خاوەنی ڕاستەقینەی پەکەکە دەوڵەتی تورکە، ئۆجەلان ئەمە باش دەزانێت و بەو پێیە دەجووڵێتەوە. پەکەکەش دەزانێت کە ئەوانەی هەوڵی پەڕینەوە لە ئۆجەلان دەدەن چییان بەسەر دێت.
پرۆسەیەکی نوێی ڕێککەوتنی تورک ـ کورد نیقاشی لەسەر دەکرێت کە دەوڵەت باخچەلی و عەبدوڵڵا ئۆجەلان ڕۆڵی سەرەکیی تێیدا دەگێڕن. هەندێک لە ڕۆشنبیران و نووسەران کە خۆیان وەکوو سەربەخۆ پیشان دەدەن، دەیانەوێت ڕووداوەکە هەم ماددی و هەم بە گشتی بکەنە مژارێک بۆ سوودوەرگرتن، هەر بۆیە زانیاری پێکناکۆک و هاودژ بڵاودەکەنەوە. لە لایەکی تریشەوە دەوڵەت و میدیای پەکەکە، لە باتی ڕوونکردنەوە و شرۆڤەکردنی ڕووداوەکان، ئامانجیان شاردنەوەی ڕووداوەکان و چەواشەکردنی جەماوەرە.
دیدارەکانی نێوان دەوڵەتی تورک – پەکەکە – ئۆجەلان هەرگیز بە ئاشکرا بۆ ڕای گشتی ڕانەگەیەندراوە و هەمیشە بە نهێنی ئەنجام دراون. خەڵک بە پاشماوەکانی زانیاریەوە سەرقاڵ دەکران، دیدار و کۆبوونەوەکانی ئێستاش هەر بەو شێوەیەن. بۆ نمونە وەڵامی پرسیارە گرنگەکانی وەک “ئەم گفتوگۆیە تا کەی بەردەوام دەبێت، ئایا وڵاتانی دیکەش لەو پڕۆسەیەدا بەشدارن، کێ لەسەر مێزی دانوستاندایە؟” لەلایەن هەردوو لایەنەکەوە دەشاردرێنەوە. بە ئەگەرێکی زۆرەوە ئەم گفتوگۆیە ماوەیەکی زۆرە بەردەوامە و بە تایبەتی پەکەکە ویستویەتی کۆبوونەوەکان بە نهێنی ئەنجام بدرێن. بەڵام دەوڵەتی تورک، بە هۆی پێداویستییەکانی خۆیەوە، بە پەلە و بە خێرایی، ئەو پرۆسەیە درێژەی پێدەدات کە بە سڵاو کردنی باخچەلی لە ئەندامانی پارتی دەم دەستیپێکرد.
ئێستا لێدوانی سەرکردەکانی پەکەکە لەسەر ڕاستییە گشتیەکان قبووڵ دەکرێن و هیچ شتێکی ڕوون ناڵێن. ئەوەی دەیڵێن “خەباتی ئێمە دەوڵەتی تورکی بە چارەسەر مەحکوم کرد، دەوڵەتی تورک دڵسۆز نییە و هتد…” هەم دەوڵەت و هەم پەکەکە وەک ئەوەی کە قەندیل لە دەرەوەی مەسەلەکە بێت، مامەڵە دەکەن. بەڵام بێگومان وا نییە. پەکەکە پێویستی بە ژینگەیەکی نەرم و بێ ململانێی وەک پرۆسەی چارەسەری هەیە، بەڵام لە دۆخێکدا نییە کە بە ڕوونی ئەمە بڵێت. پەکەکە لە لایەک لە ڕووی سەربازییەوە شکستی خواردووە، لە لایەکی دیکەشەوە بە تەواوی لە ژێر چنگی ئێراندایە، بۆیە لە دووڕیانێکی گەورەدا گیری خواردووە. لێرەدا دەتوانین پێویستی پەکەکە بە دۆخی هێوری پرۆسەی چارەسەری و ئەو تەڵەیەی کە تێیکەتووە، لە ژێر چەند سەردێڕێکدا هەڵسەنگێنین.
