ڕاوێژکاری ئەردۆغان: “هەرکات دەوڵەت بە پێویستی بزانێت، کۆبوونەوەی نێوان پارتی دەم و ئۆجەلان بەڕێوە دەچێت”.
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی ئاکەپەدا ڕایگەیاند، ناوچەکە بووەتە گۆلی خوێن و ئەرکی دەوڵەتە کە ڕێگەی جیاواز بدۆزێتەوە. ئەردۆغان دەشڵێت، کاتێک چەکەکان بخرێنە ژێر خاک، ئەوکات پێشی سیاسەت هەتا کۆتایی دەکرێتەوە.
ئەردۆغان گوتیشی: “بە مەرجی پابەندبوونی یاسایی، پێشی سیاسەتی سڤێل دەکرێتەوە. کەس ناتوانێت ڕێکخراوێکی تیرۆریستی دابخات با بۆخۆی سیاسەت بکات. دوای بانگەوازەکەی بەڕێز باخچەلی کە بۆچوونی هاوپەیمانی جومهور دەردەخات، بەڵام لێدوانەکانی قەندیل و دەم پارتی هیوابەخش نین”.
سەرۆککۆماری تورکیا گوتیشی: “ئێمە پێشتریش گوتبوومان کە هەرکات ئێوە چەکەکانتان دانا، ئەوکات ئێمە پیشتان بۆ دەکەینەوە، بەڵام ئەگەر چەک دانەنێن و بۆمب بەتەقێننەوە، دەوڵەت دەستی پێتان دەگات”.
دەشڵێت “ئەو دیوارە تیرۆرە دەڕووخێنین کە دەیانهەوێت لەنێوان تورک و کورددا دروستی بکەن. ئێمە تورکیایەک کە تیرۆر و پاڵپشتیکردنی سیاسەتی تیرۆریستیی تیدا نەبێت، تەسلیمی جیلەکانی داهاتوو دەکەین”.
رەجەب ئەردۆغان ئاماژەی بەوەشکرد کە “لە دەریای ناوەڕاستەوە هەتا سنووری ئێران، هەنگاو بە هەنگاو ڕێڕەوی ئەمنی سنووری باشووری خۆمان بەهێز دەکەین و پرۆژەی تەسفیەکردنی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان بە ئەنجام دەگەیەنین”.
لەلایەکی دیکەوە محەممەد ئوچوم، ڕاوێژکاری سەرۆک کۆماری تورکیا، دوای بانگەوازەکەی دەوڵەت باخچەلی ڕایگەیاند، یان چەک دادەنرێت یان سێبەری سیاسەتی یاساییش لادەبرێت.
ئوچوم هەروەها دەشڵێت: “دەوڵەت بە پێویستی بزانێت، کۆبوونەوەی نێوان پارتی دەم و ئۆجەلان بەڕێوە دەچێت، بەڵام گرینگ ئەوەیە کە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە چی دەبێت؟” هەروەها سیاسەتمەدارانی “پارتی دەم” (DEM)یش سەرنج دەخەنە پارادۆکسەکانی ئەو پرۆسەیە و دەڵین لەلایەک داوا لە ئۆجەلان دەکرێت کە پەیامێک بڵاو بکاتەوە و لە لایەکی دیکەوە گۆشەگیری (تەجرید) بەردەوامە و هەروەها دانانی قەییۆم لە شوێنی سەرۆک شارەوانییەکانی هەڵبژێردراوی خەڵک، لەگەڵ هەولدانی ڕاستەقینە بۆ ئاشتی و چارەسەری، یەکناگرێتەوە و ناگونجێت.