باوکی نەتەوەی کورد بارزانی و ڕێبازەکەی

باوکی نەتەوەی کورد بارزانی و ڕێبازەکەی

نەمر بارزانی بە تەنها سەرۆک و ڕێبەری گەلی کورد نیە، بەڵکوو جەنابیان بە بەرنامە و ڕێبازەکەی بووەتە باوکی نەتەوەی کورد.

بووبێ ئەسەر

ئەگەر ئاوڕیک لە مێژووی جیهان بدەینەوە، دەبینین کە لە ناو هەموو وڵات و نەتەوەیەکدا کۆمەڵێک کەس و کەسایەتی هەن کە وڵاتەکە بە ناوی ئەوانەوە دەناسرێتەوە. هۆکاری ئەمەش ئەوەیە کە ئەو کەسایەتیانە بە ڕەنج و زەحمەت و ماندووبوونی خۆیان، بوونەتە سیمبولی گەلەکەیان و بە هزر و بیروباوەڕی خۆیان، وڵاتەکەیان ئازاد کردووە یان دیموکراسی ناوخۆیی وڵاتەکەیان بەهێزتر کردووە.

بێگومان لە وڵاتی بندەست و ستەملێکراوی ئێمەشدا کەساانی قارەمان و پیاوی ئازا زۆر بوون و خەباتێکی بێ هاوتایان لە دژی داگیرکەران کردووە، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون. لە شەڕی ئازادیی وڵاتەکەیاندا تووشی شکست هاتوون. بەڵام دوای شکستهێنانەکەیان، ڕێگا و ڕێبازێکیان لە دوای خۆیان بەجێنەهێشتووە کە ئەوانەی دوای ئەوان دێن، چۆناوچۆن درێژە بە خەبات بدەن، یانیش دەرەتان و ئیمکانی ئەوە پێکنەهاتبوو. لە سەرانسەری کوردستان و دوای دابەشبوونی بەسەر چوار دەوڵەتی داگیرکەردا، ئەوەی کە لەسەر پێی خۆیان ڕاوەستابوون و کورد و کوردستانیان گەیاندە ئازادی، بارزانیەکان بوون، چونکە خاوەن ڕێبازێک بوون.

کاتێک سەیری مێژووی کوردستان دەکەین بە گشتی دەبینین زۆر سەرهەڵدان و بەرخۆدان پێکهاتوون. بە تایبەتی لە باکووری کوردستان لە دوای دامەزراندنی کۆماری تورکیا زۆر بەرخۆدان و سەرهەڵدان لە دژی ئەو کۆمارە پێکهاتوون. شەڕ و پێکدادانی بێ هاوتا بەڕێوەچون، بەڵام هەموویان تووشی شکست هاتوون.

شکستی گەورەی کورد، لە ساڵی 1938 لە دێرسیم ڕوویدا. میللەتەکەمان کۆمەلکوژ و دەربەدەر کرا. زمانی کوردی لە سەرانسەری باکوری کوردستان قەدەغە کرا. کورد بەشێوەیەک مامەڵەی لەگەڵ دەکرا کە کەس نەیدەوێرا بڵێ: “ئێمە کوردین”. ئاگرێکی وایان لە کوردستان بەردابوو کە تەنانەت زنار و چیاکانی کوردستانیشی دەسووتاند.

فەرمانی قڕکردنی کوردیان دا بۆ ئەوەی هیچ کوردێک نەمێنێت و کەس نەڵێت “ئێمە کوردین”. دەوڵەتی تورک بە هەموو هێز و دەسەڵاتی خۆیەوە ئاگری لە سەر پشتی کورد کردبۆوە بۆ ئەوەی کورد نەمێنێت و لەو ئاگرەدا ببێت بە خۆڵەمیش.

لە باشووری کوردستان بارزانیەکان بە هەموو توانایانەوە لە دژی داگیرکەران و حکومەتی عێراق خەباتیان بۆ ئازادیی کوردستان کرد، بەڵام بەداخەوە بەرامبەر داگیرکەران و دەسەڵاتی ئینگلیزەکان شکستیان هێنا. بۆ ئەوەی گەلی کورد لە باشووری کوردستان بە تەواوی لەناو نەچن، بارزانیەکان ناچار بوون بچنە ئێران، واتە ڕوویان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرد.

