پەکەکە و شنگال و چەند پرسیارێک

ئەوەی پێویستە بکرێت، ئیدانەکردنی جاشایەتییە بە بێ شەرت و مەرج و هەروەها پشتیوانیکردنە لەو هێزە نەتەوەییانەی کە دژایەتی جاشایەتی دەکەن.
✍️ سلێمان ئاککۆیون
چەند پرسیار و وەڵامێکی سادە و ڕاستەوخۆ بە زمانێک کە تەنانەت منداڵانی قۆناغی سەرەتاییش بتوانن لێی تێبگەن، بۆ ئەوەی هەمووکەس ڕاستییەکانی شنگالی وەبیربێتەوە.
ئایا باشووری کوردستان تاکە پارچەی کوردستان نییە کە ستاتۆیەکی نەتەوەیی هەیە کە لەسەر بنەمای یاسا دامەزراوە و لە ئاستی سەرانسەری جیهاندا دانیپێدانراوە؟
ئایا دەتوانرێت قەوارەیەکی یاسایی (حکوومەتی باشووری کوردستان) و قەوارە نایاساییەکان (پەکەکە و لقوپۆپەکانی) لە یەک کاتاگۆریدا هەژمار بکرێن، بە هەمان ئارگیومێنت و وەکوو یەکتر هەڵسەنگاندیان بۆ بکرێت؟
ئایا پارتی دێموکراتی کوردستان (پەدەکە) گەورەترین حیزب نییە لەناو حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا؟
ئایا خستنەڕووی کێشەکە وەک ململانێی “پەدەکە ـ پەکەکە” و سەیرکردنی هەردوو حیزبەکە بەشێوەی یەکسان، بە مانای دانپێدانەنان بە یاساکانی کوردستان نایەت؟
ئایا هەر دەوڵەتێکی جیهان (دیفاکتۆ، فیدراڵی، یەکگرتوو و هتد..) مافی ئەوەی نیە کە هەموو جۆرە سزایەک بەسەر ئەو قەوارانەدا بسەپێنێت کە هەڕەشە لە مانەوەی دەکەن؟
سەربەخۆیی تەنیا بە لابردنی ئاستەنگەکانی بەردەم سەربەخۆیی دەکرێت؛ ئایا پەکەکە ڕێکخراوێکی دژە سەربەخۆیی نییە؟
ئایا هەموو ڕێکخراوێکی چەکداری کە درێژە بە مانەوەی خۆی لە کوردستان دەدات و دژایەتی مافە نەتەوەییەکان/دەوڵەتسازی دەکات، خزمەتکار/ بەکرێگیراو و جاشی دەوڵەتە داگیرکەرەکان نییە؟
ئایا پەکەکە کەوا بە ئاشکرا دژایەتی سەربەخۆیی کوردستان دەکات و دەیهەوێت لەژێر ناوی “خۆسەری”دا شنگال لە کوردستان جیا بکاتەوە، دامەزراوەیەک نیە کە جاشایەتی دەکات؟
ئایا پێشکەشکردنی ڕێکخراوێکی جاش وەک ڕێکخراوێکی نەتەوەیی، پاکانەکردن بۆ جاشایەتی نییە؟
ئایا حزووری پەکەکە لە باشوور، نابێتە بیانوو بۆ دەولەتی تورک تا هەرێمی کوردستان داگیر بکات؟
ئایا هێرشکردنە سەر سەربەخۆیی باشووری کوردستان بە بیانووی ‘پەیوەندی لەگەڵ تورکیا’، لە کاتێکدا کە بەرەی شیعەی سەر بە ئێران و میلیشیا بەکرێگیراوەکانی دەیانەوێت باشوور بخنکێنن، جاشایەتی نییە؟
ئایا باشووری کوردستان وەک دەوڵەتێکی فیعلی مافی ئەوەی نیە کە دیپلۆماسییەکی سەربەخۆی لەگەڵ هەموو جیهاندا، بە تورکیاشەوە هەبێت؟
پێکدادانی بەرژەوەندییەکانی نێوان هێزە داگیرکەرەکان هەندێک جار دەتوانێت هەندێک لایەن لە کورد نزیک بکاتەوە، ئایا سروشتی نییە باشوور سوود لەم کەلێن و بۆشاییە وەربگرێت؟
پەکەکە کەوا باکووری وێران کردووە و نەیتوانیوە یەک بست لە خاکی کوردستان ئازاد بکات، لە باشوور بە دوای چیدا دەگەڕێت؟
ئایا پەکەکە بە تیرۆری خەندەقەکانییەوە، زۆر گوندی وێران نەکرد کە دەیگوت “ئازادمان کردووە” و سەدان هەزار کوردی ناچار بە کۆچکردن نەکرد (بەپێی پلانی چاکسازیی ڕۆژهەڵاتی دەوڵەتی تورک)؟
ئایا هەمان ئەو عەقڵیەتەی کە کاولکاری بە “رزگاری” پێناسە دەکات، دەتوانێت شنگال ئازاد بکات؟
ئایا ئێوە دەتانهەوێت کە شنگال وەک ناوچەکانی سۆر/جزیرێ/نسیبێن/شێرناخ “ئازاد” بکرێت؟
ئایا داواکارییەکی وەها، خیانەت لە کورد و کوردستان نییە؟
سەرەڕای هەموو ئەو ڕاستییانە، ئایا ئەوە گەورەترین بێ ئەخلاقی نییە کە ئەو کەسانەی دەڵێن “پەکەکە دەبێ شنگال بەجێبهێڵێت”، بە “خواستی براکوژی” تاوانبار بکرێن؟
بەڵێ، پێویستە پەکەکە شنگال بەجێبهێڵێت؛ تەنانەت ئەگەر پێویستیش بکات دەبێ بە زۆر بەجێیبهێڵێت.
ئەگەر شەڕێک لە دژی چەتەکانی پەکەکە پێویست بێت، کەوا 45 ساڵە کورد دەکوژن و خیانەتی خۆیان دەسەپێنن، ئەوا دەستەواژی “براکوژی” نایگرێتەوە. ئەوەی پێویستە بکرێت، ئیدانەکردنی جاشایەتییە بە بێ شەرت و مەرج و هەروەها پشتیوانیکردنە لەو هێزە نەتەوەییانەی کە دژایەتی جاشایەتی دەکەن. ئەوانەی کە خاوەن هەڵوێستی کوردستانی نین، تەنیا دەستەواژەی “برایەتی”یان کردۆتە نیشانەی بێکەرامەتی و بێ ئەخلاقی و لەناوچوون.