە دەیانهەوێت ببنە بەشێک لە سوپای نوێی سووریا.
ئەل ـ شەرع ڕۆژی یەکشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە سووریا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا هاکان فیدان گوتی: “ئێمە هەرگیز ڕێگە نادەین جارێکی چەک لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت هەبێت، نە لە لایەن گرووپە شۆڕشگێڕەکان و نە لەلایەن ئەوانەی کە لە ناوچەکانی “هەسەدە”دان.
هەڵوێستی لێڵ و ناڕوونی گرووپە میلیشیایی و چەتەکان، قۆناغێکی زۆر ئاڵۆز و دژوار دەخاتە بەردەم ئەحمەد شەرع و چاودێران پێیانوایە ئەو ئالۆزی و فەوزایە بۆ ماوەیەکی نادیار لە سووریادا بەردەوام دەبێت.