“وێڕای مەحکووم کردنی دیاردەی قێزەوەنی منداڵ ڕفاندن، هاوکات شکایەتی خۆمان بۆ لای ڕێکخراوە جیهانییەکان دەبەین”.
پەکەکە لە دوایین تاوانیدا دەرحەق ب گەلی کوردستان، 3 منداڵی کوردی ڕۆژهەڵاتی ڕفاندووە و سەرەڕای هەوڵی بنەماڵەکانیان، سەرەتا حاشای لەوە کردووە کە ئەو منداڵانە لەلای ئەوان بن و دوای ئەوەی کە چەکداری کردوون، گرتە ڤیدیۆی چەکداربوونیانی بۆ خێزانەکانیان نارد و پێیان گوتوون کە منداڵەکانتان بوونەتە گەریلا!.
بەپێی زانیاریەکان، لە ناوەڕاستی مانگی تەمموزی ئەمساڵ (2024)دا، 3 منداڵ لە شاری مەریوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بێسەروشوێن دەبن و دواتر دەرکەوتووە کە ئەو منداڵانە لەلایەن پەکەکەوە ڕفێندراون و بردراونەتە شاخ و چەکدار کراون. بنەماڵەی ئەو منداڵە ڕفێندراوانە لە ڕاگەیاندراوێکدا وێڕای شەرمەزار کردنی ڕفاندنی منداڵان لەلایەن پەکەکە و لقوپۆپەکانیەوە، جەختیان کردۆتەوە کە منداڵەکانیان بە زۆر چەکدار کراون و پەکەکە لە کردەوەیەکی دژە ئەخلاقی و نامرۆڤانەدا سەرەتا بەهەموو شێوەیەک حاشای لێکردوە کە ئەو منداڵانە لەلای ئەوان بن بەڵام دواتر ڤیدیۆی چەکداربوونیانی بۆ بنەماڵەکەیان ناردووە.
دەقی ڕاگەیاندراوی بنەماڵەی ئەو منداڵە ڕفێندراوانە بەمشێوەیە:
کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان!
حیزب وڕێکخراوەکانی مەدەنی و سیاسی!
ناوەندەکانی مافی مڕۆڤ و ڕێکخراوەکانی منداڵپارێز!
بە هەموو لایەک ڕادەگەیەنین کە ئێمە بنەماڵەکانی “هۆگر خون جام لە دایکبووی ٣/٩/١٣٨٨ بەرانبەر بە ٢٤/١١/٢٠٠٩ی زایینی، ئەرشیا دەروێشی لە دایکبووی ١٥/٢/١٣٨٩بەرانبەر بە ٠٥/٠٥/٢٠١٠ی زایینی و میدیا ئاقابرایی لە دایکبووی ١٥/٢/١٣٨٨بەرانبەر بە ٠٥/٠٥/٢٠٠٩زایینی”لە ڕێکەوتی ٢٦/٤/١٤٠٣ بەرانبەر بە ١٦/٠٧/٢٠٢٤ لە شاری مەریوان ،لە ماڵ چوونەدەر وون بوون.
بۆ دۆزینەوەی جگەرگۆشەکانمان هەوڵی زۆرمان دا و زۆر ناوەند و نەخۆشخانە و زیندانەکان گەڕاین کە هیچ سۆراغێکیان نەبوو. بەچەندین ڕێگاوە لای پارتی کرێکارانی کوردستان سۆراغمان کردن کە ئەوانیش حاشایان دەکرد لای ئەوان بن.
پاش تێپەڕینی ماوەیەک و دڵگرانی زۆری ئێمە لە چارەنووسی ئەو مێڕمنداڵانە، بەو پەڕی سەرسووڕمانەوە پارتی کرێکارانی کوردستان بەڕێگای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە ڤیدۆی ئەو مێڕمنداڵانەی بۆ ناردینەوە کە لای ئەوانن و بوون بە گریلا.
وەک لە ڕێکەوتی لە دایکبوونی ئەو منداڵانەدا دیارە، تەمەنی هیچکام لەوانە نەگەیشتۆتە پانزدە ساڵ و هێشتا منداڵن و پێویستە لە ژێر سەرپەرستی بنەماڵەدا بمێننەوە و بەپێی هەموو یاسا و پێوەرێکی ئەخلاقی و یاسایی لەو تەمەنەدا ناتوانن بریار لەسەر چارەنووسی خۆیان بدەن.
پارتی کرێکارانی کوردستان لەکاتێکدا بەڕێگای باڵی ڕۆژهەڵاتی ئەو پارتە واتە پارتی ژیانی ئازادی کوردستان”پەژاک”کە بەبێ هیچ بەربەستێک و بەئازاد لە گوند و ناوچەکانی سەرسنووری دیوی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەسووڕێنەوە، ئەو منداڵانەی ئێمەی بە ناوی خەبات و بەسەربەستی ژیانکردن لە خشتەبردووە و بە واتایەکی دیکە ڕفاندووە کە گەلی کورد بەگشتی و بەتایبەتیش منداڵانی ئەم گەلە بەشمەینەت و بەشخوراوە لە خرابترین دۆخ دا دەژین.
ئێمە بنەماڵەکانی هۆگر، ئەرشیا و میدیا داوای هاوکاری بۆ گەڕانەوەی منداڵەکانمان لە هەموو لایەک دەکەین، داواکارین گوشار بخرێتە سەر پەژاک و پەکەکە کە واز لە منداڵ ڕفاندن بێنن و هەوڵ بدەن خەبات و تێکۆشانیان بۆ خزمەت بە منداڵانی ئەمڕۆ و دواڕۆژی ئەم نەتەوە بەشمەینەتە بێ نەوەک منداڵان بکەن بە دەستەچیلەی پرۆپاگاندا و مانەوەی خۆیان.
وێڕای پێداگریمان لە گەڕانەوەی منداڵەکانمان، جارێکیتر بە هەموو لایەک و بەتایبەت بە پەکەکە و پەژاک ڕادەگەیەنین کە وێڕای مەحکووم کردنی دیاردەی قێزەوەنی منداڵ ڕفاندن، هاوکات شکایەتی خۆمان بۆ لای ڕێکخراوە جیهانییەکان و بەتایبەتیش ڕێخکراوەکانی تایبەت بە پاراستنی مافی منداڵان دەبەین و چاوپۆشی لە چارەنووسی منداڵەکانمان ناکەین.