“محەممەد عیماد سەلیم” تەمەنی 14 ساڵانە، دایکی نەماوە و بابیشی نەخۆش و پیرە.
چەتەکانی بەناو “جوانێن شۆرەشگەر”ی سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان، کە ڕاستەوخۆ لە بەریوەبەرایەتیی پەکەکە لە قەندیل فەرمان وەردەگرن، منداڵێکی دیکەیان بە مەبەستی تێکەڵ کردن بە ڕیزی گەریلاکانی پەکەکە، لە شاری حەسەکەی ڕۆژئاوای کوردستان ڕفاند.
ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاندووە، ڕفێندرانی مێرمندالێکی تەمەن 14 ساڵانیان بەناوی “محەممەد عیماد سەلیم” لە کەمپی “ئەل ـ تەلای” شاری حەسەکە لە ڕێکەوتی 9ی ئەیلوولی ئەمسالدا دیکۆمێنت کردووە.
بەپیی زانیاریەکان، ئەو منداڵە لە ئاوارەکانی شاری سەرێکانی بووە و لەگەڵ بنەماڵەکەیدا لە کەمپی “ئەل ـ تەلای” لە حەسەکە نیشتەجێ بووە. بەپێی ئەوەی ڕاگەیاندراوە، محەممەد عیماد دایکی نەماوە و بابیشی نەخۆش و پیرە.
تۆڕەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە سەرەڕای هەوڵی کەسوکاری ئەو منداڵە ڕفێندراوە و سەردانیکردنی ناوەندەکانی سەر بە پارتی یەکێتیی دیموکراتیک (پەیەدە) و هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (هەسەدە)، بەڵام هەتا ئێستا هیچ زانیارییەکیان لەسەر چارەنووسی منداڵەکەیان بەدەست نەکەوتووە.
سەرەڕای ئەوەی کە مەزڵووم کۆبانێ، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک لە ساڵی 2019دا لەگەڵ ڤێرجینیا گامبا، نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری منداڵان، پەیمانێکی واژۆ کردووە و بەڵینی داوە کە ئیدی منداڵان تێکەڵ بە ڕیزی هیزەکانی خۆی نەکات و هەروەها ئەو منداڵانانەش ئازاد بکەن کە پێشتر چەکداریان کردوون، بەڵام هەسەدە و فەرماندەکەی هەتا ئێستاشی لەگەڵدا بێت، بە بەڵێن و واژۆکەی خۆیان پێبەند نەبوون و بەردەوام و بەشێوازی جۆراوجۆر منداڵانی ڕۆژئاوای کوردستان دەڕفێنن و بەزۆر چەکداریان دەکەن و لە شەڕەکاندا بەشدارییان پێدەکەن.
چاودێران لەو بڕوایەدان کە ئامانجی تاقمی “جوانێن شۆرەشگەر”ی پەکەکە لە ڕفاندنی منداڵان و میرمنداڵان، شۆردنەوەی مێشکیانە بەپێی بیروباوەڕی پارتی کرێکارانی کوردستان و تێکەڵکردنیانە بە ڕیزی گەریلا و چەکدارەکانی ئەو حیزبە.