ناوەڕۆکی نامەکەی ئۆجەلان بۆ نەتەوەی کورد لە ڕۆژئاڤای کوردستان، بە واژۆی دەوڵەتی قووڵی تورک نووسراوە و لە ڕێگەی میتەوە رەوانەکراوە.
✍️ سمکۆ عەبدولعەزیز
یاڵچین کوچوک کە یەکێکە لە داڕێژەرانی سیاسەتی تورکیا لە ناو دەوڵەتی قووڵی تورکدا، بە گەورەترین مامۆستای سیاسی ئۆجەلان دادەنرێت. ئۆجالان خۆی زۆر جار دانی بەوەدا ناوە کە یەکێکە لە خوێندکارەکانی یاڵچین کوچوک و زۆری شانازی پێوە دەکات. یاڵچین کوچوک لە زۆرێک لە چاوپێکەوتنەکانیدا ڕایگەیاندووە کە دەبێ دەوڵەتی تورکیا خەڵاتی کەمال ئەتاتورکی پێبدات، چونکە توانیویەتی پرسی کورد لە شەخسی ئۆجەلاندا قەتیس بکات ئەمڕۆکە ئۆجەلان یەکێک لە چالاکە سەرەکییەکانی کارکردنە دژی دەوڵەتی کوردی و بە هەموو شێوەیەک دژایەتی هزری بارزانیزم و کەسایەتی مەسعوود بارزانی و جەلال تاڵەبانی و هەرێمی کوردستان دەکات.
لە قۆناخی ئێستادا یاڵچین کوچوک بووەتە ڕێنیشاندەری پەکەکە، بەڵام نەیتوانیوە هەمان ڕۆڵ لە بزووتنەوە ڕزگاریخوازانەکانی کورد لە سێ پارچەکەی دیکەی کوردستاندا ببینێت.
ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەماوەی 30 ساڵی ڕابردوودا گۆڕانکاریی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە و گۆڕانکارییەکان هێشتاش بەردەوامن.
ڕۆڵی بزووتنەوەی سیاسی کورد لە هەردوو پارچەی کوردستان، “باشوور و ڕۆژئاڤا”، بەرەو ئاسۆی گەشاوەتر دەڕوات و گەشاوەبوونی ئەو ئاسۆیە بۆتە مەترسییەک بۆ سەر دەوڵەتی تورک.
دەوڵەتی تورک و بەتایبەتی دەوڵەتی قووڵی تورکیا، هەستی بەم مەترسییە کردووە و هەر بۆیە هەوڵ و چالاکییەکی ئیستیخباراتیی دەستپێکردووە بۆ ئەوەی کە چەخماخەی گەشانەوەی پارتە سیاسییەکانی باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان، بکووژێنێتەوە.
تورکیا لەئێستادا ئەم هەوڵانەی خۆی لەدەست یاڵچین کوچوک دەرهێناوە، چوونکە ئەو ناتوانێ لەو دوو پارچەیدا ڕۆڵی خۆی بگێڕێت و هەربۆیە تورکیا ئەم ڕۆڵەی بە شاگردەکەی یاڵچین کوچوک، واتە عەبدوڵڵا ئۆجەلان داوە.
پلانێک بۆ ئۆجەلان دانراوە و بە جێبەجێکردنی ئەو نەخشەڕێگایە ئەرکدار کراوە. ئەم نەخشەڕێگایە لە ساڵی 1991ـەوە دەستیپێکردووە و هەتا ئەمڕۆکەش بەردەوامە.
گرنگترین قۆناغەکانی جێبەجێکردنی ئەم پلانە:
یەکەم ـ ئۆجەلان هەموو توانا “تیۆری، میدیایی، سەربازی، ئابووری و سیاسی”یەکانی پەکەکەی بۆ جێبەجێکردنی ئەم ستراتژییە خستۆتەگەڕ بۆ ئەوەی کە بە هیچ شێوەیەک ڕێگا نەدات کە گەلی کورد لە باشووری کوردستان لە سەرخستنی پرۆژە نەتەوەییەکانیاندا سەرکەوتوو بن. بەڵام بەخۆشحاڵییەوە ئۆجەلان لە پرۆژەکەیدا شکستی هێناوە.