کاتێک بارزانیەکان بینیان کە بزووتنەوەی ئازادیی کوردستان بە سەرپەرشتیی حیزبی دیموکراتی کوردستان و بە سەرۆکایەتی پێشەوا قازی محەممەد دەست پێدەکات، بارزانی نەمر بۆ پاڵپشتی کردن و  یارمەتیدانی براکانی خۆی لە ڕۆژهەڵات، لەگەڵ قازی محەممەد کۆدەبێتەوە و بارزانی ئیدی وەکوو هێزی بارزانیەکان پەیوەندی بە شۆڕشی ئازادیی کوردستان بە سەرۆکایەتی پێشەوا قازی محەمەد دەکات.

کۆماری کوردستان لە مەهاباد ڕاگەیەندرا و بارزانی نەمر پلەی ژنراڵیی پێبەخشرا.

بەڵام بەداخەوە ئەم دەسکەوتەی کوردان، واتە کۆماری کوردستان تەنها ساڵێک خۆی ڕاگرت و لەسەر دەستی زلهێزە نێودەوڵەتییەکان ڕووخا. دوای شکستی کورد لە ڕۆژهەڵاتیش، ئیدی دەسەڵاتی فارسیش هاوشیوەی تورک دەستی بە قەڵوعام و لەسیدارەدانی سەرۆک و ڕێبەران و تێکۆشەرانی کورد کرد.

بارزانی گەورە بە باشی لە دۆخەکە تێگەیشتبوو و دەیزانی کە ئەگەر تەسلیمی داگیرکەران ببێت، کورد بەرەو فەوتان دەچێت. هەر بۆیە لەگەڵ 512 پێشمەرگەی خۆی بۆئەوەی کە ڕەگەزی کورد بەتەواوی لەناو نەچێت، ڕوویان لە یەکێتی سۆڤیەت کرد. ئیدی لەوێش چیان بەسەر هاتووە، کەم و زۆر دەزانرێت.

دوای شکستی کۆماری کوردستان و لەسێدارەدانی پێشەوا قازی محەممەد، سەرۆککۆماری کوردستان، نەک هەر دەوڵەتی داگیرکەری ئێرانی، بەڵکوو هەر چوار داگیرکەرەکەی کوردستان پێیان وابوو چیتر کورد نەماون و ئەوەش کە ماونەتەوە، چیتر ناتوانن دەنگیان بەرز بکەنەوە و سەرهەڵدان و شۆڕش بەرپا بکەن.

بەڵام بارزانیی مەزن بە گەڕانەوەی لە سۆڤیەت و بەرپاکردنی شۆڕشی ئەیلول، ئەم هەوەس و خۆشییەی داگیرکەرانی لە قوڕگی ئەواندا قەتیس کرد و جارێکی دیکە ترس و خۆفی خستە دڵی داگیرکەرانی کوردستانەوە.

بارزانی مەزن بە شۆڕشی ئەیلول، کوردی سەرلەنوێ زیندوو کردەوە و بە شۆڕشی گوڵانیش بناغەی دەوڵەتداریی دانا تا کورد ڕۆژێک لە ڕۆژان بەپێی ئەو خەبات و تێکۆشانە، بتوانێ دەولەتی خۆی دابمەرزینێت. وەک ئەوەی کە ئەمڕۆ لە باشووری کوردستان بوونی هەیە.

ئەگەر نەمر بارزانیی گەورە لەگەڵ پێشمەرگە لاوەکانی نەچووبایە بۆ یەکێتی سۆڤیەت و دواتر نەگەڕابانەوە، باوەڕم پێ بکەن کورد وەک نەتەوە لەسەر ڕووی زەوی بوونی نەدەما. ئەوانەشی کە دەمانەوە بێدەنگ دەبوون تا ئەوانیش لەناو دەبران.

هەر لەبەر ئەمەشە کوردەکان، بارزانیی مەزن بە “باوکی نەتەوەی کورد” ناودەبەن. ئەمە هەڵسەنگاندنێکی دروست و ڕاستگۆیانەیە. پێویستە ئێمەی کورد بە شانازی و دڵخۆشیەوە باوکی میللەتەکەمان، بارزانی لە هەموو بوارێکدا یاد بکەینەوە و ئەو ڕێبازە بەکار بهێنین کە بۆ ئازادی و سەربەخۆیی کوردستان ئامادەی کردووە. چونکە هەبوون و ئازادی و سەربەخۆیی کورد و کوردستان، لەو ڕێبازەی بارزانیی نەمردا چەسپاوە.

هەر لەبەر ئەمەشە کورد دەڵێ: نەمر بارزانی بە تەنها سەرۆک و ڕێبەری گەلی کورد نیە، بەڵکوو جەنابیان بە بەرنامە و ڕێبازەکەی بووەتە باوکی نەتەوەی کورد.

پوستێن ھەمان بەش