پەکەکە لە مەیدانی سەربازیدا شکستێکی گەورەی بەخۆیەوە بینی
پەکەکە بزووتنەوەیەک کە لەسەر بنەمای چەک و پێکدادانەکان پەرە بە سیاسەت و ئابووری و سیاسەتی جەماوەری دەدات. ئێستا لەبەر ئەوەی تێکشکاوە و شکستێکی گەورەی لە بواری سەربازیدا بەخۆیەوە بینیوە، لە هەموو بوارێکدا دواکەوتووە.
بۆ نموونە پەکەکە هەموو بنکە و پێگەکانی لە باکوری کوردستان لەدەستدا. لەسەر هێڵی بادینان، جگە لە گارە و هێڵی خنێرە ـ گۆشینە کە لەژێر دەسەڵاتی ئێراندایە، هەموو شتێکی لەدەستداوە. چەندین هەوڵی شەڕی تونێل و درۆن و هتد…، ناتوانن پێش بە تێکشکانی پەکەکە لە بواری سەربازیدا بگرن. پەکەکە ناتوانێت بارەگای زستانە دروست بکات. لە شاخدا دامەزراوەی پەروەردەیی دروست ناکرێت. ناتوانێت شەڕڤان بدۆزێتەوە چونکە هەموو شوێنێک داخراوە. لە ساڵی 2012 بەملاوە نزیکەی هەزار قوربانیی هەبووە، بەڵام ڕایناگەیەنێت.
پەکەکە 11 ساڵە نەیتوانیوە لە شاخ کۆنگرە ببەستێت
هەرچەندە پەکەکە ئەمە ڕەتدەکاتەوە و دەڵێت “دەوڵەتی تورک پرۆسەی ئاشتیی بەهۆی خەباتی ئێمەوە دەستپێکرد”، بەڵام ڕاستییەکە بەو شێوەیە نییە. سەیر بکەن، بۆ یەکەمجارە لە مێژووی خۆیدا کە پەکەکە نەیتوانیوە کۆنگرەی خۆی ببەستێت.
کۆبوونەوەی کۆنسەی گشتیی کەجەکە کە بە شێوەیەکی ئاسایی دەبێ دوو ساڵ جارێک ئەنجام بدرێت، لە ساڵی 2016ـەوە، واتە ماوەی 8 ساڵە ئەنجام نەدراوە. کۆنگرەی پەکەکە کە بڕیارە سێ ساڵ جارێک ببەسترێت، لە ساڵی 2013ـەوە نەگیراوە، چوونکە پەکەکە ناتوانێت لەسەر شاخ کۆنگرە ببەستێت. ئەم دۆخە دەبێتە هۆی کێشەی ڕێکخراوەیی و پەکەکە ناتوانێت ئەو بۆشاییە لە سیستەمەکەیدا هەیە پڕ بکاتەوە.
بەڕێوەبەرانی پەکەکە ناتوانن پێکەوە کۆببنەوە و گفتوگۆ بکەن. پەیوەندییەکان بەردەوام بە نۆت ئەنجام دەدرێن. تەواوی سیستەمەکە بە ناوەندی شاری سلێمانی و ڕۆژئاوادا تێدەپەڕێت، کە تەنانەت لەوێشدا ئاسایشی نەماوە.
تەنانەت نەیتوانی جەماوەری ڕەسەنی خۆی لە باکووری کوردستان کۆبکاتەوە و بەشداریی چالاکییەکانی ئۆجەلان ببن. کەم کەس بەشداری چالاکییەکانیان دەبن.
ئەو کوردانەی لەم ساڵانەی دواییدا لە ئەوروپا کۆبوونەتەوە، لە ئێستادا تاکە هێزی پەکەکەن.
