پەکەکە لە ڕێکەوتی 21ی تەباخ بەملاوە، گیانلەدەستدانی 4 فەرماندەی خۆی بە شێوەی گوماناویی ڕاگەیاندووە.
فەرماندەیەکی تری هەپەگە بەشێوەیەکی لێڵ و گوماناوی گیانی لەدەست دەدات و پەکەکەش دەڵێ لە ڕووداوێکدا گیانی لەدەستداوە. ئەمەش دەبێتە چوارەم فەرماندە کە لەماوەی مانگێکدا لە ڕووداوێکی لەو شێوەیەدا گیان لەدەست دەدات.
پەکەکە ئەمڕۆ چوارشەممە 10ی ئەیلولی 2025، کۆچی دوایی فەرماندەیەکی هەپەگەی بە کۆدناوی “موردەم چەولیگ” ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوە کردووە کە “موردەم” لە ڕێکەوتی 11ی ئابی ئەمساڵدا لە ڕووداوێکی دڵتەزێندا گیانی لەدەستداوە.
شایانی باسە کە پەکەکە لە ڕێکەوتی 21ی تەباخ بەملاوە، گیانلەدەستدانی سێ فەرماندەی دیکەی خۆی بە ناوەکانی “سەرحەد ڤارتۆ”، بۆلۆت نوورعەلی” و “بێریتان ئامەد” بەمشێوە گوماناوییە ڕاگەیاندووە.
پەکەکە لە ڕێکەوتی 21ی تەباخدا ڕایگەیاند کە “سەرحەد ڤارتۆ” بە نەخۆشی کۆچی دوایی کردووە و لە 27ی تەباخیشدا ڕایگەیاند: “فەرماندەیەکمان بە ناوی بۆلۆت نوورعەلی بە ڕووداوێک گیانی لەدەستداوە” و لە ڕێکەتی 3ی ئەیلولیشدا ڕایگەیاند کە بێریتان ئامەد لە ژیاندا نەماوە.
ڕاگەیاندنی گیانلەدەستدانی گوماناوی ئەم کادیرانی پەکەکە کۆمەڵێک پرسیار دەوروژێنێت، وەک ئەوەی ئایا ئەو فەرماندانە لەلایەن خودی پەکەکەوە تەسفیە کراون یان بە شێوەیەکی تر لە ژیاندا نەماون؟