ئەمریکا هۆشداری جیددی بە تورکیا دەدات

ئەمریکا هۆشداری بە تورکیا دەدات

وەزارەتی بازرگانی ئەمەریکا: تورکیا دوای چین، زۆرترین بەرهەمی ئەلیکترۆنی ئەمریکی هەناردەی ڕوسیا دەکات.

ماتیۆ ئەکسێلرۆد، جێگری وەزیری بازرگانی ئەمریکا ڕایگەیاند، تورکیایان لە بارەی بازرگانی لەگەڵ ڕووسیا ئاگادار کردووەتەوە و ئەگەر تورکیا هەڵوێستی خۆی نەگۆڕێت سزا دەدرێت.

ماتیۆ ئاکسێلرۆد لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەی فاینانشیاڵ تایمز سەبارەت بە سزاکانی سەر ڕووسیا قسەی کرد.

ماتیۆ ئەکسێلرۆد، بریکاری وەزیری بازرگانی ئەمریکا ڕایگەیاند: “تورکیامان لە هەناردەکردنی کاڵای ئەلیکترۆنی ئەمریکی بە تایبەت ئەو کاڵایانەی کە بۆ بەرهەمهێنانی چەک بەکاردەهێنرێن، ئاگادار کردۆتەوە، بەڵام تورکیا گوێی لە هۆشدارییەکانی ئێمە نەگرتووە. ئەگەر ئەمە بە ڕوونی نەبینین، ئەوا ناچارین کە سزایان بەسەردا بسەپێنین”.

ئاکسێلرۆد ئاماژەی بەوەشکرد، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا لە ئەنقەرە و ئەستەنبوڵ کۆبوونەتەوە بۆ ڕاگرتنی هەناردەکردنەکە، و دوامان لێکردوون کە ڕێوشوێنی توندتر بگرنەبەر.

جێگری وەزیری بازرگانیی ئەمەریکا هەروەها وتی: “پێویستمان بە هاوکاری تورکیا هەیە بۆ ئەوەی تەکنەلۆژیای ئەمریکی بە شێوەیەکی نایاسایی نەچێتە ڕووسیا. پێویستە ئێمە ببینین کە بەرپرسانی تورکیا و پیشەسازییەکەیان لەم بوارەدا هەندێک هەنگاو هەڵبگرنەوە، ئەگەر پێچەوانەکەی دەربچێت، هیچ بژاردەیەکمان نییە جگە لە جێبەجێکردنی سزای جۆراوجۆر بەسەریاندا”.

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی بازرگانی ئەمەریکا، دوای چین، تورکیا زۆرترین بەرهەمی ئەلیکترۆنی ئەمریکی هەناردەی ڕوسیا دەکات.

لە لایەکی دیکەوە وەزارەتی بازرگانی ئەمریکا تا ئێستا سزای بەسەر 18 کۆمپانیای تورکیدا سەپاندووە بەهۆی بازرگانی لەگەڵ ڕووسیا.

پێشتر وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سزای بەسەر ژمارەیەکی زۆر لە کۆمپانیاکانی تورکیادا سەپاندووە بەهۆی بازرگانیکردن لەگەڵ ڕوسیا.

پوستێن ھەمان بەش