داکشانی ئێران کێشەیەکی گەورەیە بۆ پەکەکە
پەکەکە لە ساڵی 2012ـەوە لە زۆر شوێنی ڕۆژئاڤا و باشووری کوردستان جێگیر کراوە و پشت بە ئێران و بەرەی شیعە دەبەستێت. هێڵی شنگال، کەرکوک ـ گەرمیان، هەمووی بە پاڵپشتی میحوەری شیعە دروست بوون. هەموو بەڕێوەبەرانی پەکەکە بە دڵنیایی ئێرانەوە لە سلێمانی و دەوروبەری دەمێننەوە. بەڵام پێشکەوتنەکانی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، لە دوای بەهاری عەرەبییەوە لە قۆناخی پاشەکشە و ڕاوستاندایە و ئێرانیش لە ساڵی ڕابردوودا تووشی شکستی گەورە هاتووە. لە کاتێکدا تیرەکانی ئۆپەراسیۆنی نێودەوڵەتی – ئیسرائیل هێواش هێواش بەرەو ئێران دەڕۆن، ڕاوەستانی پەکەکە لە تەنیشت ئێرانێکی لاوازەوە، لەخۆیدا کیشەیەکی جیدییە بۆ پەکەکە.
لە کاتی دەستپێکردنی دانوستانەکانی پەکەکە ـ تورکیادا، ئێران پەکەکە دەکاتە ئامانج
پەکەکە ڕێکخراوێکە کە هەبوونی خۆی لە ناوچە کێشەلەسەر و جێناکۆکەکانی نێوان ئێران-تورکیا-سوریا-عێراق جێگیر دەکات. تا ئەو کاتەی کە ڕێکخراوی پەکەکە دەرفەتی پێدرا، بە پێی ئەجێندای تورکیا و ئەسەد و سەدام و ئێران مامەڵەی دەکرد. بەڵام بەهۆی سیاسەتی تورکپارێزیەوە کە لە دوای ڕۆیشتنی ئۆجەلان بۆ تورکیا لە ساڵی 1999دا پەرەی سەند، لە سیاسەتی ئێران بەرامبەر بە پەکەکەدا جاروبار گۆڕانکاری ڕوویداوە. بۆ نموونە پەکەکە کە لە ساڵی 1996دا لە لایەن ئێرانەوە لە سلێمانی جێگیر کرا، لە ساڵی 1999دا بە تەعلیماتی ئێران بە زۆر لەلایەن یەنەکەوە دوورخرایەوە.
لە ساڵی 2004دا جەمیل بایک و هەواڵگری ئێران (ئیتڵاعات) بە واژۆکردنی ڕێککەوتنێکی ستراتیژی هەوڵیاندا ئەو گرفتە چارەسەر بکەن، بەڵام هەرکاتێک پرۆسەی ئاشتی بەئاشکرا بەڕێوە دەچوو، ئێرانیش قەندیلی تۆپباران دەکرد. لە ڕاستیدا موراد قەرەیلان کە زۆر بە جۆش و خرۆشەوە بوو بۆ دانوستان لەگەڵ تورکیا، هەندێک جار لەلایەن ئێرانەوە دەکرایە ئامانج.
ئێستاش ئەگەر پەکەکە بە ئاشکرا بڵێت بەڵێ بۆ پڕۆسەی چارەسەری، ئەوە ڕوونە کە ئێران ڕێگا نادات بەم شێوەیە لە سلێمانی، گەرمیان، کەرکووک و شنگالدا بمێنێتەوە.
