PWK: “با پێکەوە هێڵی نەتەوەیی، دیموکراتیک و کوردستانی، بەهێزتر و گەشاوەتر و بەرفراوانتر بکەین، هیوا و داهاتووی نەتەوەی کورد لەم هێڵەدایە”.
پارتی وڵاتپارێزانی کوردستان (PWK) بەبۆنەی دووهەمین ساڵیادی دامەزراندنیەوە بەیاننامەیەکی بەرفراوانی بڵاوکردەوە و تیایدا هەم هەڵسەنگاندنی بۆ خەباتی دوو ساڵەی خۆی کردووە و هەمیش هەڵوێستی خۆی لەسەر ڕۆژەڤی سیاسی کوردستان و تورکیا، ڕوونکردۆتەوە.
لە بەیاننامەکەی پارتی وڵاتپارێزانی کوردستان، دۆسیەی داخستنی ڕێکخراوەکە و هەروەها گفتوگۆکانی نێوان ئۆجەلان و دەوڵەتی تورک و شەرت و مەرجەکانی ئاشتییەکی ڕاستەقینە و گرینگیی یەکیەتیی نەتەوەیی کوردان، سەرنجیان خراونەتەسەر.
لە یەکگرتووییەوە بۆ دۆسیەی داخستن: دوو ساڵ خەبات و تێکۆشان
پارتی وڵاتپارێزانی کوردستان (PWK)، لە دەرئەنجامی یەکگرتنی پارتی ئازادیی کوردستان (پاک) و تەڤگەری دیموکراتیکی کوردستان (تدک ـ تەڤگەر)، لە 10ی ئەیلولی 2023، لە کۆنگرەیەکی یەکگرتوودا لە ئامەد دامەزرا.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە هەروەک چۆن پارتی پێشەنگ PAK بە هۆی ناوی “کوردستان” و ئامانجە سیاسییەکانییەوە بەردەوام لەژێر فشاری دەوڵەتدا بووە، پارتی وڵاتپارێزانی کوردستانیش هەر لە سەرەتای دامەزراندنیەوە لەگەڵ هەمان فشار بەرەوڕوو بووە.
لەسەر داوای داواکاری گشتی کۆماریی تورکیا، دادگای دەستووری بنەڕەتیی تورکیا داوای لە PWK کرد کە ناوی “کوردستان” و بابەت و ماددە پەیوەندیدارەکان بە کوردستان لە بەرنامەکەیدا وەلابنێت. بەڵام دوای ئەوەی کە PWK ئەم داواکارییەی ڕەتکردەوە و بە زمانی کوردی و تورکی بەرگری لە مافەکانی خۆی کرد، دادگای دەستووری داوای یاسایی لە دژی ئەو حزبە تۆمار کرد. ئەم پرۆسە یاساییە دژ بە پارتی وڵاتپارێزانی کوردستان هێشتاش هەر بەردەوامە.
هەڵوێست لەسەر دیالۆگی دەوڵەت و ئۆجەلان و پرۆسەی چەکدانانی پەکەکە
لە ڕاگەیەندراوەکەدا بە وردی باس لە “پرۆژەی تورکیای بێ تیرۆر” کراوە کە لە نێوان دەوڵەتی تورک و عەبدوڵڵا ئۆجەلاندا بە شێوەیەکی ناڕوون جێبەجێ دەکرێت. PWK ئاماژەی بەوەکردووە کە ئەوان پرۆسەی چەکدانانی پەکەکە لە بەرژەوەندیی گەلی کورددا دەبینن و ئەوە دەتوانێ “ڕیگا لە بەردەم بیانووەکانی دەوڵەتی تورک تەنگ بکات و مەیدانی خەبات و تێکۆشانی سیاسی، دیموکراتیک و مەدەنی بەرفراوان بکات”.
PWK هاوکات هۆشداریشی داوە کە ئەم پرۆسەیە نابێ ببێتە بیانوو بۆ سەرکوتکردنی داواکارییە نەتەوەییەکان.
