چالاکییەکی لانسمان: بافڵ تاڵەبانی…

چالاکییەکی لانسمان: بافڵ تاڵەبانی...

لەپشت “سەرۆکایەتی” بافڵ تاڵەبانیەوە بەرەیەکی دژە کوردستانی و ڕێکخراوێکی بازرگانی هەیە.

کۆمەڵگەی کورد لە دوای ساڵی 2016 بیستنی ناوێکی نوێی لە بواری سیاسیدا تەجروبە کرد کە ئەویش ناوی بافڵ تاڵەبانی بوو.

هەندێک لۆبی لە واشنتۆن و لەندەن دەیانهەوێت بافڵ تاڵەبانی لە ناو کۆمەڵگەی کوردیدا بەهێزتر بکەن، بۆیە هەر بە ئاشکرا ڕیکلامی بۆ دەکەن…

لانسمانی سیاسەتمەداری نوێ و بافڵ تاڵەبانی

لانسمان لە ئەسڵدا وشەیەکی فەرەنسییە. “لانسمان” دەستەواژەیەکی ڕیکلامییە بۆ ناساندنی بەرهەمێک، براندێک یان پڕۆژەیەک کە دەکرێتەوە. واتە ڕێکخراوێکی زۆر گەورەترە لە ڕیکلام. لە ڕاستیدا فێڵێکی بازرگانییە و هەوڵێکە بۆ بە زۆر فریودانی خەڵک تاوەکوو شتێک بکڕێت، یان هەمان شتیان بە ناوێک و بەرگێکی جیاوازەوە پێ دەفرۆشنەوە. بۆ نموونە مارکەیەکی جوانکاری کرێمێکی کۆن لە پاکەتێکی نوێدا بە ڕاگەیاندنێکی نوێ دەخاتە بازاڕەوە. بە هەڵمەتێکی گەورە، کرێمە کۆنەکە لە پاکەتێکی نوێدا بە خەڵک دەفرۆشن. بە ئۆفەرێکی نوێ ئەو بابەتە کۆنە بە پاڵپشتی هەندێک لە پسپۆڕانی ڕیکلام وەک پزیشک و شارەزا و بەکاربەران، سەرلەنوێ دەفرۆشێتەوە.

ئەوەی بۆ بافڵ تاڵەبانی کرا، ڕێک کاری لانسمانییە، دروستکردنی بازاڕ و ڕیکلامە. بافڵ تاڵەبانی لە ڕاستیدا کەسێکی سەربازی و سیاسی و نیشتمانپەروەر نییە. بافڵ تاڵەبانی بەرهەمێکی بازرگانییە کە بەشێک لە کۆلۆنیالیستەکان و لۆبییە ناوچەییەکانن دەیانەوێت بە ئەتەکێتی کوردی بەکاری بهێنن. بۆیە کورد بۆ یەکەمجار بافڵ تاڵەبانی دوای خیانەتە نگریسەکەی 16ی ئۆکتۆبەری 2017 بینی، کاتێک کە لە شاشەی تەلەفزیۆن دەرکەوت و گوتی: “هەمووان ڕێککەوتنی فرۆشتنی کەرکوکیان واژۆکرد”. ئەم وێنەیەی یەکەم بەهۆی واژۆی ئەو لە سەر فرۆشتنی کەرکوک، زۆر خراپ بوو، بەڵام دواتر بۆ ئەوەی وێنەیەکی گونجاو لە بافڵ دروست بکرێت، ڕیکلامەکردن بۆ ناوبراو دەستیان پێکرد.

