وتنی “نا” بە بافڵ، وتنی “نا”یە بە هەموو جۆرە یارییەکی داگیرکەرانی کوردستان و گوتنی “نا”یە بە دەماری جاشایەتی لەناو کورداندا. وتنی “نا” بە بافڵ تاڵەبانی، خاوەندارێتی کردنە لە کورد و ئیرادە و کەرامەتی کوردایەتی.
کەمتر لە دوو هەفتە ماوە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان. ئەم هەڵبژاردنە بۆ هەرێمی کوردستان گرنگە. کوردستان هەمیشە دۆخێکی هەستیار و نائاسایی هەبووە، بەڵام ئەمجارە دۆخی ناوچەیی و جیهانی زۆر مەترسیدارە. جوگرافیای ئێمە تەنیا لە ناوەندی شەڕی داگیرکەراندا نییە، بەڵکو لە ناوەندی شەڕێکی جیهانیشدایە. بەهۆی ئەم دەرازینە مێژووییەوە، لەم هەڵبژاردنەدا پێویستە دەنگدەران ئەم قۆناخە ئاڵۆز و هەستیارە لەبەرچاو بگرن و بەو پێیە دەنگ بدەن.
هەرکەسێک دەچێتە سەر سندوقەکانی دەنگدان دەبێت بیر لەو شەڕە بکاتەوە کە دەکرێت و دەبێت دەنگ بەو حزبە بدات کە بتوانێت بە کەمترین زیان، زۆرترین دەستکەوت بۆ وڵات دەستەبەر بکات. جا چ حەزی لێبکات یان نا، دەبێت لەپێناو مسۆگەر کردنی داهاتووی خۆی و منداڵەکانیدا، دەنگ بە لایەنێک بدات کە بەڕاستی دەتوانێ کوردستان بپارێزێت. حیزبەکانی وەک “نەوەی نوێ”ی شاسووار عەبدولواحید ئەو حزبانەن کە توانای پاراستنی کوردستانیان سفرە. لە دۆخێکی دژوار و ئاڵۆزدا، شاسووار بۆخۆی یەکەم کەسە کە وڵاتەکەی بەجێدەهێڵێت و ڕادەکات.
بەڵام هەرکەسێک کە بۆ داهاتووی گەلەکەی و وڵاتەکەی و منداڵەکانی خۆی، بە پەرۆش بێت، ناچارە کە بە یەنەکە و سەرۆکە ناکۆک و ئاڵۆزەکەی واتە بافڵ تالەبانی بڵێت “نا”. چونکە بەشداریکردنی بافڵ تاڵەبانی لەم هەڵبژاردنەدا هیچ تایبەتمەندییەکی کوردانەی تێدا بەدی ناکرێت. لەم هەڵبژاردنەدا دروشم و بەرنامە و بەڵێنەکانی بافڵ تاڵەبانی بەشێکن لە بەرنامە و پیلانەکانی ئێران و میلیشیاکانی حەشدی شەعبی دژ بە کورد و کوردستان.
ئەوەی بافڵ تاڵەبانی دەیڵێت: من بارزانیەکان لەناو دەبەم، کێڵگەی غازی کۆرمۆر ڕادەستی حکومەتی هەرێمی کوردستان ناکەم، لە مەسەلەی دارایی کوردستاندا من لە سەنگەری عێراق جێگا دەگرم و دژایەتی پرۆژەی “هەژماری من” دەکەم.
