ئاشتی بنەماڵەی شەنیاشار و یەڵدز لە ژێر سایەی ئاڵای تورکیادا: ئاشتی نادادپەروەرانە و زۆرەملێ، ئاشتی نییە

ئاشتی بنەماڵەی شەنیاشار و یەڵدز لە ژێر سایەی ئاڵای تورکیادا: ئاشتی نادادپەروەرانە و زۆرەملێ، ئاشتی نییە

چیرۆکی بنەماڵەی شەنیاشار، چیرۆکی هەموو ئەو کەسانەیە کە لە شەڕی پەکەکە و تورکیادا زەرەرمەند بوون.

لە ڕیکەوتی 14ی حوزەیرانی 2018دا، ڕووداوێکی تراژیک لە شاری ڕووحا ڕوویدا. لە ناو بازاڕدا پێکهەڵپرژانێک لە نێوان بنەماڵەی “یەڵدز” سەر بە ئاکەپە و بنەماڵەی “شەنیاشار”ی سەر بە هەدەپە ڕوویدا. شەڕەکە تا ناو نەخۆشخانە بەردەوام بوو و دوو ئەندامی بنەماڵەی شەنیاشار لە نەخۆشخانە گیانیان لەدەستدا. کامێراکانی چاوەدێری، ڕووداوەکەیان تۆمار کردبوو، بەڵام گرتە ڤیدیۆییەکان دزران، بنەماڵەی یڵدز لەلایەن دەوڵەتەوە بەرگرییان لێکرا. ئەمینە شەنیاشار کە هاوسەرەکەی و دوو کوڕی لەدەستدا و یەکێک لە کوڕەکانیشی زیندانی کرا، ماوەی چەندین مانگ لەبەردەم دادگای ڕووحادا چالاکیی بەریوە برد و ناڕەزایەتی دەربڕی. نادادپەروەرییەکی گەورە و مەینەتییەکی گەورەی تووش بوو.

سەرئەنجام ڕێک لەکاتیکدا کە باس لە پرۆسەی چارەسەری دەکرێ، زیندانیانی هەردوولا ئازاد کران. هەر دوای ئەوەش یەکسەر دانوستانی ئاشتی لە نێوان هەردوو بنەماڵەکەدا دەستی پێکرد و بە خێرای بە ئەنجام گەیشت. ئێوارەی ڕۆژی شەممە، 27/10/2024، خوانێکی ئاشتی لە ژێر ئاڵای تورکیا سازکرا و ڕاگەیەندرا کە کێشەکە چارەسەر کراوە، واتە ئاشتی کراوە. ئایا بەڕاستی ئاشتی بەم شێوەیە دەکرێ؟

لە ڕاستیدا هیچ ئاشتبوونەوە و سوڵحێک لە گۆڕێدا نییە. ئەوەی نادادپەروەری و زۆرەملێ بێت پێی ناگوترێت ئاشتی. ئەوەی هەیە، نادادپەروەرییە نەوەک ڕێککەوتن و ئاشتەوایی نێوان دوو بنەماڵەکە. دەستانێکی شاراوە لەگۆڕێدا بوون کە لەلایەن دەوڵەتی تورک و هەدەپەوە ئاراستە دەکران و دیداریان دەکرد و دواتر ڕێککەوتن. لەناو نیقاشی پرۆسەی چارەسەریدا، بژارکردن، ڕێگایەکی پێویست بوو. ئەوان دەیانویست ئەو بابەتانە نەهێڵن کە بۆ ئەوان گرنگ نین. بنەماڵەی شەنیاشار کە زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە، بۆ پاراستنی ئەو ئەندامانەی کە لە بنەماڵەکەدا ماونەتەوە، ناچار بوون هەموو شتێک قبوڵ بکەن. ناوی ئەوەی کە ئێوە ناچار دەکەن قبووڵی بکەن، ئاشتی نییە، ئەوە بێدەسەلاتی و بێکەسییە.