دوای شکستی ئۆجەلان لە هەمبەر باشووری کوردستان، سزای زیندانیکرانی بۆ بڕایەوە و لە زیندانی ئیمرالیدا جارێکی دیکە بەپێی داواکارییەکانی دەوڵەتی تورک پەروەردە کرا.
دۆخی ناوخۆیی تورکیا بە هۆی کێبڕکێی سیاسی ناوخۆیی و دەرەکییەوە خەریک بوو لە ڕووی سیاسییەوە بەرەو لاوازی دەچوو. ئەم لاوازییە کەشێکی دروستکرد کە ئەگەر هەر گۆڕانکارییەک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕووبدات، دەوڵەتی تورک یەکێک دەبێت لەو یەکەم وڵاتانەی کە بڕووخێت و هەڵبوەشێتەوە.
لەبەر ئەمانە و چەندین هۆکاری تر، جارێکی دیکە ئۆجەلان ئەرکی گۆڕینی پرسی نەتەوەیی کورد بۆ پرسی دیموکراسی گەلی پێ ئەسپێردرا. ئۆجەلان لە م ئەرکەیدا تا ڕادەیەک سەرکەوتنی بەدەستهێنا و توانیویەتی تا ڕادەیەک ئەمڕۆکە پپرسی کورد بگۆڕێت و بیکات بە پرسێکی سۆسیۆلۆژی. هەکات کە نەتەوەیەک پرسێکی نەتەوەیی نەبێت، وات پێویستیی بە هەبوون چەک و بەرخۆدان نییە و دەبێت گەریلا چەکی بەرخۆدان بسوتێنێت.
دووەم ـ دەوڵەتی قووڵی تورکیا هەستا پرۆژەیەکی ئامادە کرد بۆ چۆنیەتی گۆڕینی دەستووری بنەڕەتیی تورکیا و چەندین یاسای پێشوەختەی دانا و لێژنەیەکی سێ قۆڵیی بە سەرۆکایەتی کەماڵ کلچدارئۆغڵو و ئەندامەتی هەریەک لە ئەردۆغان و ئۆجەلان ئەرکدار کرد.
ئەم لیژنەیە بەرنامەیەکی لەسەر بنەمای فەلسەفەی (پشیلە و مشک و خاوەن خانوو) دانا. لەم پڕۆژەیەدا بەمشێوەیە ئەرکەکان دابەشکران:
1ـ ئۆجەلان بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و چەکدانانی گەریلا بدات.
2ـ ئەردۆغان هەوڵی گۆڕینی چەند یاسایەک و پڕۆژەیەکی هەموارکردنەوەی دەستوور بدات (بە بیانووی هەڵوەشانەوەی پەکەکە و چەکدانانی پەکەکە)، بەڵام لە بنەڕەتدا بۆ ئەو مەبەستە نابێت بەڵکوو بۆ بەهێزکردنی دەوڵەتێکی بەهێزی نەتەوەیی تورک دەبێت لە تورکیادا.
3ـ پێویستە قلیچدارئۆغڵو ڕۆڵی مەسیح ببینێت بۆ کردنەوەی ڕێگای نەتەوەیی تورکیا.
ئەم پڕۆژەیە لە ئێستادا بە خێراییەکی زۆر کاری لەسەر دەکرێت تاوەکوو بە ئەنجامی بگەیەنن پێش ئەوەی کە باهۆزی گۆڕانکارییەکان تورکیا دابگرێت.
سێهەم: ڕۆژئاوای کوردستان دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد لە سووریا بووەتە هەڕەشەیەکی گەورە بۆ سەر دەوڵەتی تورکیا و ئەمڕۆکە زۆربەی دەزگا هەواڵگرییەکانی وڵاتانی زلهێز و بەتایبەتی ئەمریکا و ئیسرائیل، لە سووریادا ڕۆڵیان هەیە. ئەوان ڕۆڵێکی سەرەکی و ستراتژیک دەگێڕن بۆ ئەوەی کە سووریا بخەنە ناو پرۆژەی ئیبراهیمی و کوردەکانی ڕۆژئاواش بوونەتە ئامرازێکی سەرەکی و گەورە بۆ جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیە.