ئەم سێ پڕۆژەیەی بافڵ تاڵەبانی، پڕۆژەی میلیشیاکانی حەشدی شەعبین. بافڵ تاڵەبانی بە نوێنەرایەتی حەشدی شەعبی و بە ناوی ئێرانەوە بەشداریی هەڵبژاردن دەکات. پێویستە گەلی کوردستان زۆر بە هەستیارییەوە سەیری نەخشەی کوردستان بکەن و وەڵامی ئەم پرسیارە بدەنەوە: ئایا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هیچ شوێنێک بوونی هەیە کە لە میحوەری ئێراندا بێت و لە ئارامی و ئاسایشدا بژیت؟ یەمەن، لوبنان، سوریا و هتد…، ئێران دەستوردانی لە هەر کوێیەک کردبێت، ئەو جێگایە بووەتە شوێنی شەڕ و خوێن و چەوسانەوە. بەیروت کە ئەستێرەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوو، ساڵانێکی زۆرە بەهۆی دەستوەردانەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە لە هەژاریدا دەژی و لە خوێندا گەوزراوە و ئێستاکەش بووەتە بەشێک لە شەڕێکی ناوچەیی. گوتنی “نا” بە بافڵ تاڵەبانی، گوتنی “نا”یە بۆ کاولکاری و وێرانکردنی کوردستان لەلایەن ئێرانیەکانەوە.
ئێران و داگیرکەرانی دیکەی کوردستان، بڕیاری بچووککردنەوەی هەرێمی کوردستانیان داوە. ئەوان دەیانهەوێت بە کەڵک وەرگرتن لە جاشەکان کە خەنجەری ژەهراوی و ڕووڕەشانی مێژووی کورد و کوردستانن، ئەم پیلانە گڵاوەیان جێبەجێ بکەن. هەر بۆ ئەم مەبەستە ئێران سیاسەتێکی هەیە کە لە ساڵی 2012ـەوە خراوەتە بواری جێبەجێکردنەوە. حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەو کاتەوە بەرەنگاری ئەم پڕۆژە ئێرانییە دەبێتەوە و بەرپەرچی دەداتەوە. بە تایبەتی لە کابینەی 9یەمینی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا، سەرەڕای ئەوەی کە هەولێر بە مووسەکی بالستیکیش کرایە ئامانج، هەناردە کردنی نەوتی کوردستان ڕاگیرا و دەستی بەسەردا گیرا و مووچەی مانگانە ڕەوانە نەکرا، بەڵام قەد ئامادە نەبوو تەسلیمی حکومەتی بەغدا ببێت. پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) هیچکات تەسلیمی ڕێژیمی شیعەی بەغدا نەبوو. ئەوانیش بافڵ تاڵەبانیان خستە سەر شانۆی سیاسەت و باڵەکانی عەقڵییەتی شیعەی پاشکۆی ئێران لە بەغدا و میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و دادگای فیدراڵی عێراق بۆ بەهێزکردنی یەنەکە، یاساکانی هەڵبژاردنیان گۆڕی. بافڵ تاڵەبانی تەنها پەردەیەکە بۆ بەدەسەڵات گەیاندنی بەغدا و تاران لە هەولێردا و رەوایەتیدان بە دەسەڵاتەکەیان بەکار دەهێندرێت. وتنی “نا” بە بافڵ تاڵەبانی، وتنی “نا”یە بۆ بەعێراقیکردنی کوردستان.
هەر بۆیە دەڵێین لەم هەڵبژاردنەدا کێبڕکێ لەنیوان دوو هێڵدا دەکرێت: هێڵی تەسلیمبوون کە ئێران و داگیرکەرانی ناوچەکە پاڵپشتی دەکەن و هێڵی بەرخۆدان بە سەرۆکایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە). وتنی “نا” بە بافڵ تاڵەبانی، وتنی “نا”یە بەوانەی کە دەیانهەوێت قەوارەی هەرێمی کوردستان لەناو ببەن.
قسە کردن لەسەر ڕۆڵی بافڵ تاڵەبانی بەرامبەر دەوڵەتی تورک، دۆخەکە ناگۆڕێت. چونکە ئەمەش شتێکە کە بە هاندانی حەشدی شەعبی دەیکات. بافڵ تاڵەبانی لەکاتێکدا کە لە باوەشی ئێران و میلیشیاکانی حەشدی شەعبیدایە، ناتوانێت وا خۆی نیشان بدات کە بەرامبەر بە تورکیا یان هەر دەسەڵاتێکی دیکە، نیشتمانپەروەرە. ئەگەر بە سەد ئاویش خۆی بشواتەوە، دیسان لەو پیساییە پاک نابێتەوە.
