کەجەکە سووکایەتی بە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکات

کەجەکە سووکایەتی بە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکات

سەرۆکی هەرێمی کوردستان کە لە لایەن هەموو وڵاتانی جیهان و سەرکردەکانیانەوە دانپێدانراوە، کەچی پەکەکە نایهەوێ دانیپێدا بنێت.

کەجەکە لە ڕێکەوتی 10ی ئۆکتۆبەردا بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و تیایدا سووکایەتی بە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کردووە. کەجەکە لە بەیاننامەکەیدا، پلەی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی بۆ نێچیرڤان بارزانی لەبەرچاو نەگرتووە و تۆمەتباری کردووە بەوەی کە بە زمانی دەوڵەتی تورک قسە دەکات.

لەسەر ڕۆژئاڤا، نێچیرڤان بارزانی لەهەمبەر تورکەکاندا هەڵوێستی جیددی گرتەبەر

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە 8ی ئۆکتۆبەری 2025دا لە دیداری مێری لە هەولێری پایتەخت وتارێکی پێشکەش کرد کە بەشێکی زۆری وتارەکەی سەبارەت بە پرسی ڕۆژئاڤای کوردستان بوو. سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە وتارەکەیدا دژایەتی خۆی بۆ پێشنیازی چەکدانانی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک (هەسەدە) دەربڕی و پێشنیاری سووریایەکی نامەرکەزی کرد کە کورد و هەموو پێکهاتەکانی دیکە لەخۆ بگرێت. نێچیرڤان بارزانی لە وتارەکەیدا هەڵوێستی هەرێمی کوردستانی سەبارەت بە ڕۆژئاوای کوردستان ڕوونکردەوە. ئەم وتارە پەیامێکی گرنگ بوو، بەتایبەت بۆ تورکیا و هەموو ئەو هێز و لایەنانەی کە دژایەتیی ڕۆژئاڤای کوردستان دەکەن.

سەرۆکی هەرێم هەروەها لە وتارەکەیدا سەرنجی خستە سەر پرۆسەکەی نێوان باخچەلی و ئەردۆغان و ئۆجەلان و ڕایگەیاند کە هەڵوێستی ئۆجەلان ڕوونە و پێویستە پەکەکەش هەنگاوی خێرا بنێت.

بەڕێوەبەریی کەجەکە بە ئەنقەست هەندێک لێدوانی لە وتارەکانی نێچیرڤان بارزانی هەڵبژاردووە و ئیدیعای ئەوەی کردووە کە پەکەکە هەموو هەنگاوە پێویستەکانی ناوە و تا ئەو کاتەی کە عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە ڕێکەوتی 9ی ئۆکتۆبەری 1998دا دیمەشقی بەجێهێشت، ئەم لێدوانانەی نێچیرڤان بارزانی زۆر مانادار بوون و بە ئەنقەست ئەو لێدوانانەی داوە. واتە بە گوتەی کەجەکە، نێچیرڤان بارزانی دانیشت و بیری لەوە کردەوە کە من لە ساڵڕۆژی ڕۆیشتنی ئۆجەلان لە دیمەشق، دەتوانم چ شتێکی خراپ بڵێم یان لاتاوێک بە ئۆجەلان و پەکەکەدا بدەم. بەڵام لە ڕاستیدا ئەم خوێندنەوە و شرۆڤەیەی کەجەکە ڕێک وەک گاڵتەجاڕی منداڵانە وایە.

نێچیرڤان بارزانی کەمی گوتووە

شرۆڤەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان زۆر ڕاستن، نەک هەر ڕاستن بەڵکوو کەمیشی گوتووە. پەکەکە گۆیا خۆی هەڵوەشاندۆتەوە، بەڵام لە کردارەکانیدا هیچ گۆڕانکارییەکی نەکردووە، تا ئێستاش لە چیاکانی هەرێمی کوردستان خاڵی پشکنینی دادەنێتەوە و ناسنامەی خەڵکی ناوچەکە کۆنترۆڵ دەکات سەنگەر و تونێلی نوێ دروست دەکات. هێشتا لەبەر پەکەکە خەڵک ناتوانن بچنەوە سەر مەزرا و زێد و خاک و گوندەکانی خۆیان، باشە کە ئێوە خۆتان هەڵوەشاندۆتەوە و خەباتی چەکداریتان ڕاگرتووە، بۆچی بە زەبری چەک خۆتان لە سەر پشتی خەڵکی هەرێمی کوردستان جێگیر دەکەن.

مادام ئێوە تەنانەت لەسەر چۆنیەتی دانانی چەکەکان ڕێکنەکەوتوون، بۆچی بەپەلە خۆت هەڵوەشاندەوە، واتە ئایا تەنها ناوی پەکەکە دەخەنە لایەک و بە ڤێرژنێکی نوێیەوە پەتی خۆتان لە گەردەنی گەلی کورد دەئاڵێنن؟!

مادام ئێوە شەڕی چەکداریتان ڕاگرتووە (جەمیل بایک ماوەیەک پێش ئێستا هاتەو سەر شاشەکان و وتی ئەگەر پڕۆسەکەش شکست بهێنێت، ئێمە تازە درێژە بە شەڕی چەکداری دژی دەوڵەتی تورکیا نادەین)، بەو پێیەی کە ئێوە جارێکی تر چەک لە دژی دەوڵەتی تورکیا بەکارناهێنن، بۆ دەبێت هێزە چەکدارەکانتان لە گارە و مەتینا و زاپ بمێننەوە؟!

