بەم پڕۆسەیە، ئەوەی کە لە دەستی نەتەوەی کورددا ماوەتەوە، “سفر”ی ڕووتە، واتە کورد هیچی بەدەست نەهێناوە.
لە ڕێکەوتی 1ی جووتمانگی 2024دا لە کردنەوەی پەرلەماندا، دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی نەتەوەپەرستترین و قووڵترین حیزب لە سیستەمی سیاسی تورکیادا، چووە لای پەرلەمانتارانی دەم پارتی (DEM) و بە گەرمی سڵاوی لێکردن. دوای ئەو سڵاوە، قۆناخێک دەستی پێکرد، کە دەوڵەت بە “تورکیای بێ تیرۆر” ناوی دەبات و پەکەکە ناوی “ئەنتەگراسیۆنی دیموکراتیک”ی لەسەر داناوە. هەرچەندە بەڕاستی کەس نەیدەزانی ئامانجەکانی چین، بەڵام بە گشتی وەک “پرۆسە” پێناسە کرا.
زیاتر لە ساڵێک بەسەر ئەو بەروارەدا تێپەڕ بووە. لە ماوەی ئەو یەکساڵەدا، ئۆجەلان ڕایگەیاند، “من داوای دەوڵەت بۆ کورد ناکەم، داوای ئۆتۆنۆمی بۆ کورد ناکەم و تەنانەت مافی کلتووریشم بۆ کورد ناوێت” و پەکەکەشی هەڵوەشاندەوە. پاشان، پەکەکە لە نمایشێکی گەورەدا کۆنگرەی خۆهەڵوەشاندنەوەی بەست و چەکەکانیان سووتاند. وێنایەکی جۆراوجۆر پێشکەش بە ڕای گشتی کرا. بەڵام ئەگەر ئەو شۆ و سیستەمی نمایشە بخەینە لاوە، لە ماوەی ئەو یەکساڵەدا چی ڕوویدا؟ کورد چی دەستکەوت و پرسی کورد گەیستە کوێ؟ دەبێ وەڵامی ئەم پرسیارانە بدرێنەوە.
گرنگترین شت ئەوەیە کە لە ماوەی ئەو یەکساڵەدا هیچ لاوێکی کورد نەمردووە. ئەوە ماوەی ساڵێکە کەوا لاوانی کورد لە پێناو ئایدۆلۆژیا و حیزبێکدا نامرن کە ئامانجەکانی ناڕوون و نادیارن. پەکەکە تەنها باس لە دیموکراتیزەکردنی دەوڵەتی تورکیا دەکات و لە هەمان کاتدا کورد بە شایستەی دەوڵەت یان خۆبەڕێوەبەری سیاسی-ئیداری نازانێت. بۆیە زۆر گرنگە گەنجان چیتر نەمرن. ئەمە بە تاقانە سوودی ئەم پڕۆسەیە بۆ کورد، دادەنرێت.
با پێکەوە سەیری سوودەکانی ئەم “پرۆسە”یە بۆ کورد بکەین.
بەڵام سەرەتا با بڵێین کە کورد بەراورد بە دۆخی پێشووتری خۆی، پاشەکشەی کردووە.
ئەگەر بە کورتی باسی لەسەر بکەین:
باشووری کوردستان لە پرۆسەکەدا:
بەڕاستی پرسیاری “چۆن گەریلا چەکەکانیان دادەنێن و لە شاخەوە دێنە خوارەوە؟” بووەتە ناوەندی ئەم پرۆسەیە و ئەو پرسیارە کە گەریلاکانی پەکەکە چۆن لە شاخەکان دادبەزن و دەردەچن، لە باکووری کوردستان زیاتر، پەیوەندیی بە باشووری کوردستانەوە هەیە. چونکە لە چیاکانی باکوری کوردستان گەریلا بوونی نییە. هەموو گەریلاکان لە باشووری کوردستانن. شەڕ لە باکوور نەبوو، لە باشوور بوو. شەڕ لەسەر خاکی باشووری کوردستان دەکرا.