بە واتایەکی تر بە پاڵپشتی ئێران، هەڕەشەکانی چەپ و ڕاستی پەکەکە، هێرشکردنە سەر هەولێر، بە بەکارهێنانی فڕۆکەخانەکانی سلێمانی و بەغدا وەک موڵک و ماڵی خۆیان، کۆتاییان پێدێت. خەڵکی وەک قەرەسوو کە لە ورمێ نیشتەجێ بوون، ئیتر ناتوانن لەوێ بمێننەوە. پرۆسەی بەکارهێنانی نەخۆشخانەکانی تاران و ورمێ کۆتایی دێت. جگە لەوەش گواستنەوەی هێزەکان لە ناوچەکانی سەڵماس و قوتووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ ناوچەکانی باشکالە، ئۆزالپ و ئاگریی باکووری کوردستان، گومرگی سنووری و بازگەکانی نێوان پێنجوێن و مەریوان کۆتاییان پێدێت.
هەروەها ئەو ئیمتیازاتانەش کۆتاییان پێدێت کە ڕووسیا دەیاندات بە پەکەکە
بۆیە ئێستا پەکەکە لە دۆخێکی وادایە کە پێویستی بە قۆناخێکی بێ فڕۆکە و بێ درۆن و بێ پێکدادانی سەربازییە، بەڵام کاردانەوەی ئێران دەزانێت. تەنانەت دەتوانین بڵێین هێرش بۆ سەر بارەگای توساش لە ئەنقەرە، ئەگەرچی لەلایەن باڵێکی دەوڵەتی تورکیشەوە پاڵپشتی کرابێت، بەڵام بەشێکی بۆ هێورکردنەوەی ئێران بوو.
بەڕێوەبەرایەتیی کەجەکە لە 24ی ئۆکتۆبەردا ڕایگەیاند کە ئەوان ستراتیژەکەی ئۆجەلان بە بنەما وەردەگرن و گوتی “نازانین هێرشەکەی “توساش” لەلایەن کێیەوە ئەنجامدراوە”. بەڵام ئەمە ڕاست نەبوو. میدیاکارانی پەکەکە لە ئەوروپا، دیار دێرسیم بەڕێوەبەری ڕۆژنامەی سەرخوەبوون، تویتە کۆنەکانی ئاسیا عەلی (منە سەڤژین ئالچیچەک)ی بڵاوکردەوە، کە یەکێکە لەو کەسانەی ئێوارەی 22ی ئۆکتۆبەر چالاکیی توساشیان ئەنجامدا. هەروەها ئەندامانی پەکەکە وێنەی ئەو دوو چالاکوانەیان لە سۆشیال میدیا بڵاوکردەوە. بە واتایەکی تر ئەو زانیاریانەی کە ڕۆژنامەنووسە بەلجیکییەکە دەیزانێت، بێگومان قەرەیلان و بایکیش دەیزانن.
چالاکیی توساش چالاکییەک بوو بۆ ئەوەی کە پەکەکە کەمێک کات بەدەست بهێنێت، بۆ زاڵبوون بەسەر ڕۆژەڤدا تا بتوانێت لەو نێوەندەدا ئێران ڕازی پێبکات. جگە لەو پەیامانە، بەڕێوەبەریی پەکەکە لە قەندیل دەیهەوێت بە ئۆجەلان و دەوڵەت بڵێت “سەیرکەن، ئێمەش لێرەین” و بەڵێنی ئاگربەست لە دەوڵەت وەربگرێت. پەکەکە دیسانەوە هەوڵ دەدات شوێنێک بۆ خۆی بکاتەوە.
بەڵام نابێ لەبیرمان بچێت خاوەنی ڕاستەقینەی پەکەکە دەوڵەتی تورکە. ئۆجەلان ئەمە باش دەزانێت و هەربۆیە بەو پێیە دەجووڵێتەوە. پەکەکەش دەزانێت کە گۆڕینی ئەمە زۆر ئەستەمە و دەشزانێت ئەوانەی هەوڵی پەڕینەوە لە ئۆجەلان دەدەن چییان بەسەر دێت. ئایا ئێستا پەکەکەی دەرەوە هی عەبدوڵڵا ئۆجەلانە یان پەکەکەی جەمیل باییکە؟ شرۆڤەی ئەم پرسیارە بۆ نووسینێکی دیکە جێدەهێڵین.