دەوڵەتی قووڵی تورک ئەم پڕۆژەیە بە مەترسیدار دەزانێت، بۆیە ڕاستەوخۆ بە شێوازی سەربازی و ئابووری و سیاسی، پەلاماری گەلی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان دەدات و لە دژیان ڕادەوەستێت تاوەکوو کوردانی ڕۆژئاڤا خۆیان لەناو دەوڵەتی سووریادا بتوێننەوە و دەستبەرداری مافە نەتەوەیی و یاساییەکانیان بن. بەڵام بە خۆشحاڵییەوە تا ئێستا سەرکەوتوو نەبووە.
دوای ئەوەی کە تورکیا لە بەرامبەر هێزە سیاسی و سەربازییەکانی کوردانی ڕۆژئاڤا، شکستیهێنا، قۆناغی دووەمی دژایەتیکردنی لەگەڵ گەلی کورد لە ڕۆژئاوی کوردستان دەستپێکرد. کاتێک دەبینێت کە گەلی کورد لە ڕۆژئاڤا ڕۆژبەڕۆژ زیاتر لە سیاسەتوانەکانی باسووری کوردستان نزیک دەبنەوە و ڕوانگەیەکی ئەرێنییان لەسەر ئەزموونی حوکمڕانیی باشووری کوردستان هەیە و دەیانهەوێت لە ڕۆژئاواش هەمان قەوارە و داخوازیی دەستەبەر بکەن بەدیبهێنن و بە ئاشکرا داوای دەوڵەتی فیدراڵی لە سووریا و چەسپاندن و مسۆگەربوونی مافە نەتەوەییەکانی کورد لە دەستووری داهاتووی سوریادا دەکەن.
کوردانی ڕۆژئاڤا بە گرتنەبەری ئەم ڕێبازە، لە خەباتی سیاسیدا گەشە دەکەن و ئەم گەشەسەندنەش لە ڕوانگەی دەوڵەتی قووڵی تورکەوە وەک مەترسییەکی گەورە سەیر دەکرێت. دەرئەنجامی ئەم مەترسییەی دەوڵەتی تورکیاش بووەتە پاڵنەر بۆ ئەوەی کە بێن و ئۆجەلان لە مەسەلەی ڕۆژئاڤای کوردستاندا ئەرکدار بکەن.
بۆ بەجێگەیاندنی ئەم ئەرکە، ئۆجەلان بە ڕەزامەندی دەوڵەتی قووڵی تورک نەخشەڕێگایەکی ئامادە کردووە:
یەکەم: کاتێک شاندی دانوستانکاری پەکەکە سەردانی ئۆجەلانی لە ئیمرالی کرد، ئۆجەلان سەبارەت بە پرسی کورد لە ڕۆژئاڤا پێی گوتن کە لەئێستادا هەسەدە کەوتۆتە ژێردەست ئیسرائیل و زۆر ئەستەمە کە بتوانن لە دەستی ئیسرائیلییەکان ڕزگارییان بێت. بۆ ڕزگارکردنی هەسەدە لەم خیانەتە، پێویستە ئێمە کارێکی گەورە بکەین. ئەم قسانە و چەندین لێدوانی تر لەلایەن میتەوە بە شێوەیەکی شارەزایانە لە میدیاکانەوە بڵاوکرانەوە. بەشێک لە ئامانجەکەی میت لە بڵاوکردنەوەی ئەو قسانەی ئۆجەلان ئەوە بوو کە خەباتی سیاسیی هەسەدە لە زاری ئۆجەلانەوە بە خیانەت پیشان بدەن.
دووەم: ئۆجەلان نامەیەکی بۆ هەسەدە نارد و ناوەڕۆکی نامەکەی ئەوە بوو کە وەک پێویستییەک داوای لە هەسەدە کردبوو تا خۆی تەسلیمی دەوڵەتی سووریا بکات و بۆ ئەم مەبەستەش وەکوو هەمیشە چەندین شرۆڤە بێ بنەما و سەفسەتەبازیی لەسەر نەتەوەییبوون و خۆسەری کوردان هێنابووە ئاراوە.
واتە بەکورتی ناوەڕۆکی نامەکەی ئۆجەلان بۆ نەتەوەی کورد لە ڕۆژئاڤا، بە واژۆی دەوڵەتی قووڵی تورک نووسراوە و لە ڕێگەی ئیستیخباراتی تورکیا (میت)ـەوە رەوانەکراوە.