نە دەوڵەتی تورک و نە پەکەکە ئەو ناوچانەی لە باشووری کوردستان داگیریان کردبوو، تەسلیمی دانیشتوانی ناوچەکەیان نەکردۆتەوە. بەڵکوو بەپێچەوانەوە، لە دوای ڕاگرتنی چالاکییەکانیان لەسەر توونێل و سەنگەر و لۆجستیک و هتد… لە چیاکان، لەگەڵ ڕاگرتنی شەڕدا، هێزەکانیان زیاتر کردوون. بەڵێ، دیارە کە خەڵکی باشووری کوردستان بە تایبەتی لە ناوچەی بادینان دوای وەستانی شەڕ تا ڕادەیەک ئاسوودەتر بوون، بەڵام ئەوان هێشتا نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە بۆ سەر زێدی خۆیان و گوندە وێرانکراوەکانیان ئاوەدان بکەنەوە.
پەکەکە نەک هەر شنگالی چۆڵ نەکرد، بەڵکوو بەپێچەوانەوە ئەرتەشی عێراقیشی هێنایە شنگال
پەکەکە دوژمنایەتییەکانی خۆی بەرامبەر بە بارزانیەکان و پەدەکە قووڵتر و چڕتر کردۆتەوە. عێراق و یەبەشە نەک هەر هاوپەیمانەتییەکەی نیوانیان هەڵنەوەشاندۆتەوە، بەڵکەە بەپێچەوانەشەوە، کردارەکانیان لەدژی حکومەتی هەولێر بەربڵاوتر درێژە پێدەدەن. بە واتایەکی تر باشووری کوردستان هیچ سوودێکی لەم پڕۆسەیەی پەکەکە و تورکیاددا نەبینیوە.
باکووری کوردستان لە پرۆسەکەدا:
بەشێک لەو زیندانییانەی کە ساڵانێک لە زینداندا بوون و سەرەڕای تێپەڕاندنی سزاکانیان ئازاد نەکرابوون، هەروەها ئەو زینانیانەی کە نەخۆشیی شێرپەنجەیان هەیە، زۆربەیان ئازاد کران. بەڵام هێشتا زوڵمی سەر زمانی کوردی کۆتایی نەهاتووە و سەرۆکی پەرلەمانی تورکیاش دەڵێت: “جگە لە زمانی تورکی هیچ زمانێکی دیکە بە فەرمی ناکرێن و قسەی پێناکرێت”. دووشت بەرجەستە بوو، پەکەکە جەماوەری ڕەسەنی خۆی لە شارێکەوە بۆ شارێکی تر دەبرد و پڕوپاگەندەی بۆ ئۆجەلان دەکرد. پارتی دەم کە لە فشارەکان ڕزگاری ببوو، دەرفەتی ئەوەی بۆ ڕەخسا کە لە ناو پارلماندا وێنەیەک لەگەڵ باخچەلی و ئەردۆغان بگرێت. ئەمەش بوو بە وێنەی ڕووخساری نوێی تورکیا. لە ئێستادا نە دەم پارتی و نە پەکەکە باسی خۆبەڕێوەبەریی کوردانی باکوور ناکەن. بەڵکوو بەپێچەوانەوە چەمکەکانی وەک “کۆمۆنی دیموکراتیک و ئەنتەگراسیۆنی دیموکراتیک” زەق دەکرێنەوە، ئەمەش کورد زیاتر لاواز دەکات. بە واتایەکی تر، باکوور کە دوورە لە شەڕ، ئەوە ماوەی چەند ساڵێکە کەوا لە دۆخێکی ناجێگیردایە، بەڵام ئەمە چارەسەرێکی هەمیشەیی نییە. ئەمە بۆ کوردان تەنها وەک حەبێکی ئازارشکێنە.
بارودۆخی ڕۆژهەڵات لە پرۆسەکەدا:
“پرۆسە”ی نێوان دەوڵەتی تورکیا و پەکەکە کاریگەری ئەرێنی لەسەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان نەبووە. وەک ڕوون دەبێتەوە، ئێران ئامادەیە پەیوەندییەکی هاوشێوەی پەیوەندییەکای نێوان “پەکەکە ـ دەوڵەتی تورک”، لەگەڵ لقی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی پەکەکە، واتە پژاک، دابمەزرێنێت. بە واتایەکی تر ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەبێتە قوربانیی نەبینراوی ئەم پرۆسەیە.