پارتی وڵاتپارێزانی کوردستان بە توندی هەڵوێست و ڕوانگەی ئۆجەلان ڕەت دەکاتەوە کە دەیهەوێ پرسی کورد وەک پرسی نەتەوەیەکی ژێردەستە و وڵاتێکی داگیرکراو، لە چوارچێوەی “کۆمەڵگەی دیموکراتیک”دا پێناسە بکات.
هەروەها لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: “ئێمە بە ڕوونی دژی ئەو ڕوانگانەی عەبدوڵا ئۆجالانین، گەلی کوردستانیش وەک هەر نەتەوەیەک مافی خۆیەتی کە بۆخۆی چارەنووسی خۆی دیاری بکات، هیچ کەسێک و لایەنێک ناتوانێت بەناوی گەلی کوردەوە دەستبەرداری مافە بنەڕەتی و ڕەوا نەتەوەییەکانی کورد بێت”.
مەرجەکان بۆ ئاشتییەکی ڕاستەقینە و داخوازە سەرەکییەکان
بە بڕوای PWK، دەوڵەتی تورکیا دەبێت هەنگاوی کۆنکرێتی بۆ ئاشتییەکی شکۆمەندانە و چارەسەرێکی بەردەوام هەڵبگرێت. PWK ئەم هەنگاوانەی بەم شێوەیە خستۆتە ڕوو:
1ـ شوناس و زمان: دەبێ ناسنامەی نەتەوەیی کورد و مافی خوێندن بە زمانی دایکی لە دەستووری بنەڕەتیدا بچەسپێت و زمانی کوردیش هاوشانی زمانی تورکی بکرێت بە زمانی فەرمی.
2ـ ئازادی: دەبێ ئازادی بیروڕا و ڕێکخستن دەستەبەر بکرێت و هەموو زیندانیانی سیاسی ئازاد بکرێن.
3ـ لایەنی دانوستان: بۆ چارەسەری پێویستە هەموو لایەنە سیاسی و دیموکراتیک و مەدەنییەکانی کورد وەک موخاتەب سەیر بکرێن و چارەنووسی گەلی کورد لە پشت دەرگا داخراوەکان و لە کۆبوونەوە ناڕوونەکاندا نەهێڵرێتەوە.
4ـ کۆتاییهێنان بە دوژمنایەتیکردنی کورد: دەبێ تورکیا دەستبەرداری سیاسەتی دوژمنایەتیکردنی خۆی بەرامبەر بە کورد لە پارچەکانی دیکەی کوردستان بێت و ڕێز لە قەوارەی سیاسی باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان بگرێت.
بانگەواز بۆ یەکیەتی و هاوکاریی نەتەوەیی
پارتی وڵاتپارێزانی کوردستان لە کۆتایی بەیاننامەکەیدا جەختی لە گرنگی یەکڕیزی و هاوپەیمانی نەتەوەیی کردۆتەوە. ئاماژە بەوە کردووە کە چارەنووسی هەر چوار پارچەی کوردستان بەیەکەوە گرێدراوە و ئەمەش پێویستی بە کۆردیناسیۆنێکی نەتەوەیی هەیە. PWK ڕایگەیاندووە کە ئەوان ئامادەن بۆ دامەزراندنی “پارتییەکی نەتەوەیی و دیموکراتیک و جەماوەری و سەیوانی” و هەر بەرپرسیارێتییەک کە لەو بوارەدا بکەوێتە سەر شانیان جێبەجێی دەکەن.
PWK بەم ڕستەیە کۆتایی بەیاننامەکەی بە بەیاننامەکەی هێناوە: “داوا لە هەموو کادیرانی نیشتمانپەروەر و ئازادیخواز و کوردستانی دەکەین؛ وەرن با پێکەوە خاوەندارێتی لەم هێڵە نەتەوەیی و دیموکراتیک و کوردستانییە بکەین، هیوا و داهاتووی نەتەوەی کورد لەم هێڵەدایە. وەرن با پێکەوە ئەم هێڵە نەتەوەیی و کوردستانییە بەهێزتر، گەشاوەتر و بەرفراوانتر بکەین”.