بافڵ تاڵەبانی، قارەمانی ویکیپیدیا

ئەگەر سەیری ویکیپیدیا بکەن، دۆسیەیەکی سەرنجڕاکێش لەسەر بافڵ تاڵەبانی ئامادەکراو بە 6 زمان دەبینن. ئەم نووسینە دەربارەی بافڵ لە یەک قەڵەمەوە هاتووە. بافڵ تاڵەبانی کە زۆر کەس نەیدەناسی؛ بەڵام لە ویکیپیدیادا وەک ناوێک دەخرێتەڕوو کە گۆیا لە دوای ساڵی 2000دا لە بەرزترین ئاستدا بەشداریی لە هەموو چالاکییەکانی یەنەکەدا کردووە، مەشقی سەربازی گرنگی وەرگرتووە و بەرهەمی گرنگی خوڵقاندووە. بە توندی جەخت لەوە دەکرێتەوە کە لە سوپای دەرەوەی فەرەنسا و هێزە تایبەتەکانی بەریتانیا مەشقی سەربازی فەرمی وەرگرتووە. وەک چالاکوانێکی سیاسی شاراوە و پشت پەردە کە لە ساڵی 2003ـەوە نەبینراوە، وەسف دەکرێت. هەروەها ویکیپیدیا ئاماژە بەوە دەکات کە بافڵ تاڵەبانی لە کاتی ڕیفراندۆمی کوردستاندا، خاوەن پڕۆژەیەکی گرنگ بووە و ئەگەر ئەو پڕۆژەیە قبووڵ بکرایە، کەرکوک داگیر نەدەکرا و بافڵ تاڵەبانی ناوبژیوان و چارەسەرکەری کێشەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بووە. بەم پێناسەیە دەیانهەوێت بافڵ وەک کەسێکی زۆر گرنگ بۆ گەلی کورد بخەنەڕوو.

هاوکاری پەکەکە بۆ لانسمانیی بافڵ تاڵەبانی

بە واتایەکی تر، هەوڵێک درا بە نووسینی چیرۆکێکی خەیاڵی لە ویکیپیدیا، بافڵ تاڵەبانی نەناسراو بکرێتە براندێکی گرنگ. بۆ لانسمانیی بافڵ تاڵەبانی، پەکەکە زەحمەتێکی زۆری کێشا.

دوای ساڵی 2000 ململانێیەکی جیددی لە نێوان یەنەکە و پەکەکەدا دروست بوو. هۆکاری ئەمەش ئێران بوو کە بەرامبەر بە ئۆجەلان و سیاسەتی بە تورکیەییبوونی پەکەکە کاردانەوەی هەبوو. بەڵام لە دوای ساڵی 2012 کە جەمیل بایک بوو بە هاوسەرۆکی کەجەکە، پەکەکە ئەڵقەیەکی نوێی بۆ خۆی زیاد کرد و پەیوەندی بە سیاسەتی ناوخۆیی ئێرانەوە کرد. ئەمەش ڕێگەی بۆ پەکەکە کردەوە کە لە شوێنەکانی ژێر دەسەڵاتی یەنەکە وەک سلێمانی و کەرکوک جێگیر بکرێت.

میدیاکانی پەکەکە بۆ یەک ڕۆژیش باسی بافڵ تاڵەبانییان نەکرد، هەتا شەڕی بافڵ و لاهور تاڵەبانی، کە ئەندامانی یەنەکە بە ڕووداوەکانی مانگی تەمموز ناوی دەبەن و لە ساڵی 2021 ڕوویدا. تا ئەو کاتە میدیاکانی پەکەکە “لاهور جەنگی”یان وەک سەرۆکی نوێی باشوور پیشان دەدا. کاتێک دۆخی ناو یەنەکە ئاڵۆز بوو، پەکەکە یەکسەر بە توندی لە میدیاکانیەوە لە دژی لاهور دەرکەوت و ئەمجار پەکەکە دەستی بە پەیوەندی لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی کرد. یەکسەر موراد قەرەیلان کەف کەوتە سەر لێوەکانی و بە کەفچەراندنەوە گوتی: “دەمەوێت بافڵ تاڵەبانی ببینم”. پەکەکە لە زۆر ڕووەوە سوودی لەو ئاژاوەگێڕییە وەرگرت کە بافڵ تاڵەبانی لە کوردستان دروستی کرد. هەر لەبەر ئەم هۆکارەش ​​پەکەکە لە لانسمانیی بافڵ تاڵەبانیدا، پێشەنگایەتی دەکات.

میدیاکانی پەکەکە بەردەوام وێنەی بافڵ تاڵەبانی لەبەردەم ئاڵای کوردستاندا کە بە فۆتۆشۆپ دروستکراوە، بڵاو دەکەنەوە و وەک ڕێبەرێکی نمونەیی وێنای دەکەن کە دژی تورکیا شەڕ دەکات.

