ئیسرائیل: هاشم سەفییەدین و 25 بەرپرسی باڵای حزبوڵڵا لە لە هێرشێکی ئاسمانیدا لە 4ـی ئۆکتۆبەر لە بەیروت کوژراون.
دوای ڕۆژێک لە ڕاگەیاندنی سوپای ئیسرائیل کە هاشم سەفییەدینی کوشتووە، ئەمڕۆ حزبوڵڵای لوبنانیش کوژرانی ئەم بەرپرسە باڵایەی سەلماند.
ئەمڕۆ چوارشەممە 23ـی تشرینی یەکەمی 2024، حزبوڵڵای لوبنان لە ڕاگەیاندراوێکدا، کوژرانی هاشم سەفییەدینی سەلماند و ڕایگەیاند “ماتەم دەگێڕین بۆ کۆچی دوایی ئەو سەرکردە باڵایە کە بەدەستی هێزەکانی ئیسرائیل کوژرا.”
چاوەڕوان دەکرا هاشم سەفییەدین ببێتە شوێنگرەوەی نەسروڵڵا و وەک ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی حزبوڵڵای لوبنان دەست بەکار بێت.
سوپای ئیسرائیل ڕۆژی سێشەممە 22ـی تشرینی یەکەمی 2024، ڕایگەیاند: کە هاشم سەفییەدین لە هێرشێکی ئاسمانیدا لە 4ـی ئۆکتۆبەر لە باشووری بەیروت کوژراوە.
ئاماژەی بەوەش دابوو “25 بەرپرسی باڵای دیکەی حزبوڵڵا لە هەمان هێرشدا کوژراون کە لە نێویاندا حوسێن عەلی هەزیمە، بەرپرسی ئیدارەی هەواڵگری ئەمنی گرووپەکە بووە.”