لە هەر لایەکەوە لە مەسەلەکە نزیک ببیتەوە، دەبینیت کەموکووڕیەکی زەق لە جێبەجێکردنی ئەم پڕۆسەیەدا هەیە، یارییەک و شانۆیەکی تێدا هەیە. واتە، بە کورتی نێچیرڤان بارزانی ڕاستی کردووە، تەنانەت ئەگەر بە هۆکاری سیاسی و دیپلۆماسییەوە کەمیشی گوتبێت، پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) هەر لە سەرەتای پڕۆسەکەوە لەسەر پرسی چەکدانانی پەکەکە و هەڵوەشانەوەی پەکەکە، زۆر شەفاف بووە. پەدەکە بۆ ئەوەی ئەم پرۆسەیە بەبێ کێشە تێپەڕێت، هەرچی لە توانایدا بووە کردوویەتی و درێخیی نەکردووە. بەڵام پەکەکە بۆ تاقەیەکجاریش سپاسی پەدەکە و هەرێمی کوردستانی نەکردووە. چ جای سوپاسگوزاری، باسی لە ڕۆڵی ئەوانیش نەکردووە، تەنانەت هەوڵیداوە کە ڕۆڵی ئەوان بشارێتەوە. ئەمەش لەلایەک، پەکەکە وردە وردە لە هێرشەکانی دژ بە پارتی دیموکراتی کوردستان و بزاڤی بارزانی بەردەوام بووە. تەنها دوو سێ ڕۆژ لەمەوبەر لە شنگال ڕێپێوانێکیان ئەنجامدا و وێنەی سەرۆک بارزانی لە خوێنیان بە ڕوویەوە دابوو، لە پێشوەی ڕێپێوانەکەدا بەرزکردبۆوە، کە ئەمەش خۆی لە خۆیدا دوژمنایەتییە.

پەکەکە بە بەڕێوەبەریی هەرێمی کوردستان و پەدەکە دەڵێ، من سوود لە هەموو دەستکەوتە دیپلۆماسی و سیاسی و ئابوورییەکانتان وەردەگرم، کاتێک تووشی کێشە بووم ڕوو لە ئێوە دەکەم و داوای هاوکاریتان لێدەکەم، تەنانەت ئەگەر پێویست بکات ئێوە دەبێ من لەسەر پشتی خۆتان هەڵبگرن، بەڵام نابێت یەک وشەشم لەسەر بڵێن و ڕەخنەم لێبگرن.

بۆچی پەکەکە پلەکەی نێچیرڤان بارزانیی بەکارنەهێنا؟

ڕاگەیاندراوەکەی کەجەکە، پلەی بەسێ هۆزات و هەموو کەسێکی دیکەی بەکارهێناوە، بەڵام پلەی نێچیرڤان بارزانی نەهاتووە. ئەم مامەڵەکردنە پەیوەندیی بە کەسایەتی نێچیرڤان بارزانییەوە نییە، ئەم مەسەلەیە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە پەکەکە ئامادە نیە دان بە قەوارەی هەرێمی کوردستان و حکوومەتە سیاسی و ئیدارییەکەیدا بنێت. هەروەک چۆن هەموو داگیرکەران دەڵێن کورد توانای هیچی نییە و چاویان بە ڕووی دەستکەوتەکانی کورد و کوردستاندا هەڵنایەت، پەکەکەش لەسەر هەمان هێڵ، هەڵوێستی گرتووە.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان کە لە لایەن هەموو وڵاتانی جیهان و سەرکردەکانیانەوە دانپێدانراوە، پەکەکە نایهەوێ دانی پێدا بنێت. ئایا ئەم هەڵوێستە خۆی لە خۆیدا دوژمنایەتی نییە؟ ئایا ڕاوەستان لەسەر هێڵی داگیرکەران نیە؟ ئەم هێرشەی کەجەکە هیچ سنوورێک ناناسێت و دوژمنکارانەیە. بێگومان هۆکارە سەرەکییەکەی بۆ کاراکتەر و سیاسەتی پەکەکە دەگەڕێتەوە. بەڵام لە لایەکی دیکەشەوە هەڵوێستی میدیا و ڕۆشنبیرانی هەرێمی کوردستان، ناوەڕۆکی ڕاستەقینە و هەقێقەتی ئەو شتەیان بە باشی ئاشکرا و شی نەکردۆتەوە کە پێی دەڵێن پرۆسە (پێڤاژۆ) و لە نێوان تورکیا و پەکەکە لەئارادیە.

لەسەر ئەم خاڵە دەتوانین ڕەخنە لە میدیای ڕووداویش بگرین، چونکە بەرپرسانی پەخش و ئەو کارمەندانەیان کەوا پەکەکەیین، نوێنەرایەتی پەکەکە دەکەن و بە خەتی میدیایی پەکەکە و پڕوپاگەندەکەی، بوونەتە درێژەدەری هێڵی ڕاگەیاندنی پەکەکە و تەنانەت زیاتر لەوانیش. پێشتر هەموو هەوڵیان ئەوە بوو کە وێنایەکی پەک و بێگەرد لە پەکەکە پیشان بدەن، بەڵام ئێستا کە کەجەکە بەیاننامەیەک بڵاو دەکاتەوە و تێیدا سووکایەتیکردن بە نێچیرڤان بارزانی دەکات، ئەوان خۆیان بێدەنگ دەکەن و بایەخ بەو بابەتە نادەن. ئەمەش وایکردووە کە پەکەکە جورئەتی ئەوە بەخۆی بدات کە پەیامی لەو شێوەیە بڵاوبکاتەوە.

Share

پوستێن ھەمان بەش