ئایا بافڵ تاڵەبانی لە ڕاستیدا ئەو بافڵ تاڵەبانییەیە کە ئەم لۆبی و هێزە ئیقلیمیانە دەیڵێن؟

مام جەلال بۆخۆی لەسەر بافڵ چیی گوتبوو؟

هەمووان دەزانن ڕۆژنامەنووسێک لە خوالێخۆشبوو مام جەلالی پرسیبوو چەند منداڵت هەیە، مام جەلال لە وەڵامدا گوتبووی: من کوڕێک (قوباد) و کەرێکم (بافڵ)هەیە.

بافڵ تاڵەبانی ئەو کەسە بوو کە مام جەلال لە ماوەی ژیانیدا ڕێگەی نەدا بە دەوروبەری یەنەکەدا بێت. هەروەها “دوکتور نەجمەدین کەریم”، پارێزگاری پێشووی کەرکوک و پزیشکی تایبەتی جەلال تاڵەبانی لە چاوپێکەوتنێکدا بە کورتی ئەم دۆخەی ئاوەها گێڕایەوە: “کاتێک مام جەلال ساغ بوو، ڕێگەی نەدەدا بافڵ بەلای بارەگاکانی یەنەکەشدا تێپەڕێت”.

جیاوازیی نێوان لانسمان بافڵ تاڵەبانی و بافڵ تاڵەبانی ڕاستەقینە چییە؟

بافڵ تاڵەبانی لە ساڵی 1973 لەدایک بووە، لەگەڵ دایک و باوکی خۆی گەورە نەبووە، بەڵکو لەلای “شەهناز ئیبراهیم”ی پووری گەورە بووە. ​​بافڵ هەمیشە کێشەی لەگەڵ خێزانەکەیدا هەبووە. بافڵ کەسێکی توڕە و عەسەبی و جنێوفرۆش و نەساز و ئاژاوەگێڕ بووە. خوالێخۆشبوو مام جەلال هەمیشە دژایەتی ئەم کەسە تێکەڵوپێکەڵەی دەکرد. باوکی بیری لەوە کردەوە کە بە ناردنی بۆ مەشقی سەربازی، دەتوانێ تەربیەتی بدات و ژیانی بافڵ دیسپلین بکات. هەر لەبەر ئەم هۆکارە لە قوتابخانە سەربازییەکانی فەرەنسا و بەریتانیا خوێندوویەتی. لە ماوەی خوێندنی لەوێدا، قوتابخانەکە جارێکیان بەهۆی کێشەی دیسپلینییەوە، بەڕێوەبەری قوتابخانەکە ویستوویەتی وەدەری بنێت، بەڵام بە دیپلۆماسیەتی مام جەلال دەرنەکرا. لە قوتابخانە پلەی سەرکەوتنی بەدەست نەهێنا. دواتر لە بەریتانیا دەستی بە کاروباری بازرگانی کرد. لەناو یەنەکەدا هیچ ئەرک و وەزیفەیەکی سیاسیی نەبوو. بە جۆرێک لە ژێر دەسەڵاتی ئینگلیزەکاندا مایەوە و تا ئێستاش هاوڵاتییەکی بەریتانیایە. ئەوانەی لێیەوەی نزیکن، دەڵێن لە ئینگلتەرا دەرمانێکی زۆری بۆ وازهێنان لە مادەی هۆشبەر و کحولی وەرگرتووە. ئێستاش بافڵ بە هۆی کێشەی تەندروستیەوە ناوبەناو لە بەر چاوان نامێنێت. دەگوترێت کە لەبەر بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر چارەسەر وەردەگرێت و دەرمان دەکرێت.

بافڵ تاڵەبانی لە ساڵی 2008 بە گەندەڵی و ساختەکاری تۆمەتبار کرابوو. بافڵ تاڵەبانی تێوەگلاوە لە دۆسیەی بەرتیل و ساختەکاری بە بڕی 5.2 ملیۆن دۆلار لە ڕێگەی کۆمپانیای “دۆم لتد”ـەوە لە قوبرس. هەروەها ئەم دۆخە تا ساڵی 2013 بەردەوام بوو. بەڵام گرنگ نییە چی ڕوودەدات، دواتر ئەم دۆسیانە بە دەستێکی شاراوە داخران. ئەوانەی دۆسیەی قوبرسیان هەڵوەشاندووەتەوە و ئەوانەی لانسمانیی بافڵ بەڕێوەدەبەن، لە هەمان بازنەدان.

