یۆرۆپۆل: پەکەکە ملیۆنان یۆرۆی لە “ماددە هۆشبەرەکان و بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە” دەستدەکەوێت
“پەکەکە ساڵانە ملیۆنان یۆرۆ لەڕێگەی ئەو کەمپەینانەیەوە کۆدەکاتەوە کە لە سەرانسەری ئەوروپادا بەڕێوەیان دەبات”.
ئاژانسی یەکێتی ئەوروپا بۆ هاریکاری جێبەجێکردنی یاسا، ناسراو بە یۆرۆپۆل، پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)ی وەک ئەکتەری سەرەکی چالاکییەکانی وەک بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان و بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە لە ناوچەکە دەستنیشان کرد و ڕایگەیاند ساڵانە بە ملیۆنان یۆرۆ پارەی لە ڕێگای چالاکییە نامەشرووعەکانەوە دەستدەکەوێت.
لە ڕاپۆرتی ئاژانسەکەدا کە لە 12ی کانووندا بڵاوکراوەتەوە، باس لەوە کراوە کە گرووپە تیرۆریستی و جوداخوازەکان لە پەکەکەشیان لەنێودایە، لە سەرتاسەری یەکێتیی ئەورووپادا چالاکن.
یۆرۆپۆل داتاکانی سەبارەت بە کۆکردنەوەی پارە، چەکدارکردن، ڕاهێنان و پڕوپاگەندەی بڵاوکردەوە کە ئەمساڵ لەلایەن ڕێکخراوەکانەوە ئەنجامدراون و ڕایگەیاند:
“زۆربەی ئەو پارەیەی لە ساڵی 2024دا بۆ پەکەکە کۆکراوەتەوە، لە ڕێگای چالاکییەکانی وەک زەوتکردن، ساختەکاری، قاچاخ، سپیکردنەوەی پارە یان بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکانەوە، بووە”.
ئاماژە بەوەش کراوە کە پەکەکە ساڵانە ملیۆنان یۆرۆ لەڕێگەی ئەو کەمپەینانەیەوە کۆدەکاتەوە کە لە سەرانسەری ئەوروپادا بەڕێوەیان دەبات و ئەو فۆنانە بۆ پڕوپاگەندە و چالاکیی چەکدارکردن بەکاردەهێنێت.
لە ڕاپۆرتەکەدا باس لە چۆنیەتی ئەنجامدانی پڕوپاگەندەکانی پەکەکە دەکات کە بەتایبەتی گەنجانی کورد دەکاتە ئامانج. پەکەکە چالاکوانان، ڕۆژنامەنووسان، ماڵپەڕەکان، کەناڵە تەلەفزیۆنییەکان، سۆشیال میدیا و ڕۆژنامەگەری بۆ بڵاوکردنەوەی پەیامەکانیان بەکار دەهێنێت بۆ ئەوەی کاریگەری پەیامەکانی زیاتر بکات.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، “هەندێک لەو دامەزراوە میدیاییانەی کە پەکەکە بۆ پڕوپاگەندەی خۆی بەکاریدەهێنێت، لە یەکێتی ئەوروپادا جێگیر کراون”.
یۆرۆپۆل هەروەها بەڵگەی ئەوەشی خستۆتەڕوو کە پەکەکە دەستی هەیە لە ڕفاندن و ئەو کەسانەش یان ڕەوانەی ناوچە جێناکۆکەکان دەکرێن یان لەو شانە تیرۆریستیانەد چەکدار دەکرێن کە لە ئەوروپادا چالاکی دەکەن.
لە ساڵی 2023دا دەزگاکانی جێبەجێکردنی یاسای یەکێتی ئەوروپا 25 کەسیان بە تاوانی تیرۆر و جوداییخوازی دەستگیر کردووە کە 9 کەس بەتایبەتی ئەندامانی پەکەکە کراونەتە ئامانج.
پەکەکە لەلایەن ئەمریکا و یەکێتیی ئەورووپاوە لە لیستی “ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان”دا تۆمار کراوە.