بلینکن بۆ ئاگربەستی غەززە جارێکی دیکە دەگەڕێتەوە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

بلینکن بۆ ئاگربەستی غەززە جارێکی دیکە دەگەڕێتەوە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

دانووستانەکانی ئاگربەستی غەززە بەردەوام بێت و ئەمجارە کۆبوونەوەکان لە دەوحەوە بۆ قاهیرە دەگوازرێنەوە.

بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە، ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ پرسی ئاگربەستی شەڕ لە کەرتی غەززە بگەڕێتەوە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و یەکەم وێستگەی سەردانەکەشی بۆ ئیسرائیل دەبێت.

ئەمە دەیەمین سەردانی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکایە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەمەبەستی سەرخستنی هەوڵە دیپلۆماسییەکانی وڵاتەکەی بۆ گەیشتن بە ئاگربەست لە کەرتی غەززە و کۆتایی هێنان بەم شەڕەی زیاتر لە 10 مانگە بەردەوامە.

کاربەدەستانی ئەمەریکا هەرچەند نکۆڵی ناکەن لەوەی هێشتا کاری زۆر ماوە بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕی غەززە، بەڵام گەشبینی خۆیان دەربڕیوە بۆ ڕێککەوتنی ئاگربەست، بە تایبەت لەبەر ڕۆشنایی ئەو دانووستانانەی لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوو لە دەوحەی قەتەر بەڕێوە چوون.

ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاوی کردووەتەوە “چاوەڕوان دەکرێت بلینکن لە تەلئەڤیڤ، لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و بەرپرسانی باڵای دیکە کۆ ببێتەوە”.

هەرچەندە بڕیاربوو هەفتەی ڕابردوو بلینکن سەردانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکاتەوە، بەڵام گەشتەی بۆ ئەم هەفتە دواخرا و بڕیارە بەر لە بەڕێوەچوونی گەڕێکی دیکەی دانووستانەکانی ئاگربەستی شەڕ لە نێوان ئیسرائیل و حەماس لە قاهیر، بلینکن لەگەڵ بەرپرسانی ناوچەکە گفتوگۆ بکات.

بڕیارە ئەم هەفتەیەش دانووستانەکانی ئاگربەست شەڕی غەززە بەردەوام بێت و ئەمجارە کۆبوونەوەکان لە دەوحەوە بۆ قاهیرە دەگوازرێنەوە.

هەروەها وەزیرانی دەرەوەی بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا و ئیتاڵیا لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا پشتیوانیی خۆیان بۆ سەرخستنی دانووستانەکانی ئاگربەست ڕاگەیاندووە و داوا دەکەن هەموو لایەنەکان خۆیان لە کردەوە و ڕەفتاری ئاڵۆزترکردنی دۆخەکە بە دوور بگرن.

پوستێن ھەمان بەش