لە هەڵبژاردنی 21ی ئەیلولی 2013دا یەنەکە شکستێکی گەورەی بەسەردا هات و بوو بە لایەنی سێیەم. بافڵ تاڵەبانی لە شەقامەکانی سلێمانی خەڵکی هەراسان دەکرد و هێرشی دەکردە سەریان، هەر بۆیە تەشهیر کرا و دوای ئەم هەڵبژاردنە، یەکسەر سلێمانی بەجێدەهێڵێت.

ئێران لە پرۆسەی دیاریکردنی بەرێوەبەرایەتیی یەنەکەدا بەشداربوو

مام جەلال نەخۆش بوو و هیرۆ تاڵەبانی هاوسەری لە ڕووی دەروونییەوە نەیتوانی سەرکردایەتی یەنەکە بکات. لەبەرئەوەی ئێران ترسی هەبوو کە یەنەکە لەناو بچێت، پرۆسەی پێکهێنانی گرووپێکی نوێی لەناو یەنەکەدا دەستپێکرد. هەموو ئەو ناوانەی کە لە دوای جەلال تاڵەبانییەوە بەرجەستە کران، وەک لاهور جەنگی، بافڵ تاڵەبانی و… بە ڕەزامەندی ئێران و بە جۆرێک لۆبیکردنی وڵاتانی ڕۆژئاوا دروست بوون.

کچەکانی ئیبراهیم ئەحمەد، هێرۆ و شەهناز ئیبراهیم، ​​خۆیان بە خاوەنی ڕاستەقینەی یەنەکە دەزانی و لە بەهێزبوونی لاهور جەنگی ناڕەحەت بوون. ڕۆشنبیرانی سلێمانی دەڵێن، شەهناز ئیبراهیم بە دەورووبەرەکەی گوتووە، “لاهور وەک مافیا وایە، تەنیا بە مافیایەکی وەک بافڵ دەتوانین لەناوی ببەین”. بە واتایەکی دیکە بنەماڵەی ئیبراهیم ئەحمەد هەنگاویان لە دژی لاهور جەنگی گرتەبەر و بافڵیان لە جیاتی ئەو ئەرکدار کرد.

کوشتنی قاسم سلێمانی و لاهوور جەنگی

پێگەیەکی هەواڵی ئەمریکی بە ناوی “یاهوو نیوز”، سایتێکە کە خۆی هەواڵ بەرهەم ناهێنێت، بەڵکو هەواڵ لە سەرچاوەکانی دیکەوە بڵاودەکاتەوە و ڕایگەیاند کە هێزەکانی دژە تیرۆری یەنەکەی سەر بە لاهور جەنگی، بەشدارییان لە کوشتنی قاسم سلێمانیدا کردووە. ئەو هێزانەی کە یاهوو نیوز لە هەواڵەکەیدا ئاماژەی پێکردبوو، هەمان ئەو هێزانەن کە تەسفیەکردنی “لاهور جەنگی”یان پەسەند کرد. سێ مانگ دوای ئەم هەواڵە، لەناکاو بافڵ تاڵەبانی لە میدیاکانەوە دەرکەوت و وتی “ژەهراوی بووم” و پرۆسەی تەسفیەکردنی لاهور جەنگی لە یەنەکە دەستی پێکرد.

وە هەموو ئەوانەی ناو یەنەکە کە سەر بە ئێران بوون، لە دەوری بافڵ تالەبانی کۆبوونەوە. (لە ناو کەوانەدا پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە “ئاکام عومەر” کە لە ڕێکەوتی 13ی کانوونی 2022دا بە شێوەیەکی گوماناوی گیانی لەدەستدا، وەکوو کەسێکی بەشدار لە ڕووداوی کوشتنی قاسم سلێمانیدا، تۆمەتبار کرابوو).

