لە دەنگدانی پێشوەختەدا زیاتر لە 75 ملیۆن دەنگدەر بەشدارییان لە هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی ئەمەریکا کردووە.
ئەمڕۆ سێشەممە 5ی تشرینی دووەمی 2024، هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا بەڕێوە دەچێت و زیاتر لە 186 ملیۆن کەس لەو وڵاتە تۆمارکراون و مافی دەنگدان و بەشداربوونیان لە 60ـەمین هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکادا هەیە.
لەم هەڵبژاردنە وەک هەمیشە کۆمارییەکان و دیموکراتەکان ڕووبەڕووی یەکتر دەبنەوە، دۆنالد ترامپ سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا کاندیدی کۆمارییەکانە و کامالا هاریس جێگری سەرۆکی ئێستای ئەمەریکا کاندیدی دیموکراتەکانە.
لە هەڵبژاردنی پێشوەختە زیاتر لە 75 ملیۆن دەنگدەر بەشدارییان لە هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی ئەمەریکا کردووە و ئەمڕۆ کۆتایی هەڵبژاردنەکە دەبێت بۆ ئەوەی 47ـەمین سەرۆکی ئەمەریکا هەڵبژێردرێت.
کۆماری و دیموکراتەکان، دوو پارتە سەرەکییەی گۆڕەپانی سیاسیی ئەمەریکان، زیاتر لە 170 ساڵە سەرۆکەکانی ئەو وڵاتە لەسەر پشکی یەک لەو دوو پارتە سەرەکییە چوونەتە کۆشکی سپی و تا ئێستاش هەژموونی ئەو دوو پارتە لەسەر سیاسەتی ناوخۆ و دەرەوەی ئەمەریکا بەردەوامە.
پارتی کۆماری ئەمەریکا لە ساڵی 1854 دامەزراوە، تاوەکوو ئێستا 19 کەسایەتی لەسەر پشکی ئەو پارتە بوونەتە سەرۆکی ئەمەریکا.
دیارترینییان، ئەبرەهام لینکۆڵن کە یەکێکە لە دەستەی دامەزرێنەرەکانی پارتی کۆمارییەکان و لە ساڵی 1861 بووە بە یەکەم سەرۆکی ئەمەریکا، هەروا توانیویەتی لە ئەمەریکا کۆتایی بە کۆیلایەتی بهێنێت و لە شەڕی ناوخۆی وڵاتەکەی سەرکەوتن بەسەر کۆنفیدرالییەکان بەدەست بهێنێت.
تیۆدۆر ڕۆزڤێڵت لە ساڵی 1901 وەك گەنجترین سەرۆکی ئەمەریکا لە مێژووی وڵاتەکەدا هەڵبژێردرا، یەکێك لە دیارترین کار و دەستکەوتەکانی بریتیی بوو لە پاراستنی سەرچاوە سروشتییەکان و کۆتایی هێنان بە جەنگی ڕووسیا و ژاپۆن و لە ساڵی 1906، بەمەش خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی پێ درا.
جۆرج بۆشی کوڕ لە ساڵی 2001 بووە سەرۆکی ئەمەریکا و دوای ڕووداوەکانی 11ـی سیپتێمبەر، بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری ڕاگەیاند و ساڵی 2003 ڕژێمی بەعسی عێراقی ڕووخاند.
پارتی دیموکراتەکان کە لە ساڵی 1828 دامەزرا، تا ئێستا 16 سەرۆکی هەبووە و لە ساڵی 1829 ئاندرۆ جاکسن بووە یەکەم سەرۆکی ئەمەریکا لەسەر پشکی ئەو پارتە.
فرانکلن ڕۆزڤێڵت لە ساڵی 1933 بووە سەرۆکی ئەمەریکا و تاکە سەرۆک بووە لە مێژووی ئەو وڵاتە سێ خول واتە 12 ساڵ سەرۆک بوو بێت. یەکێك لە دیارترین دەستکەوتەکانی سەرکردایەتیکردنی وڵاتەکەی بووە لە جەنگی جیهانی دووەم کە تێیدا سەرکەوتوو بووە، هەروەها پەیوەندییەکی دۆستانەی لەگەڵ یەکێتیی سۆڤییەت دروست کرد.
باراک ئۆباما وەك یەکەم ڕەشپێست لە ساڵی 2009 بووە سەرۆکی ئەمەریکا، ساڵی 2014 بە بڕیاری ئۆباما هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ تێکشکاندنی داعش ڕاگەیەندرا.