بارودۆخی ڕۆژئاڤا لە پرۆسەکەدا:
ئێمە گرنگترین خاڵمان بۆ کۆتایی بەجێهێشت. چونکە ئەم بەناو “پرۆسە”یە لە ڕاستیدا مەبەست لێی ڕێگریکردنە لە بەدەستهێنانی قەوارە و ستاتۆیەکی ئیداری و سیاسی کوردەکان لە ڕۆژئاڤای کوردستاندا. بەڕێکەوت نییە کە دەوڵەتی تورکیا هەر لەو ساتەدا کە خەریک بوو ڕژێمی ئەسەد بڕووخێت، ئۆجەلانی هێنایەوە ناو گۆڕەپانی سیاسییەوە. ئۆجەلان لە سەنگەری دوژمندا لە دژی دەستکەوتەکانی ڕۆژئاڤا هەڵوێستی گرت. ئەمەش سەروەریی کوردی لە ڕۆژئاڤای کوردستان لاواز کرد. لە کاتی ڕووخانی ڕژێمی ئەسەددا بۆشاییەک دروست بوو کە کورد دەیتوانی زیاتر سوودمەند ببێت. دەوڵەتی تورکیا بە ئەنقەست ئۆجەلانی لە گۆڕەپانی سیاسیدا زەق کردەوە و لەژێر ناوی “ئێمە چارەسەری دەکەین، زۆری نەماوە و هو” کوردانی ڕۆژئاڤای بەرەو شکست پاڵ پێوەدەنا. ئۆجەلان وەک نوێنەری دەوڵەتی تورک دەستوەردانی لە ڕۆژئاوای کوردستاندا کرد. لەو کاتەدا ئەحمەد شەرع، ئەندامی پێشووی قاعیدە بە ئەنجامدانی چەندین ڕێککەوتنی ئابووری، شەرعیەتی بە خۆی بەخشی. لە ڕاستیدا دوایین کۆبوونەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان، شەرعیەتی شەرعی وەکوو سەرۆکی سووریا پشتڕاستکردەوە.
لە ئەنجامدا، سەروەری کورد لە ڕۆژئاڤا، بەراورد بە ساڵێک لەوەپێش، لاوازتر بووە.
دەوڵەتی تورک هەوڵ دەدات دەستکەوتەکانی کورد لەوێ مینیمالیزە بکات.
واتە لە کاتێکدا دەوڵەت و پەکەکە سەرقاڵی “ئازادی ئۆجەلان و دیدارەکەی لەگەڵ کۆمیسیۆن و شانۆی سووتاندنی چەک” بوون، نەتەوەی کورد لە ڕۆژئاڤا هێدی هێدی بەرەو شکستهێنان پاڵیان پێوەنرا.
کۆکردنەوەی ئەوەی “لە ماوەی ساڵێکدا ڕوویانداوە” بۆ چوار پارچەی کوردستان، بەکورتی مانای ئەمەیە. بەم پڕۆسەیە، ئەوەی کە لە دەستی نەتەوەی کورددا ماوەتەوە، “سفر”ی ڕووتە، واتە کورد هیچی بەدەست نەهێناوە.
بەڵام بۆ تورکیا ڕەوشەکە وەها نەبوو. ڕەنگە ئەردۆغان سەرکەوتنێکی زۆر گەورەی بەدەست نەهێنابێت کە خۆی دەیهەویست، بەڵام ئۆپەراسیۆنێکی دژ بە ئۆپۆزسیۆنی ناوخۆیی بە سەرکردایەتی جەهەپە دەستپێکرد و ڕکابەرە بەهێزەکەی بۆ پێشبڕکێی “سەرۆکایەتی” تورکیا، واتە “ئەکرەم ئیمامۆغلۆ”ی لە مەیدان وەدەرنا.