مەلا بەختیار و ئەندامانی دیکەی یەنەکە تەسفیە کران

لاهور جەنگی تەسفیە کرا و ڕۆیشت، بەڵام بافڵ تاڵەبانی بۆ ئەوەی ببێتە سەرکردەی یەنەکە، پێویستی بە پاڵپشتی ناوەند و گەورەکانی یەنەکە هەبوو. زۆرکەس پشتگیرییان لە بافڵ تاڵەبانی نەکرد و دەستیان لەکارکێشایەوە، چونکە ڕووی ڕاستەقینەی بافڵ تاڵەبانییان دەناسی. یەکێک لەو بەرپرسانەی یەنەکە، مەلا بەختیار بوو.

مەلا بەختیار لە دژی “یەنەکە”ی بافڵ بوو، بەهۆی “هاوکاری لەگەڵ حەشدی شەعبی و سیستەمی مافیای ئیداری لە سلێمانی و گەندەڵی ئابووری”. مەلا بەختیار ڕەخنەی وەک “یەنەکەکەی بافڵ زیانی بە قەوارەی هەرێمی کوردستان و گەلی کورد گەیاندووە” دەگرت. بەهۆی ئەو ڕەخنانەوە بافڵ، سەرەتا مەلا بەختیاری لە کارەکەی دوورخستەوە و دواتر گەمارۆی ئابووریشی بەسەردا سەپێندرا.

مەلا بەختیار لە هەمان کاتدا خەزووری بافڵ تاڵەبانی بوو. بافڵ تاڵەبانی کە بە هەڵوێستی شەڕانگێزی و تۆڵەسەندنەوە و توڕەیی ناسراوە، کاردانەوەی بەرامبەر مەلا بەختیاری خەزووری پیشاندا. کەسانی نزیکی یەنەکە لە سلێمانی دەڵێن، بافڵ تاڵەبانی دەستی بەسەر منداڵەکانیدا گرتووە و ژنەکەی خۆیشی لە ماڵ دەرکردووە. هەمان ئەو کەسانەی ناو بازنەی یەنەکە بانگەشەی ئەوە دەکەن کە بافڵ بە هاوسەرەکەی وتووە “ئەگەر قسە بکەیت، دەتکوژم” و هاوسەرەکەشی بەهۆی ئەم فشارانەوە گەڕاوەتەوە بۆ بەریتانیا.

مەبەست لە نووسینی بابەتەکەمان، پەیوەندیی و هاوپەیمانییە سیاسییەکانی بافڵ تاڵەبانی نییە. ئامانجمان ئاشکراکردنی جیاوازی نێوان ئەو بافڵ تاڵەبانیەیە کە وەک ڕێبەرێکی شۆڕشگێڕ پێشکەشی کورد دەکرێت، لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی ڕاستەقینەدایە. چونکە سەرکردایەتی کەسێکی هەڵە ناتوانێت کۆمەڵگە بەرەو ڕێگای ڕاست و دروست ببات. هێڵی سیاسی بە جێگای خۆی؛ کەسێکی ناسەقامگیر کە کێشەی دەروونیی هەبێت، باس لەوە دەکرێت کە مادەی هۆشبەر بەکاردەهێنێت، درێغی ناکات لە کوشتنی مرۆڤەکان، بە چاوسووریەوە تەماحی دەسەڵاتی هەبێت، ناتوانێت ژیانی تایبەتی خۆی ڕێکبخات، ئیدی کەسێکی لەو جۆرە ناتوانێت ڕێبەرایەتی کورد بکات. بافڵ تاڵەبانی تەنها ئامرازێکە لە دەستی هەندێک لۆبی ڕۆژئاوایی و بەرەی دژەکوردەوە. ئامانجەکە ئەوەیە کە ئایندەی کورد بەم سەرکردە دەستکردانە لێڵ و تاریک بکرێت. سەرکردەیەک نییە بە ناوی بافڵ تاڵەبانی، بەڵکوو لەپشت “سەرۆکایەتی” بافڵ تاڵەبانیەوە بەرەیەکی دژە کوردستانی و ڕێکخراوێکی بازرگانی هەیە.

پێویستە کورد وشیار بن…

پوستێن ھەمان بەش