چیرۆکی بنەماڵەی شەنیاشار، چیرۆکی هەموو ئەو کەسانە دەگێڕێتەوە کە لە شەڕی پەکەکە و سوپای تورکیادا زەرەرمەند بوون. قوربانییە ڕاستەقینەکانی ئەو ڕووداوانە، تەنیا و تەنیا ناچار دەکرێن ئەو بڕیارانە جێبەجێ بکەن کە لەلایەن دەستە شاراوەکانەوە دەدرێن. ئەوان ئەوەندە ئازاریان ئەزموون کردووە کە خەڵک چیتر بەدوای دادپەروەریدا ناگەڕێت، دەڵێن تەنها با شەڕ بوەستێت، هەرچییەک دەبێت با ببێت و دیدارەکان بە تاکە چارەسەر بۆخۆیان دەبینن. بڕیارەکان لەلایەن قوربانییەکانەوە نییە، بەڵکو بە دەستی شاراوە و کەسانێک کە هیچ پەیوەندییەکیان بەو مەسەلەیەوە نییە، دەرێن.

لە ململانێی نێوان سوپای تورکیا و پەکەکەدا، بە پێچەوانەوە ئەو کەسانەی کە هیچ زیانێکیان پێنەگەیشتووە، دەوڵەمەند بوون و پۆستیان بەدەستهێناوە. وەک ئەحمەد تورک و سڕی سورەییا کە بە ناوی بنەماڵەی قوربانییەکانەوە قسە دەکەن و بڕیار دەدەن. بۆ قوربانییەکان – لەبەر ئەوەی هیچ ڕێگاچارەیەکی دیکەیان نییە – تەنیا قبوڵکردن دەمێنێتەوە. ئایا هەمان ڕووداو بەسەر بنەماڵەی ئەحمەد تورکدا هاتبا، ئامادە بوو بەو شێوازە ئاشتی قبووڵ بکات؟

ئەو شتەی لە خوانی ئاشتەوایی بنەماڵەی شەنیاشاردا زۆر بێزاری کردم، ئاڵای تورکیا بوو. ئاڵایەکی زەبەلاحی تورکیا هەڵواسرابوو. پرسیارەکە ئەوەیە کە مادام دوو بنەماڵە لە یەکتریان کوشتووە و مەسەلەکە سیاسی نییە، بۆچی ئاڵای تورکیا دانراوە؟ ئەگەر هەردوو بنەماڵەکە گرێدراوی ئاڵای تورکیان، کەواتە بۆچی لە یەکترییان کوشتووە؟ بێدەسەڵاتی بنەماڵەی قوربانی و بێ ئاگایی و ملکەچکردنی بە ئەنقەستی کورد لەژێر ئاڵای تورکیادا لەلایەن ئەو کەسانەی کە بە ناوی کوردەوە سیاسەت دەکەن، لە ئارادایە.

ئاشتی زۆرەملێی بنەماڵەی شەنیاشار هاوشێوەی ئاشتی زۆرەملێی پرسی کورد و تورکەکانە. دادپەروەری لە گۆڕێدا نییە، دەستێکی شاراوە بە ناوی قوربانیان و زیانمەندانەوە بڕیاری داوە، نازانرێت لەژێر پەردەدا چی بەڕێوەچووە، نازانرێت دەستکەوت و گارانەتیی ئەو ئاستییە چیە؟ قوربانییەکە ناچار کراوە کە قبووڵی بکات. تاکە شتێک کە بۆ قەییۆمەکانی دەوڵەتی تورک، واتە سڕی سورەییا ئۆندەر و ئەحمەد تورک ماوەتەوە، ئەوەیە کە بە باشی ڕۆڵی خۆیان لە شانۆکەدا بگێڕن.

ئاشتی نادادپەروەرانە ئاشتی نییە، ناوەکەی مەحکوومییەتە.

پوستێن ھەمان بەش