بافڵ تاڵەبانی نەک هەر سیاسەتمەدارێکی کوردستانی نییە، بەڵکوو تەنانەت بۆخۆشی کەسێکی کوردستانی نییە. بافڵ تاڵەبانی بە خیانەتە نگریسەکەی 16ی ئۆکتۆبەری کەرکوک درکی بەو شتە کرد: “ئەوەی بە کەسایەتی و توانا و هەڵوێست و خەباتی خۆم ناتوانم بەدەستی بهێنم، من دەتوانم بە خیانەت بەدەستی دەهێنم”. واتە بافڵ دەتوانێت لەپێناو بەرژەوەندیی تاکەکەسیی خۆیدا هەموو چەشنە چاوسوورییەک بکات. ئەوەی کە بە یەک شەو لە کەرکوک کشایەوە و تەسلیمی میلیشیاکانی حەشدی کرد، دەتوانێت بە یەک شەو هەمان شت بەسەر هەولێریشدا بهێنێت.
ڕوونە کە بافڵ تاڵەبانی لە هەڵبژاردنەکاندا حیزبی یەکەم نابێت، بەڵام ئەگەر بە بەراورد بە هەڵبژاردنی ڕابردوو چەند کورسییەکی زیاتر بەدەستبهێنێت، چاوسوورتر دەبێت بۆ ئەوەی کە دۆخەکە ئاڵۆز بکات. بافڵ تاڵەبانی ئاژاوەگێڕی لە هەموو دۆخێکدا دەکات و هەوڵ دەدات هەموو شتێک بکات بۆ ئەوەی ڕێگری لە دامەزراندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەکاتی خۆیدا بکات. تەنانەت ئەگەر ئەگەر بە پێویستیبزانێت لێی دێت کە کوردستان بکێشێتە ناو شەڕێکی ناوخۆیی [شەڕی براکوژی] یان هەوڵبدات کە سلێمانی بکاتە ئیدارەیەکی جیاواز و لە هەرێمی کوردستانی جیا بکاتەوە. هەر بۆیە دەڵێین نەخێری بەهێزی کورد بۆ بافڵ تاڵەبانی، نەخێرە بۆ شەڕی ناوخۆی کورد و ڕادەستکردنی سلێمانی بە بەغدا.
گوتنی “نا” بە بافڵ تاڵەبانی، گوتنی “نا”یە بەو دامەزراوانەی کە دوژمنایەتی کورد دەکەن و گوتنی “نا”یە بە ڕەگەزپەرستە شیعەکان و پاشکۆکانی حەشدی شەعبی
بافڵ تاڵەبانی، بە سروشتی خۆپەرستانە و بەرژەوەندیخوازانە و ئەگۆیستیانەی خۆی، نەک هەر سەری کوردستان، بەڵکوو سەری هەڤاڵانی خۆیشی خوارد. بافڵ بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆکی یەنەکە، خەڵکانێکی کردە قوربانی، خوێنی ڕشت و لە ناوی ئەو کەسانەی خیانەتی لێکردن و بەو کەسانەی کە خوێنی ڕشتن، تەختێکی دەسەڵاتی بۆ خۆی دروستکرد. هەموو سیما دێرینەکانی ناو یەنەکە دوورخرانەوە و بێڕێزییان پێکرا. کەسێکی وەک هاوکار جاف ئەگەرچی شاری سلێمانیی بەجێهێشت بەڵام لە دڕندەیی بافڵ دەربازی نەبوو و لە بەر چاوی منداڵەکانیەوە تیرۆریان کرد. ئەم کەسە بێ بەزەییە، ئەم کەسە زاڵم و هەڤاڵکوژ و مرۆڤکوژە بێ ڕەوشت و ناسەقامگیر و بێ وەفایە، ئێستا وەک دیکتاتۆرێک لەناو یەنەکە مامەڵە دەکات و کەچی بەوپەڕی ڕووهەڵماڵراوییەوە باسی هێنانی دیموکراسی بۆ کوردستان دەکات.
