ئایا عەبدوڵڵا ئۆجەلان ئازادکردنی سەلاحەدین دەمیرتاش قبووڵ دەکات؟

ئایا عەبدوڵڵا ئۆجەلان ئازادکردنی سەلاحەدین دەمیرتاش قبووڵ دەکات؟

دەمیرتاش بە بڕیاری هاوبەشی ئۆجەلان-پەکەکە و ئەردۆغان-ئاکەپە دەستبەسەر کرا.

✍️ بەدرەدین کۆچگری

پێشبینی دەکرێت کە لە ڕێکەوتی 8ی جووتمانگدا، سەلاحەدین دەمیرتاش ئازاد بکرێت. بەپێی بانگەشەکان، حکومەت دژایەتی ئازادکردنی دەمیرتاش ناکات. هەربۆیە پرسیارێک دێتەئاراوە کە ئایا عەبدوڵا ئۆجەلان ئازادکردنی دەمیرتاش قبووڵ دەکات؟

بە پشتبەستن بە بڕیارێکی پێشووی دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا، بابەتێک سەبارەت بە ئازادکردنی دەمیرتاش لە 8ی ئۆکتۆبەردا لەئارادایە. ماوەیەکی کەم لەمەوبەر، ئەندامانی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەپەرست (مەهەپە)، ڕایانگەیاندبوو کە پێویستە تورکیا بڕیارەکەی دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا سەبارەت بە دەمیرتاش جێبەجێ بکات. بە واتایەکی تر مەهەپە دژی ئازادکردنی دەمیرتاش نییە. بەگوێرەی ئەو ڕاپۆرتەی کە لەم ڕۆژانەدا لە کەناڵی “ODA tv” بڵاوکرایەوە، ئەردۆغان و دەوڵەتی تورکیا دژایەتی ئازادکردنی دەمیرتاش ناکەن. بە واتایەکی تر ئەگەری زۆرە کە دەمیرتاش لە ڕێکەوتی 8ی ئۆکتۆبەر ئازاد بکرێت.

بەڵام لێرەدا پرسیارێکی گرنگ هەیە: “ئایا عەبدوڵڵا ئۆجەلان ئازادکردنی دەمیرتاش قبووڵ دەکات؟” زیندانیکردنی دەمیرتاش تەنیا بڕیاری دەوڵەتی تورک یان ئەردۆغان نەبوو. دەمیرتاش بە بڕیاری هاوبەشی ئۆجەلان-پەکەکە و ئەردۆغان-ئاکەپە دەستبەسەر کرا. ئەمە ڕاستییەکەیی حاشاهەڵنەگرە و ئەگەر لە ئێستادا دەمیرتاش ئازاد بکرێت دیسانەوە بە ڕەزامەندی هاوبەشی ئەردۆغان و ئۆجەلان دەبێت. دەمیرتاش لە سەرەتای پێڤاژۆدا لە ساڵی 2012، کاردانەوەی ئەردۆغان و ئۆجەلانی کێشابووە سەر خۆی.

قسەکانی دەمیرتاش کە گوتبووی “ناهێڵین تۆ ببیت بە سەرۆک”، ئەردۆغانی بە توندی تووڕە کردبوو.

بەڵام مەسەلەکەی ئۆجەلان جیاواز بوو. ئۆجەلان ئامادە نیە کە هەبوونی کەسایەتییەکی کاریگەر و کاریزماتیک لە سیاسەتی کوردیدا، چ لە ڕووی سیاسی و چ لە ڕووی مەعنەوییەوە قبووڵ بکات. ئۆجەلان خاوەن مێژوویەکی 50 ساڵەیە کە تێیدا سەرجەم ڕکابەرەکانی خۆی کوشتوون و ڕێگەی نەداوە کە هیچ کەسێکی کاریگەر لە ناو پەکەکەدا بە زیندوویی بمێنێتەوە. دوای ئەوەی سەڵاحەدین دەمیرتاش لە ساڵی 2009دا لە مەیدانی سیاسەتدا ناوبانگی دەرکرد و بەرجەستە بوو، سەرەتا ئۆجەلان دەستی بە چاودێریکردنی دەمیرتاش کرد و مەراقی ئەوە بوو کە ئایا دەمیرتاش دەبێتە ڕکابەری ئەو یان نا؟

بۆ دڵنیابوون لە کشانەوەی دەمیرتاش لە گۆڕەپانی سیاسەتدا، ئۆجەلان هەوڵیدا کە لە ساڵی 2012دا دەمیرتاش لەگەڵ گولتەن کشاناک ببێتە هاوسەرۆکی شارەوانیی ئامەد. بەڵام دەمیرتاش نەکەوتە ئەو داوەوە.

ئۆجەلان لە کۆنگرەی هەدەپەدا کە لە 22ی حوزەیرانی 2022دا بەسترا، هەوڵیدا ڕێگری لە دەمیرتاش بکات کە ببێتە سەرۆک، بەڵام دەمیرتاش بە هاوکاری لایەنگرانی ئەم بەربەستەشی تێپەڕاند.

لە ڕوانگەی ئۆجەلان و دەوڵەتی تورکەوە، دەمیرتاش هێڵەکەی بەزاندبوو و دەبوا ڕایبگرن. هەر بۆیە دەستبەسەرکرا.

ڕووداوێکی زۆر سەرنجڕاکێش هەیە کە ئەمڕۆکە هیچکەس باسی ناکات و ئەویش ئەوەیە کە: لە ڕێکەوتی 4ی مژداری 2016دا، واتە ئەو ڕۆژەی کە دەمیرتاش دەبرێتە زیندان، تەقینەوەیەکی گەورە لەسەر ڕێگای بنکەی پۆلیسی تورکیا و لەو ناوچەیە ڕوویدا کە دەمیرتاش پێیدا تێدەپەڕی. لە تەقینەوەکەدا 11 کەس کوژران، بەڵام دەمیرتاش لە مردن ڕزگاری بوو. ئەوەی جێگای سەرسوڕمانە، یەکینەی Tak (تاک) کە سەر بە پەکەکەیە، بەرپرسیارێتی ئەو چالاکییەی لە ئەستۆ گرت. هەرگیز ڕاستی ئەم تەقینەوەیە نەزانرا.

تەنانەت دوای دەستبەسەرکردنی دەمیرتاشیش، زۆر هەڵوێست بۆ دوورخستنەوەی لە گۆڕەپانی سیاسەتدا گیرانەبەر.

دەمیرتاش لە هەموو کەس باشتر هەموو ئەم پرۆسانە دەزانێت و لە ڕاستیدا دەمیرتاش نامەی بۆ ئەردۆغان و ئۆجەلان نووسی و تەسلیمبوونی خۆی ڕاگەیاند. دەمیرتاش گوتی “پاشناوی ئێمە تورکیەییە” و لە هەمبەر ئەردۆغاندا ملی کەچ کرد. بەڕای من عەبدوڵڵا ئۆجەلان زیاتر لە ئەردۆغان دژی ئازادکردنی سەلاحەدین دەمیرتاشە.

لە کۆتاییدا لە 8ی ئۆکتۆبەردا دەبینین کە ئایا ئەردۆغان و ئۆجەلان کە وێکڕا بە گرتنیان داوە، ڕێگەی پێدەدەن ئازاد بکرێت یان نا.

پوستێن ھەمان بەش