ناسنامەی یەکێک لە هێرشکارەکانی هێرشەکەی ئەنقەرە ئاشکرا کرا

ناسنامەی یەکێک لە هێرشکارەکانی هێرشەکەی ئەنقەرە ئاشکرا کرا

یەرلیکایا: “کارەکان بۆ دەستنیشانکردنی ناسنامەی هێرشبەرەکەی دیکە درێژەی هەیە”.

وەزیری ناوخۆی تورکیا ڕایگەیاند، یەکێک لە هێرشکارەکانی هێرشەکەی ئەنقەرە؛ ئەندامی پەکەکەیە بە ناوی “عەلی ئۆرەک”.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 24/10/2024، عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا، لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (X)دا ڕایگەیاند، یەکێک لە هێرشکارەکانی سەر  کۆمپانیای پیشەسازیی فڕۆکەوانی و بۆشایی ئاسمان (TUSAŞ) لە ناوچەی پیشەسازی قەهرەمان کازان لە ئەنقەرە؛ ئەندامی پەکەکەیە بە ناوی “عەلی ئۆرەک” و ناوە نهێنییەکەی “ڕۆژگار”ـە.

وەزیری ناوخۆی تورکیا ئاماژەی بەوەش کردووە “کارەکان بۆ دەستنیشانکردنی ناسنامەی تیرۆریستە ژنەکەی دیکە درێژەی هەیە”.

نزیکەی کاتژمێر 03:00ـی دوانیوەڕۆی چوارشەممە، 23-10-2024، لەلایەن ژمارەیەک چەکدارەوە هێرش کرایە سەر دامەزراوەی پیشەسازیی بۆشایی ئاسمان و فڕۆکەوانی لە ئەنقەرە (TUSAŞ).

شەڕە تەقە لەنێوان چەکدارەکان و هێزە ئەمنییەکانی تورکیادا ڕوویدا و دواتر یەکێک لە چەکدارەکان خۆی تەقاندەوە.

عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا ڕایگەیاندبوو، لە ئەنجامی هێرشەکە پێنج کەس کوژراون و 22 کەسی دیکەش بریندار بوون.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 24-10-2024، وەزارەتی تەندروستیی تورکیا ڕایگەیاند “لە کۆی 22 هاووڵاتیمان کە لە هێرشەکەی سەر دامەزراوەکانی TUSAŞ لە قەهرەمانکازان برینداربوون هەشتیان نەخۆشخانەیان جێهێشتووە و چارەسەری برینی 14یان بەردەوامە”.

پوستێن ھەمان بەش