کەسانی وەک مەلا بەختیار کە زیاتر لە نیوەی ژیانی بۆ خزمەتکردنی یەنەکە تەرخان کردووە، لەلایەن بافڵەوە هێرشی کراوەتە سەر دامەزراوەکانی و بە داری زۆر ڕەخنەگرانی ناوخۆی یەنەکە بێدەنگ کراون. وتنی “نا” بە بافڵ تاڵەبانی، وتنی “نا”یە بە کەسێکی بێ ڕەوشت و بێ ئەخلاق کە کوشتە و شێتی گەیشتن بە دەسەڵاتە.
لە ئێستادا بافڵ تالەبانی جگە لە باتی درێژکردنەوەی تەمەنی ڕێکخراوەکەی و بەدەستهێنانی هێزی ماددی، هیچ بەرنامە و پڕۆژەیەکی دیکەی نییە. یەنەکە هەرگیز هەڵوێستی ڕوونی بەرامبەر هیچ داگیرکەرێک نەبووە و لەمەودواش هیچ شتێک نییە کە ئەم دامەزراوە سیاسییە لەرزۆک و ڕەڤۆکە بیکات. گەلی کوردستان دەبێ بەم حیزبە گەنیو و دزە بڵێن “نا”، دەبێ بە هەڵوێستی جاشانەی ئەم حیزبە بڵێن نا ـ نا ـ نا.
وتنی “نا” بە بافڵ تاڵەبانی، وتنی “نا”یە بە ملکەجبوون بەرامبەر بە داگیرکاری
سیاسەتی بافڵ تاڵەبانی سیاسەتێکی مەترسیدارە بۆ هەر چوار پارچەی کوردستان. لەسەر فەرمانی دەوڵەتی ئێران، حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە سلێمانی دەرکران، خەباتکارەکانیان ڕادەستی ئێران کرانەوە. سیخوڕەکانی تورکیا و ئێران لە سلێمانی ئازادانە دەسووڕێنەوە، بەڵام شۆڕشگێڕانی ڕۆژهەڵات ناتوانن لە شارەکەدا بمێننەوە. بافڵ تاڵەبانی کە لەپێناو بەرژەوەندییە شەخسییەکانی خۆیدا هەموو جۆرە پەیوەندییەکی قێزەونانەی لەگەڵ سەرجەم داگیرکەرانی کوردستاندا هەیە و بەردەوام پەرەشی پێدەدات، خەریکە زیان بە پەیوەندییە ناوخۆییەکانی گەلی کوردستان دەگەیەنێت، هەربۆیە وتنی “نا” بە بافڵ تاڵەبانی، ئەرکێکی نەتەوەیی و نیشتمانی هەموو کوردێکە.
بافڵ لە ڕووی سیاسییەوە لەرزۆکە، لە ڕووی ئایدیۆلۆژییەوە پراگماتیکە، لە ڕووی کەسایەتیشەوە گەنیوە، لە ڕووی ڕۆحییەوە وێران و هەلوەشاوەیە، لە ڕووی کارەکتەرەوە بی مەبدەئە، لە ڕووی سیاسییەوە جاش و خۆفرۆش و خاکفرۆش و گەلفرۆشە. بافڵ تاڵەبانی تاعونێکە و بەڵایەکە کەوا داگیرکەرانی کوردستان دەیانهەوێت ئەو بەڵایە بەربدەنە گیانی کورد و کوردستان. بۆیە وتنی “نا” بە بافڵ، وتنی “نا”یە بە هەموو جۆرە یارییەکی داگیرکەرانی کوردستان و گوتنی “نا”یە بە دەماری جاشایەتی لەناو کورداندا. وتنی “نا” بە بافڵ تاڵەبانی، خاوەندارێتی کردنە لە کورد و ئیرادە و کەرامەتی کوردایەتی. هەر بۆیە بە تلیاکخۆر و ئالوودەبووی ماددە هۆشبەرەکان، نەک هەر جارێک بەڵکوو هەزاران جار دەڵێین ناااااا.