پوتین فەرمانی دا گۆڕان لە یاسای بەکارهێنانی ئەتۆمیدا بکرێت و بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی پەسەند دەکات.
دوای ئەوەی بەرپرسانی ئەمەریکا پشتڕاستیان کردەوە کە جۆو بایدن، دەسەڵاتی بە ئۆکراین داوە مووشەکی ‘ئەتاکمز’ بەکار بهێنێت، ئاژانسی هەواڵی بلومبێرگ بڵاوی کردەوە “هێزە سەربازییەکانی ئۆکراین یەکەم هێرشیان لە ناوچەیەکی سنووری ناو خاکی ڕووسیا بە مووشەکە دوورمەوداکە کرد.”
لە وەڵامی ئیدارەی جۆو بایدن کە ڕێگە بە ئۆکراین دەدات چەکی دروستکراوی ئەمەریکا بەکار بهێنێت، بەڵگەنامەیەک کە لە ماڵپەڕی حکوومەتی ڕوسیا بڵاو کراوەتەوە، دەریدەخات سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتین ئەمرۆ سێشەممە یاسای بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی پەسەند کردووە.
چەند هەفتەیەک پێش هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا، پوتین فەرمانی دا گۆڕان لە یاسای بەکارهێنانی ئەتۆمیدا بکرێت، بەو مەرجەی کە هەر هێرشێکی ئاسایی بۆ سەر ڕووسیا بە هاوکاری وڵاتێکی خاوەن چەکی ئەتۆمی بکرێت، دەتوانرێت بە هێرشێکی هاوبەش بۆ سەر ڕووسیا هەژمار بکرێت.
لە فەرمانی سەرۆکایەتیدا هاتووە “بە ئامانجی باشترکردنی سیاسەتی ڕووسیا لە بواری خۆپاراستنی ئەتۆمیدا، بڕیار دەدەم بەڵگەنامەیەک کە بناغەکانی سیاسەتی وڵاتی فیدراسیۆنی ڕووسیا لە بواری وەڵامدانەوەی ئەتۆمیدا پەسەند بکەم.”
بڕیارەکە لە ئەمڕۆ سێشەممە، 19ـی ئەم مانگەوە دەچێتە بواری جێبەجێ کردنەوە.
یاساکانی ئەتۆمیی ڕووسیا پشتڕاستی دەکاتەوە، کە سیاسەتی وڵات لە بواری بەربەستدانانی ئەتۆمیدا سروشتێکی بەرگریکارانەی هەیە، هەروەها ڕووسیا هەموو هەوڵێکی پێویست دەدات بۆ کەمکردنەوەی هەڕەشە ئەتۆمییەکان، چەکی ئەتۆمی وەک ئامرازێکی بەرپەرچدانەوە دەبینێت و بەکارهێنانیان بە دواهەمین بژاردە دەزانێت.
ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز بڵاوی کردووەتەوە، بەرپرسانی ئەمەریکا ئاشکرایان کرد کە جۆو بایدن، بۆ یەکەمجار ڕێگەی بە ئۆکراین دا کە مووشەکی دوور مەودا کە لەلایەن ئەمەریکاوە دابینکرابوون بۆ دەستپێکردنی هێرش بۆ ناو ڕووسیا بەکار بهێنێت.
ئاماژەیان پێ دا، پێدەچێت ئەو چەکانە لە سەرەتادا دژی هێزەکانی ڕووسیا و کۆریای باکوور بەکاربهێنرێن بۆ بەرگریی لە هێزەکانی ئۆکراین لە ناوچەی کورسک لە ڕۆژئاوای ڕووسیا.
هەروەها ڕوونیان کردەوە، ڕێگەدان بە ئۆکراینییەکان بۆ بەکارهێنانی مووشەکی دوور مەودا کە بە سیستەمی مووشەکی تاکتیکی سوپای ئەمەریکا یان ATACMS ناسراوە، لە وەڵامی بڕیارە لەناکاوەکەی ڕووسیادا بووە بۆ هێنانی هێزەکانی کۆریای باکوور بۆ ناو شەڕەکە.